بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، یەکەمین خولی ڕکابەریگەلی پاڵەوانێتی کاراتەی ئازادی ئوورئاسیا لە بەشی پیاوان و ژنان لە ٤ ستایلی کاتا، کۆمیتە، ساباکی و بەرگری کەسێنی لە شاری تەورێزی ئێران بەڕێوە چوو.
لە ئەنجامی ئەو ڕکابەریانە ئومێد سەیفی لە ئاگرکوژێنەوەکانی شاری سنە لە کێشی ٩٠ کیلۆگرام پاش ٤ یاری توانی لە ستایلی ساباکی (کاراتەی ئازاد لە گەڵ فەنگیری و کانسمە و شیمە) دوای بەزاندنی ڕکابەرانی ڕووسی، ئازەربایجانی و ئێرانی توانی میدالیای زێڕینی پاڵەوانێتی ئوورئاسیا بە دەست بهێنێت.
ئەو کاراتەکارە سنەییە تا ئێستا دوو میدالیای زێرێنی ڕکابەریگەلی پاڵەوانی ئاسیای بۆ ساڵی ٢٠١٧ و میدالیای بڕۆنزی ڕکابەرییەکانی جیهانی تاران بۆ ساڵی ٢٠١٥ی لە کارنامەی خۆیدا هەیە.
شایانی باسە لە ئەنجامی پلەبەندیی ڕکابەرییەکانی پاڵەوانی ئوورئاسیا هەڵبژاردەی نەتەوەیی ئێران لە پلەی یەکەم، ڕووسیا لە پلەی دووهەم و کۆماری ئازەربایجان لە پلەی سێهەمدا وەستان.
Your Comment