ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - فاتمه محه‌مه‌دی پوور: دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر عێراق، هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم توانی به باشی به‌ره‌ڕووی ئه‌م تیرۆریستانه ببنه‌وه و له ده‌رنجامدا هه‌موو ناوچه ناکۆکه‌کانیان له ده‌ستی داعش ئازاد کرد. ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌رێم خواستی سه‌ربه‌خۆ بوونی زیاتری هه‌بێت. هه‌ر بۆیه له ۲۵‌ی سێپتامبه‌ری ئه‌مساڵ هه‌رێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له عێراقی به‌ڕێوه برد و ئه‌م بڕیاره‌ش له لایه‌ن حزبه‌کانی کوردستانه‌وه بڕیاری له سه‌ر درا.
ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی عێراق و وڵاتانی جیهان ئه‌نجام بوو. شاره‌زایان له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که ده‌رنجامه‌کانی ئه‌م ڕیفراندۆمه گوشاری زۆر ده‌خاته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان چون وڵاتێک ده‌بێت که له وشکانیدا گیری خواردووه و له ڕووی ژێئۆپۆلیتیکییه‌وه پێگه‌یه‌کی لاوازی هه‌یه، ئه‌ویش له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین که خۆی پڕه له کێشه و ناکۆکی.
هه‌ر له‌مباره‌وه له‌گه‌ڵ ڕیچارد کۆزلاریچ، باڵوێزی پێشووی ئه‌مریکا له ئازه‌ربایجان گفتوگۆمان کردووه که پێشکه‌ش ده‌کرێت:
* ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌ریم له ۲۵‌ی سێپتامبه‌ر به‌ڕێوه چوو، چ کاریگه‌رییه‌کی به سه‌ر هێزه سیاسییه‌کانی ناوخۆی هه‌رێمدا ده‌بێت؟
بۆ من زۆر ئه‌سته‌مه سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی کاریگه‌ری ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر کورده‌کان و هه‌روه‌ها وڵاتانی ناوچه‌که قسه بکه‌م. من له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م که ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ی هه‌رێم و کاتا‌لۆنیا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که که‌مینه ئێتنیکییه‌کان له ناوچه‌که و ئه‌ورووپا زیاتر له دوای سه‌ربه‌خۆیی بن.
* کاردانه‌وه‌ی هێزکانی ناوچه‌که به جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له عێراق چییه؟
من لام وایه، تورکیا له به‌رانبه‌ر جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له عێراق زۆر کاردانه‌وه‌ی هه‌بووه. من به باشی ده‌زانم که تورکیا ڕێژه‌یه‌کی یه‌کجار زۆر کوردی هه‌یه و کێشه‌ی سیاسی ناوخۆیی هه‌یه، به‌ڵام بڕینی هه‌نارده کردنی نه‌وت له ناوچه‌که کوردنشینه‌کانی عێراق نه له سوودی تورکیایه نه له به‌رژوه‌ندی کورده‌کان. له ئێستادا تورکیا ده‌بێت دۆخه‌که ئارام بکاته‌وه و نه‌ک ئه‌وه‌ی ئاڵۆزتری بکات.
* کاردانه‌وه‌ی زلهێزه جیهانییه‌کان به جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان چی ده‌بێت؟
به گشتی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیشه‌وه هه‌وڵ ده‌دات ڕێبه‌ره‌کانی کورد ڕازی بکه‌ن که ده‌نگدان و ڕیفراندۆمه‌که ناتوانێت یارمه‌تی ئه‌وان بدات. دوای ڕیفراندۆمیش زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان ئه‌م پڕۆسه‌یان به نایاسایی وه‌سف کرد.
* دوای ڕیفراندۆمه‌که، ئێمه ده‌بینین که هه‌رێم گه‌ماڕۆ درا، به پێی ئه‌م گه‌ماڕۆیانه، ئایا ئێوه لاتان وایه که بارزانی له بڕیاری جیابوونه‌وه له به‌غدا ده‌کشێته‌وه؟
من به باشی ده‌زانم که کاری زۆر له دژی هه‌رێم له لایه‌ن به‌غداوه ئه‌نجام بووه. به تایبه‌ت قه‌ده‌غه کردنی فرۆشی نه‌وت له لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه، قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتی ئاسمانی نێونه‌ته‌وه‌یی و داخستنی سیستمی بانکی جیهانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم. ئه‌مه‌ی که ئایا ئه‌م کارانه کاریگه‌ری له سه‌ر کورد ده‌بێت هێشتا ڕوون نییه و زووه له‌مباره‌وه بڕیار بده‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه ئه‌م بابه‌ته‌یه که دۆخه‌که ده‌بێت له ماوه‌یه‌کی کاتی ئارام بکرێته‌وه و له‌وه زیاتر ئاڵۆز نه‌کرێت.
Your Comment