ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: ناسر ئەبووشەریف نوێنەری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە ئێران، لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری مێهر، سەبارەت بە وەستاندنی "پاپۆری مادلین" لە لایەن ڕژیمی زایۆنییەوە، وتی: پەلاماری دەستدرێژانەی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر پاپۆری مادلین، ئەویش لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و دەستگیریی 12 دانیشتووی ئەو پاپۆرە، نمونەیەکی ئاشکرای تاڵانچێتی و پێشیلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دیارە هەموو ئەو کارانە بۆ ئەوەیە کە ڕژیمی زایۆنی نهێنێڵی گەمارۆی ستەمگەرانەی غەزە بشکێت، چونکە پێی وایە هەر هەوڵ و هەنگاوێکی مرۆیانە بۆ یارمەتی و هاوڕیزیی خەڵکی فەلەستین، هەڕەشەیە بۆ مانەوەی خۆی.
وتیشی: گرینگترین پەیامی مادلین، بانگهێشت بۆ درێژەی تێکۆشان و نائومێدنەبوونی لایەنگرانی فەلەستین. بە تایبەت دیتنی ئاڵای فەلەستین بە سەر پاپۆرەکە و بە سەر شمەکی سەر ئەو پاپۆرە و هەوڵی جەماعەتی مادلین بۆ شکاندنی گەمارۆی غەزە، هەستی ئازادیخوازانی هەژاند و نیشانی دا کە وێستان لەپاڵی حەق و ڕاستی مومکینە.
ئەبووشەریف هەروەها وەڕێکەوتنی کاروانی زەوینیی "پایەداری" لە توونێسەوە و بە بەشداریی چالاکانی جیهانی بەرەو غەزەی لە درێژەی هەڵمەت و پەیامی "مادلین" بۆ شکاندنی غەزە و بەرزبوونەوەی ورەی جیهانی لە دژی ستەم و زوڵمی ڕژیمی زایۆنی لێک دایەوە و ڕایگەیاند: ئێمە بە دیتنی ئەو کاروانانە و پێکهاتنی بەرەکانی هاوڕیزی لە وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتی بۆ گوشارخستنە سەر ڕژیمی زایۆنی، دڵخۆشین کە ئەنجامێکی باشیان بەدواوە دەبێت و دڵنیاین کە خۆڕاگریی ئەفسانەیی و تاقەتی خەڵکی غەزە وێڕای هێرشەکانی هێزی بەرخۆدان، دواجار دوژمنی زایۆنی بە چۆکدا دێنێت و ناجار لە تەسلیم و شکستی گەمارۆکانی دەکات. بۆیە هەر لە ئێستاوە بەرپرسایەتیی سڵامەتیی جەماوەری کاروانەکە و بارەکانیان دەخەینە ئەستۆی دوژمن و سەبارەت بە هەر جۆرە پەلامارێک بەوان هوشداریان دەدەینێ.
ڕاشیگەیاند: گومانێک لەودا نییە کە هەڵسوکەوتی داگیرکەران لەگەڵ هەر کاروان یان پاپۆرەوانییەک کە هەوڵی تێکشکاندنی گەمارۆکان بدات، هاوشێوەیە و بەپێی پێشینییەک کە ئێمە لە ڕژیمی زایۆنی هەمانە، دوژمن هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ کە پێش بە گەیشتنی "کاروانی پایەداری" بگرێت. چونکە داگیرکەران هەمیشە لە یەک شتدا شارەزان: قەدەغە، داگیرکردن، چەتەیی دەریایی و بوردومان. کەچی ئەوان ناتوانن پێش بە پەیامی کاروانی خەڵکی دلێری توونێس بگرن کە هەمان وەڵامدانەوەی هاواری غەزەیە و ئەوە نیشاندەری زیندووبوونی گەلانی عەرەب و بەرخۆدانیان لە بەرامبەر ستەمی دوژمنانە.
نوێنەری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە ئێران لە بەشێکی تر لەو دیمانەدا ئاوڕی لە دەسکەوتی هەواڵگرانەی ئێران و دەستداگرتنی بە سەر هەزاران بەڵگەی نهێنی و گرنگ لەبارەی پلان و دامەزراوە ناڤیکییەکانی ڕژیمی زایۆنی، جەختی کرد: ئێران بەو ئۆپەراسیۆنە بوومەلەرزەی خستە ماڵی داگیرکەران و بێدەنگیی بەرپرسانی زایۆنی و میدیاکانی دوژمن لەوبارەیە، باشترین نیشانەیە بۆ شوک و ڕاچڵەکانی تلاڤیڤ لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە.
ناوبراو ئەم دەسکەوتەی بە سەرکەوتنی هەموو هێزەکانی بەرخۆدان زانی، و زیادی کرد: ئەم ئۆپەراسیۆنە نیشاندەری پێشکەوتی بەرچاوی کۆماری ئیسلامی لە گۆرەپانی شەڕی شاراوەی دژی دوژمنی زایۆنییە و هاوکات سەلمێنەری یەکڕیزیی بەرەی بەرخۆدان لە بەرەکانی شەڕ دژی ئەو ڕژیمە داگیرکەرەیە و هەر پلارێک چ سەربازی، ئەمنی یان ئابووری بگیرێتە ئەو ڕژیمە، بە مانای پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ لە فەلەستین و بەرخۆدانی فەلەستینە.
Your Comment