بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دوابەدوای پێشهاتە بەرفراوانەکانی ناوچەکە و دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ٢٠٢٦، قەیرانی سووریا تا ڕادەیەکی زۆر لە پێش چاوی جیهانی ون بوو.
یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە بەرچاوەکانی ئەم دۆخە دیارنەمانی هەزاران ژن و منداڵی بیانییە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە دوای هەڵاتنیان لە کەمپی ئەلهۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بابەتێک کە ئێستا نیگەرانی ئەمنی نوێی بۆ سووریا و ئەوروپا دروستکردووە.
کەمپی ئەلهۆل کە ساڵانێکە ماڵی خێزانەکانی ئەندامی داعشە، لە ٧ی شوباتدا شاهیدی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانەکەی بووە، نزیکەی ٦٢٠٠ هاووڵاتی بیانی لەگەڵ هەزاران کەسی دیکە کە زۆربەیان سووری بوون، لە کەمپەکە هەڵهاتن.
ئەو کۆچکردنە دوای ئەوە هات کە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی کەمپەکە لە هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بۆ حکومەتی کاتی سووریا گواسترایەوە.
دواتر کەمپی ئەلهۆل لە ٢٢ی شوبات داخرا و ئەو خێزانانەی کە مابوونەوە گواسترانەوە بۆ کەمپی ئاق بورهان لە باکووری حەلەب.
هەروەها هەندێک لە دانیشتووان ڕاستەوخۆ گەڕانەوە بۆ ناوچە سەرەتاییەکانیان. بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ژنانی بیانی بە ئازادی لە پارێزگای ئیدلب دەژین، ئەو ناوچەیە کە تا ئێستاش شوێنی گروپە سەلەفی-جیهادیەکان و چەکدارە بیانییەکانە.
شارەزایان باس لەوە دەکەن کە زۆرینەی ئەو بنەماڵانە لە ناوخۆی سووریا و بەتایبەت لە ئیدلب دیارنەماون. هەروەها هەندێکیان توانیویانە وڵات بەجێبهێڵن. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ژنان بەرەو ئەلبانیا و بەلژیکا هەڵدێن و ژمارەیەک ژنی لوبنانیش چوونەتە لوبنان.
هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسیان لە دەستبەسەرکردنی ژنێکی بەلژیکی کردووە دوای چوونە ناو وڵاتەکەی.
دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا دەڵێن تا ئێستا شەپۆلێکی بەرچاو لە گەڕانەوەی ئەو کەسانە بۆ ئەوروپا نەبووە، بەڵام دیار نییە لە داهاتوودا چی ڕوودەدات. نیگەرانی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم ژنانە و منداڵەکانیان دەتوانن شانەی توندڕەوی نوێ پێکبهێنن یان یارمەتی زیندووکردنەوەی تۆڕەکانی داعش بدەن.
توێژەرانی بواری توندڕەوی هۆشداری دەدەن کە بەشێک لە ژنانی دڵسۆز بۆ داعش ئێستا زیاتر لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە چالاکن. باس لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دەکەن بەپێی بیروباوەڕی داعش بە بڵاوکردنەوەی سروود و پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی. لە هەمان کاتدا ئەم کەسانە زیاتر وریا بوون لە شاردنەوەی ناسنامەی دیجیتاڵی خۆیان.
هەروەها ڕاپۆرت کراوە کە سەرچاوە داراییەکانی ئەم ژنانە لە ڕێگەی بەخشینی ئۆنلاین و هەڵمەتی مرۆیی بەڕواڵەتەوە دابین دەکرێن. بە .وتەی شارەزایان، بەشێک لە لایەنگرانی داعش لە ئەوروپا بەردەوامن لە دابینکردنی پارە و ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە بە دروستکردنی ئەو تۆڕە داراییانە.
هەروەها چالاکوانانی خۆجێی کورد لە حەسەکە هۆشدارییان داوە کە زۆرێک لەو ژن و منداڵانەی کە هەڵاتوون هێشتا بە توندی کاریگەری ئایدۆلۆژیای داعشیان لەسەرە و دەکرێت مەترسی لەسەر ئەو پێکهاتانە دروست بکەن کە تێیدا دەژین.
Your Comment