بەرجام لە ساڵی ٢٠١٩ بە تاڵە موویەک بەندە

باڵوێزی ئێران لە یەکێتی ئەورووپا لە یادداشتێکدا ڕایگەیاند: بەرجام بە تاڵە موویەک بەندە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پەیمان سەعادەت باڵوێزی ئێران لە یەکێتی ئەورووپا لە یادداشتێکدا بۆ یۆرۆنیووز نووسی: لە ساڵی ٢٠١٩ بەرجام بە تاڵە موویەک بەندە.

باڵوێزی ئێران لە یەکێتی ئەورووپا لەو یادداشتەدا بە ئاماژە بە دەرچوونی نایاسایی پریزیدێنت ترامپ لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە ٨ی مانگی مەی ٢٠١٨، بیری هێنایەوە: لەو کاتەدا رێبەرانی ئەورووپی بە شێوەی دووفاقە داواین لە ئێران کرد کە لە بەرامبەر ئەو کارەی ئەمریکا لە بەرجام بمێنێتەوە. حەوتەیەک دواتر ڕاپۆرتێک لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە ئێران لە لایەن نوێنەری باڵای یەکیتی ئەورووپا لە ٩ بەشدا بۆ "مسۆگەر کردنی رێگەچارەی کردەکی لە حەوتەکانی داهاتوو" ئامادە کرا و ڕاگەیێندرا.

ناوبراو باسی لەوەش کرد: ئەو ڕاپۆرتە وێرای داکۆکی لە پرس و بابەتە جۆراوجۆرەکان، جەختی لە پاراستن و پەرەدان بە پەیوەندییە ئابوورییە لە گەڵ ئێران، درێژەی ڕەوتی فرۆشیاری نەوت و گازی ئێران، پەیوەندی بانکیی کارامە و ڕێخۆش کردن بۆ تەرخانی گۆژمەی پێویستی هەناردە و میکانیزمەکانی بانکی، بیمە و بوارەکانی بازرگانی کرد بوو.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە بڕگەی دووهەمی یادداشتەکانی ڕایگەیاند: پاش دانیشتنی ئەنجومەنی کاروباری دەرەکیی یەکێتی ئەورووپا لە بەرواری ١٠ی دیسامبێر، نوێنەری باڵای یەکیتی ئەورووپا سەبارەت بە کاری هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە وتبووی کە دەبێ میکانیزمێکی تایبەتی (SPV) وەک دەزگایەک بۆ وەلاوەنانی گەمارۆکانی ئەمریکا لە ماوەی چەند حەوتەی داهاتوو بکرێتەوە و تا بەر لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ رێگەیەک بۆ پاراستنی بازرگانیی ڕەوا لە ئێران بدۆزرێتەوە و تۆکمە بکرێت.

پەیمان سەعادەت بە ئاماژە بە پشت‌راست کرانەوەی پابەندیی ئێران بۆ جاری سێزدەهەم لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕاشیگەیاند: بێ شک پابەندبوونی تەواو بە بەرجام چ لە باری تەکنیکییەوە و چ لە باری سیاسییەوە کارێکی ئاسان نییە. هەر بۆیە نە تەنیا  گرووپگەلی سیاسیی چالاک بەڵکوو زۆربەی خەڵکی ئێران لە سەر ئەو بڕوایەن کە مانەوەی یەک لایەنە لە ڕێککەوتنێک کە هیچ دەسکەوتێکی ئابووریی نابێ، جێی پاساودان نییە. ئێران ئێستا لە ژێر دڕندانەترین گوشارە نایاساییەکانی ئابووری و دەروونیی ئەمریکایە، کەچی سەیر ئەوەیە دامودەزگا گشتی و تایبەتەکانی ئەورووپی سەریان بۆ لایەنی پێشێل‌کار (ئەمریکا) دانەواند. ئایا درێژەدان بە مانەوە لە ڕێککەوتنێک کە تەنیا لە بەیاننامەگەلی سیاسیی ئەورووپییەکان لە بەرژەوەندیی ئێرانە، بە سوود و ژیرانەیە؟

ئەو دیپلۆماتی ئێرانییە جەختی کرد: بەرپرسانی ئێرانی تا ئێستا هەمبەر بە دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام، گەڕانەوەی گەمارۆ بەربڵاوەکانی ئابووریی ئەمریکا، درێژەی پیلانەکانی زایۆنی و سعوودی و کەمتەرخەمیی ئەورووپا لە ڕاپەراندنی بەڵینەکانی تاقەت و خۆڕاگریان لەخۆ نیشان داوە. دوژمنی بەرجام هیوادار بوو کە ئێران لە ڕێککەوتن دەچێتە دەرێ و ئەوان لەو رێگەوە بەرەیەکی دژی ئێران پێکدێنن. بەڵام ئەگەر بە ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتن کێشەکانی ئێران وەک خۆی بێت، بێ شک عاقڵانەتر وایە کە رێبەرانی ئێران بەو ڕێککەوتنەدا بچنەوە بە بەراوەرد و ئاستی ئەو زیانەی ئێستا دەیبینن، دان بە خۆدا گرتنی ئێران هەڵەیە و ناچار دەبێ تەواو بژێرەگەلی پاوەجێ و وردبینانە لە بەرچاو بگرێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کرد: بەرجام لە خۆیدا دەسکەوتێکی بردنەوە – بردنەوە بوو، بەڵام بەوەشەوە ناتوانێ ببێتە مایەی بەهرەمەندیی لایەنی پێشێل کار و زیان دیتنی لایەنی بەڵێن‌دار و پابەند بە ڕیککەوتنەکە. نیگەرانیی من ئەوەیە کە هەلومەرجەکە بە بارێکدا دەگەڕێت کە بەرجام بە تاڵە موویەک بەند بێت.

News Code 24032

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 14 =