ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی: لەم ڕۆژانەدا ئەگەر بمانەوێت بە وردی سەیری دۆخی ئەورووپا بکەین، دەبێ قبووڵی بکەین کە ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر ئەم بەژەدا هاتووە، دەرئەنجامی قەیرانێکی کتوپڕ نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی زنجیرەیەک بڕیاری هەڵە یان وردتر، دوژمنایەتی ئاشکرایە بەرامبەر بە ئێران. ئەو بڕیارانەی کە ڕەنگە لەو کاتەدا بچوک و تەنانەت زیرەکانەیش دەرکەوتبێتن، بەڵام ئێستا یەک بە یەک نرخەکەیان پیشان دەدەن. ئەوروپا ئەمڕۆ باجەکەی دەدات بۆ ئەو ساتانەی کە دەیتوانی ڕێگایەکی جیاواز هەڵبژێرێت، بەڵام نەیکرد.
لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا، ئەوروپا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە ڕۆڵێکی جیاواز بگێڕێت. نەک تەنها وەک ئەکتەرێکی پەراوێزخراو، بەڵکوو وەک ناوبژیوانێکی جددی کە دەیتوانی دیپلۆماسی پێشبخات و یارمەتیدەر بووبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام. ئەم توانایە هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی ئەزموونەوە بوونی هەبووە. بەڵام بە کردەوە ئەوروپا وازی لەو ڕێبازە هێنا و وردە وردە چووە ناو خاکێکەوە کە یاساکانی لەلایەن ئەمریکاوە دانرابوو، بەتایبەت دۆناڵد ترەمپ کە چەندین جار نیشانی دابوو کە نە پابەندە بە یاساکانەوە و نە دڵسۆزە بۆ هاوپەیمانەکانی.
هەڵەی ئەوروپا وردە وردە لێرەوە دەستی پێکرد. ئەوان پێیان وابوو ئەگەر یاوەری ترەمپ بن، دەتوانن تێچوونەکان کەم بکەنەوە یان تەنانەت ئیمتیازات بەدەست بهێنن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لەو کاتانەدا کە دەبوو هاوکاری دیپلۆماسییان بکردایە، لە ڕاستیدا بە ئاراستەی فشارکردندا ڕۆیشتن.
تەنانەت چالاککردنی میکانیزمی دەستپێکەریش دەتوانرێت لەم چوارچێوەیەدا شی بکرێتەوە؛ کردارێک کە بڕیار بوو جۆرێک بێت لە نیشاندانی هاوئاهەنگی لەگەڵ واشنتۆن. بەڵام ئەنجامەکەی چی بوو؟ نەک هەر قەیرانەکە چارەسەر نەکرا، بەڵکوو ئاڵۆزتر بوو.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ترەمپ خۆی هەرگیز ئەم هاوڕێیەتییەی بە جددی وەرنەگرتووە. چەندین جار ئەورووپای زەلیل کرد و بە خراپ بەکارهێنان تۆمەتباریانی کرد و تەنانەت هەڕەشەی کرد کە لە پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیماناندا بێوێنە بوو. ئەم ڕەفتارانە دەریانخست کە لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەوروپا هاوبەش نییە، بەڵکوو ئامرازێکی کاتییە؛ ئامرازێک کە تا ئەو کاتەی کاردەکات بەکاردێت و دواتر فڕێدەدرێت.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئێران، ڕەهەندەکانی ئەم هەڵەیە بۆ ئەوروپا ڕوونتر بووەوە. یەکەم لێدانی ئابووری بوو. داخستنی گەرووی هورمز و پچڕانی ڕەوتی وزە شۆکێکی جددی بۆ ئابووریی ئەوروپا دروستکرد. ئەو وڵاتانەی پشت بە وزەی هاوردە دەبەستن لەناکاو ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخ و نادڵنیایی و فشاری ناوخۆیی بوونەتەوە. ئەمە شتێک بوو کە پێشبینیکردنی قورس نەبوو، بەڵام بە جددی وەرنەگیرا.
جگە لەوەش کێشەیەکی دیکە بە خێرایی خۆی ئاشکرا کردووە، ئەویش ئۆکرانیایە. ئەمریکا کە ئێستا لە شەڕێکی نوێدا تێوەگلاوە، سەرنجی خۆی گۆڕیوە و ئاستی پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکرانیا کەمیکردووە. ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکەدا قەیرانێکی ئەمنی بەجێماوە کە بە شێوەیەکی زۆر پشت بە واشنتۆن دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردنی.
لە لایەکی دیکەوە پرسی ناتۆش جارێکی دیکە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک ترەمپ باس لە ئەگەری کشانەوە یان کەمکردنەوەی پابەندبوونی ئەمریکا دەکات، ئاسایە کە تەواوی پێکهاتەی ئەمنی ئەوروپا بلەرزێت. ناتۆ کە بڕیار بوو پایەی ئاسایشی بەژەکە بێت، ئێستا بووەتە خاڵی نیگەرانی. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەوەی ئەوروپا ساڵانێک لە دروستکردنیدا بەسەری بردووە، ئێستا هێواش هێواش دەڕوخێت.
ئەگەر هەموو ئەمانە پێکەوە دابنێین، وێنەیەکی ڕوون دێتە پێشەوە: ئەوروپا حیسابێکی هەڵەی جددی لە دژی ئێران کردووە. ئەوان پێیان وابوو بە یاریکردن لەسەر چەمەکانی ترەمپ، هەم دەتوانن بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن و هەمیش لە گرژییەکان دوور بکەونەوە. به ڵام به کرده وه نه ک نه گه یشتن به و ئامانجه ، به ڵکو خۆیان چوونه ته ناو هه مان قه یرانه وه .
کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئەوروپا هەڵەیەکی کرد؛ کێشەکە ئەوەیە کە ئەم هەڵەیە هەڵەیەکی ستراتیژی بووە. واتە بڕیارێک کە نەک تەنها کەیسێکی دیاریکراو، بەڵکو تەواوی پێگەی ئەوروپا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا کاریگەری هەبوو. هەر لە ئابوورییەوە بۆ ئاسایش، لە سیاسەتی دەرەوە تا یەکگرتوویی ناوخۆ، هەموو شتێک کەوتۆتە ژێر فشارەوە.
هاوکات ئێران بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەندێک لە ئەوروپا بیریان لێدەکردەوە، وەک فاکتەری دیاریکەر دەمێنێتەوە. ئەمەش ئەوەیە کە ئەوروپا لە حیساباتەکانیدا پشتگوێی خستووە. ئەوان پێیان وابوو دەتوانن ئێران ناچار بکەن پاشەکشە بکەن بە فشار و یەکخستنی هێز لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئەنجامەکەی پێچەوانە بوو. ئێران نەک هەر لە هەڵوێستەکانی خۆی هەڵنەکێشا، بەڵکوو دۆخەکە بە شێوەیەک پەرەی سەند کە تێچوونەکانی زیاتر لە دیوەکەی تردا دابەزین.
ئێستا ئەوروپا بە زنجیرەیەک قەیرانەوە ماوەتەوە، کە هەریەکەیان دەتوانێت لە خۆیەوە تەحەدا بێت. لە لایەک فشاری ئابووری، لە لایەکی دیکەوە، نادڵنیایی ئەمنی و، هاوشانیش، دابەزینی متمانەی سیاسی لەسەر ئاستی جیهانی. ئەمانە هەمووی نیشانەی هەڵبژاردنی هەڵەن؛ هەڵبژاردنێک کە لەوانەیە لەو کاتەدا سادە دەرکەوتبێت، بەڵام ئێستا ئاڵۆزییەکانی خۆیان ئاشکرا کردووە.
لە کۆتاییدا وەڵامی ئەو پرسیارە کە “ئەوروپا باجی چی دەدات؟” ئەوەندە ئاڵۆز نییە. ئەوروپا باجی لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاردانی خۆی دەدات. باجێک هەیە بۆ پشتگوێخستنی دەرفەتی دیپلۆماسی و لە سەرووی هەمووشیانەوە متمانەکردن بە ئەکتەرێک کە چەندین جار خۆی نیشانداوە کە جێی متمانە نییە.
ئەمە وانەیەکی گرنگە، نەک تەنها بۆ ئەوروپا، بەڵکوو بۆ هەر ئەکتەرێک کە پێی وایە دەتوانێت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە ناسەقامگیرەکان، بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی خۆی مسۆگەر بکات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەڵە ستراتیژییەکان درەنگ یان زوو خۆیان دەردەخەن. ئەوروپا ئەمڕۆ باجی وردی ئەو هەڵانە دەدات.
Your Comment