AP ١٤٠٤ ڕەزبەر ١٥ ٠٦:١٥

داهاتووی کوردەکان لەژێر سێبەری شەڕ و سیاسەتی دیمەشق، ئەنقەرە و واشنتۆن

داهاتووی کوردەکان لەژێر سێبەری شەڕ و سیاسەتی دیمەشق، ئەنقەرە و واشنتۆن

ماڵپەڕی شرۆڤەیی ڕۆژهەڵاتی لە ڕاپۆرتێکدا دەڕوانێتە داهاتووی کوردەکان لە سووریا پاش‌ئەسەد و درێژەی دەسەڵاتی ناوەندخوازانەی دیمەشق و گوشاری چەندتوێژیی ئەنقەرە، هاوکاتی سیاسەتی دووفاقەی واشنتۆن و سناریۆکانی بەردەم.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: پاش یەک ساڵ لە ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، سووریا بۆ جارێکی تر بۆتە شوێنی دووبەرەکییە ناوچەییەکان؛ شەڕێکی هەمەلایەنە لە سەر شوناس، دەسەڵات و داهاتووی ئەو وڵاتە. ئێستاکە دەوڵەتی دیمەشق بە سەرکردەیی ئەحمەد شەرع، تورکیا بە سەرکردەیی ئەردۆغان و دەسەڵاتە جیهانییەکان، هەرکام ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گۆڕەپانی سیاسی سووریا ئیدارە دەکەن.

تورکیا بە ڕەوانەکردنی کاروانی سەربازی بۆ کویرس و ڕۆژهەڵاتی حەلەب و بە کەمکردنەوەی پشکی سووریا لە ئاوی فورات، نیشانی داوە کە نە تەنیا هێڵەکانی شەڕ، بەڵکوو ژیانی خەڵکیشی گرتۆتە دەست و هاوکات دیمەشق بە تۆپخانە و درۆن و گوشاری ئەمنیی، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە)ی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا کردۆتە ئامانج و ئەمریکا لە دژوازترین هەڵوێستەی خۆیدا، لە لایەکەوە مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ هەسەدە لە حەسەکە و دیرەزور ئەنجام دەدا و لە گۆژمەی بەرگریی، پشکێک بۆ کوردەکان دیاری دەکا و کاروانی لۆجێستیکی لە هەرێمەوە دەنێرێتە کوردستانی سووریا و لە لایەکی ترەوە، لە هەڵوێستە سیاسییەکانیدا بەردەوام جەخت لە ناوەندخوازی و هاوکاری لەگەڵ دیمەشق و ئەنقەرە دەکات و زێدەخوازیی کوردەکان بۆ فیدراڵیزم بە هۆکاری قەیرانەکانی سووریا دەزانێت.

گوشاری هەمەلایەنەی ئەنقەرە بۆ سەر کوردەکان

لە حەوتەکانی ڕابردوودا تورکیا گۆڕەپانی سووریای کردۆتە مەیدانی گوشاری چەندتوێژی لە دژی کوردەکان کە وێڕای بەکارهێنانی تۆپخانە و درۆن، بە کەمکردنەوەی پشکی ئاوی فورات، دەستی بردووەتە سەر نان و ئاوی خەڵکی ئەو ناوچەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە 1ی ئاکتەوبری 2025دا ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا بە دەرکردنی راگەیێندراوێک، هەمدیسان یەپەگە و پەیەدەی بە تیرۆریزم لە قەڵەم دا و سەلماندی کە تورکیا ڕازی نییە بە لانی‌کەمی خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان.

لەو ڕووەوە کوردەکانی سووریا ئەوڕۆکە لە ژێر گوشاری هەمەلایەنەی تورکیان: بە ڕاگەیێندراوە ڕاشکاوانە سیاسییەکان لە دژی خۆسەرییان، بە درۆن و تۆپخانەگەلێک کە بنکە و شارەکانیان دەکاتە ئاماج، بە داخرانی شێری ئاوی فورات کە ژیانی ڕۆژانەیان لێ تاڵ دەکا، بە باج‌گرتنی هێزە جێگرەوەکانی وەک ئەڵحەمزە کە مەعاشی خەڵکی کورد زەوت دەکا. هەر بۆیە شەڕ بۆ کوردەکان تەنیا شەڕی ڕاستەوخۆی چەکدارانە نییە، بەڵکوو ئەم شەڕە هاوکات شەڕی زەوی، ئاو، ئابووری و تەنانەت شوناسە.

دیمەشق و پێداگریی سیاسی لە ناوەندخوازی

پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پێشووی سووریا و پێکهاتنی دەوڵەتی کاتی ئەحمەد شەرع، چاوروان دەکرا کەشی سیاسیی وڵات بە ئاراستەی کراوەیی و هاوبەشیی کەمینەکان لە دەوڵەتدا بڕوات، بەلام ڕەوتی گۆڕانکارییەکان نیشان دەدەن کە دیمەشق هێشتاش بەپێی هەمان مۆدێلی کۆن، واتە ناوەندخوازی دەجووڵێتەوە و تەنانەت لە دەستووری نوێی سووریادا، هێشتاش ناوی سووریا لەگەڵ کۆماری عەرەبی و ئیسلام وەک سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانەری هاتووە و هیچ گەڕەنتییەک بۆ ئیدارەی خۆجێی و مافی ژنان و کەمینەکان دیاری نەکراوە.

هێرشی مەیدانی و گوشاری سەربازی

لە بواری مەیدانیشدا لە 30ی سێپتامبێری 2025دا، هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی دیمەشق بە چەکی قورس، بەندئاوی تەشرین‌ـیان کردە ئامانج؛ هێرشگەلێک کە دەتوانێ زیانێکی قورس بە بەندئاوەکە و ژیانی هەزاران کەس لە دانیشتووانی گوندەکانی هاوێری بەندئاوەکە بگێنێت و ئەمە پێشێل‌کردنی ئاشکرای ڕێککەوتە ئاگربڕییەکانە و هاوکات دانیشتووانی کوردی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەرەوڕووی گەمارۆی سووتەمەنی، داخرانی ڕێگەکان و جێگرکرانی بنکەی سەربازیی دەوڵەتی بوونە.

یاری بە کەلێنی ناوخۆیی کوردەکان

یەکێک لە ڕەهەندە کەمتربینراوەکانی سیاسەتی ئەحمەد شەرع، یارییەکی ئاڵۆزی دیمەشق بە کەلێنە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگای کوردییە. چونکە ئەگەرچی دیمەشق مل بە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی فەرمی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری کوردی نادات، بەلام بە کردەوە بەهرەەی لە کوردەکانی نزیک لە دیمەشق و تەنانەت هەندێک کەسایەتیی نزیک لە تورکیا بەهرە وەربگرێت، بۆ ئەوەی بەرەی کوردی لە ناوخۆوە لاواز بکات و تۆڕێکی جێگروە دروست بکات لە بەرامبەر سەرکردایەتی مەزلووم کۆبانی و ئیدارەی خۆسەری کوردی.

بەهرەوەرگرتن لە عەشیرە عەرەبەکان

دیمەشق هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەشیرە عەرەبەکانی دانیشتووی کوردستانی سووریا پەرە پێداوە و لە 29ی سێپتامبێری 2025، وەفدێکی عەرەبی دیرەزور و ڕەەقە لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی دەوڵەتی کاتی دیداریان کردووە و بەڵێنیی ئاراستەکرانی هەڤیازیی ئابووری، ئەمنی و تەنانەت چەک و چۆڵیان پێدراوە بۆ گوشارخستنە سەر هێزەکانی کورد.

هاوئاهەنگیی سنووردار لەگەڵ تورکیا

میدیا ڕۆژئاواییەکان لە هاوئاهەنگی تاکتیکیی سنوورداری نێوان عەنقەرە و دیمەشق لە دژی کوردەکان هەواڵیان دا و هاتووە کە بەشێک لە گرووپگەلی چەکداری پاڵپشتکراوی تورکیا کە پێشتر لە دژی دەوڵەتی کاتی شەڕیان دەکرد، ئێستا بەشێوەی سنووردار تەڤڵی وەزارەتی بەرگریی دیمەشق بوونە و بەمجۆرە دیمەشق دەتوانێ بەشیوەی ناراستەوخۆ و سنووردار هێزە پاڵپشتکراوەکانی تورکیا بۆ لاوازکردنی کوردەکان لە سنووریی ڕۆژهەڵاتی خۆی و لە هاوێری بەندئاوی تەشرین بەکار بێنێت.

سیاسەتی دووفاقەی ئەمریکا و لیچارێک بە ناوی کورد

ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، بەردەوام یەکێک لە ئەکتەرانی سەرەکیی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە؛ بەلام سیاسەتی واشنتۆن زیاتر لەوەی ستراتژییەکی ڕوون بێت، ئاوێتەیەکە لە پاڵپشتیی کردەیی و گوشاری سیاسیی دژواز؛ سیاسەتێک کە هاوکات کوردەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هان دەدا و لەهەمان کاتدا داوای پاشەکشێیان لێ دەکات.

ئەم سیاسەتە دووفاقەیە نیشان دەدا کە واشنتۆن کوردەکان زیاتر بۆ ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر دیمەشق و ئەنقەرە بەکار دێنێت و نەک هاوپەیمانێکی ستراتژیی درێژخایەنی و ئەمریکا دەزانێت کە دیمەشق و ئەنقەرە تاقەتی سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیی کوردەکانیان نییە، بەڵام نایەوێ تۆڕی ئەمنیی خۆی دژی داعش و دزەی ئێران لە سووریادا لەدەست بدات.

بەمجۆرە کوردەکانی سووریا ئەوڕۆکە زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە ناو ڕیزبەندیی دیمەشق، ئەنقەرە و واشنتۆن هەڵپەسێراون و داهاتوویان نەک لە ڕاگەیێندراو و بەڵێنە سیاسییەکان، بەڵکوو لە ژێر بومبای تۆپخانە، درۆن و یارییەکانی دەسەڵاتدا یەکلا دەبێتەوە؛ داهاتوویەک کە دیار نییە دەگاتە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی شکێنەر و هاوبەشییەکی سنووردار، یان خولێکی نوێی شەڕی تاقەت‌پڕووکێنی بەدواوە دەبێت.

News ID 57085

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha