ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: پاپۆرەی مادلین کە ئاژۆتنی چالاکانی ماڤی مرۆڤ هەوڵی گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بە کەرتی غەزە و شکاندنی گەمارۆی ئەو کەرتەی دەدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی لەو ناوچەیە و لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرەوڕووی هێرشی کۆماندۆکانی ڕژیمی زایۆنی بۆوە.
ئەو هێرش و پەلامارە بۆ سەر چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕفاندنی پاپۆرەی مادلین و دانیشتووانی کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەدواوە بووە و لەمناوە سەرکردەی پارتی چەپی "فەڕەنسای نەبەز" وێڕای ئیدانەی ئەو هەڵمەتە، ڕفاندنی پاپۆرە و دانیشتووانی مادلینی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاساگەلی نێودەوڵەتی زانی و جەختی کرد: ناڕەزایەتی بە وەستاندنی پاپۆرەی مادلین و گیرانی دانیشتووان و چالاکانی خۆویستی، دەبێ بکرێتە ڕۆژەڤ و پرسی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هاوکات ئەحمەد داود ئۆغڵوو سەرۆکی پارتی داهاتووی تورکیا و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: تلاڤیڤ بە هێرشێ دڕندانەی بۆ سەر پاپۆرەی مادلین، دیسان نیشانی دا کە چۆن یاساگەلی نێودەوڵەتیی بە گاڵتە گرتووە.
هەروەها جێرمی کۆربین، پەرلەمانتاری بەریتانیا و سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکاری ئەو وڵاتەش وتی: دەوڵەتی بەریتانیا هێشتاش بەردەوامە لە پڕچەککردنی ڕژیمی زایۆنی و ئەو ڕەتە دەبێ لە خێراترین کاتی مومکیندا بوەستێت.
دانیشتووانی ناو پاپۆرەی مادلین کێن؟
بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکان دانیشتووانی ناو پاپۆرەی مادلین پێکهاتوون لە 12 چالاکی نیودەوڵەتی کە بریتین لە:
ـ گریتا تۆنبێرگ؛ چالاکی ژینگەپارێزی و کەشوهەوا و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە سوید.
ـ ڕیما حەسەن؛ ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە پارتی چەپی "فەڕەنسای نەبز".
ـ عومەر فەیاز؛ ڕۆژنامەنووسی کەناڵی "الجزیره" بۆ ڕۆماڵدانی هەواڵی ڕەوتی چوونی پاپۆرەکە.
ـ یانیس محەمەدی؛ ڕۆژنامەنووسی ماڵپەڕی فەڕەنسیی "پلاست".
ـ پاسکاڵ مۆریراس؛ چالاکی فەڕەنسی کە پێشترێس لە پاپۆرەکانی دیکەی پاپۆرەوانیی ئازادیدا دەوری بووە.
ـ تیاگۆ ئافیلا؛ ڕۆژنامەنوسی بەرازیلی و چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی پاڵپشتی ئامانجەکانی فەلەستین کە زیاتر لە 2 دەیەیە لەو بوارەدا چالاکە.
ـ بابتیس ئان دێری؛ پزیشکی فەڕەنسی کە بۆ ئاراستەکردنی خزمەتی پزیشکی بە دانیشتووان و چالاکانی ناو پاپۆرەکە لە ئەگەری هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلی لەگەڵیان کەوتووە.
ـ یاسەمین ئاجار؛ چالاکی ئەڵمانی و بە ڕەگەز کورد و ئەندامی هاوپەیمانیی پاپۆرەوانیی ئازادی.
ـ ڕیوا فیارد؛ چالاکی بواری کەشوهەوای فەڕەنسا.
ـ سوایپ ئۆردو؛ چالاکی تورک.
ـ سەرجیو توریبیۆ؛ پێرسۆنێلی پاپۆرەکە لە ئیسپانیا و ئەندامی ڕێکخراوی پاڵپشتی لە ژینگەپارێزانی دەریا، ناسراو بە "سی شیبێرد".
ـ مارکۆ فان ڕینیس؛ خوێنەدکاری ئەندازیاریی دەریایی لە وڵاتی هولەندا و یەکێک لە پێرسۆنێلی پاپۆرەکە.
تاڵانچێتی ڕژیمی زایۆنی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان
سەرەڕای ڕفێندرانی ئەو هاووڵاتیانە لە لایەن ڕژیمی زایۆنییەوە و لێپێچینەوەیان، هیچکام لە وڵاتانی ئەورووپی تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان لە دژی هەڵمەتی نایاسایی تلاڤیڤ دەرنەبڕیوە؛ ئەگەرچی هەموو دەزانین کە خود ئەو وڵاتانە و لەوان فەڕەنسا بەردەوام پاڵپشتی هێرشی دڕندانەی ڕژیمی زایۆنی دژی کەرتی غەزە بوونە و چەکیان پێ داوە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەردەوام بە ئاماژە بە هەڵمەتی نایاسایی تلاڤیڤ، جگە لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشی، هیچ هەوڵیکی تری نەداوە.
ئەوی لەمناوە جێی سەرنجە کە پەلاماری کۆماندۆکانی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر پاپۆرەیەکی مەدەنی و ناسەربازی و ئەویش لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، هیچ مانایەکی تر جگە لە تاڵانچێتی ناگەیێنێت.
Your Comment