بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مێهمێت ئۆجەلان برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە، لە لێدوانێک بۆ مێزۆپۆتامیادا، وێڕای نرخاندنی گفتوگۆکانی وەفدی پەرلەمانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وەک قۆناغێکی نوێی زۆر گرینگ، خوازیاری بڵاوکردنەوەی گفتوگۆکان بێ کەم و زیادکردنی بۆ ڕای گشتی بوو.
مێهمێت ئۆجەلان وتیشی: کۆمیسیۆن کارێکی دروست و بەنرخی کردووە، بەڵام دەبێ هەموو گفتوگۆکان و لەوان لێدوانەکانی ئەندامانی وەفدی پەرلەمانی و وەڵامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بێ زیاد و کەم بڵاو بکرێنەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاگاداری وردەکارییەکان ببن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە چارەسەریی پرسی کورد جەوهەری ڕەوتی ئاشتییە، ڕایگەیاند: ئەم بابەتە نزیکەی 100 ساڵە لە لایەن تورکیاوە بایکۆت دەکرێ و دەشاردرێتەوە و لەو پێناوەدا بەهایەکی قورس دراوە. هەر بۆیە ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم پرسە چۆن چارەسەر دەکرێت و ئەگەر خەڵکی ئاگادار بکرێنەوە، خۆیان لە چارەسەریی پرسەکەدا داشدار دەبن.
مێهمێت ئۆجەلان لە بەشێکی تر لە لێدوانەکانیدا ڕەخنەی لە هەڵویستی پارتی کۆماری گەل(CHP) هەمبەر بە ڕەوتی دانوستانەکان گرت و ڕاشیگەیاند: جەهەپە دەبێ یارمەتیی ڕەوتەکە بدات، نەک دژی بوەستێت. چونکە کوردەکان لە ساڵانی ڕابردوودا پاڵپشتییەکی زۆریان لەو حزب گرتووە و خودی ئۆجەلانیش لە دیدارەکانیدا جەختی لە بەشداریی جەهەپە لە کۆمیسیۆنەکاندا کردووە.
Your Comment