بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەدهەم شێخ ئەحمەد بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی راپەڕینەوە ئاماژە بەوە دەكات، بە بەژن و باڵای هەندێك هەڵدەڵێن لەكاتێكدا راپەڕین دەرئەنجامی هەڵەی سەدام و هێزی جەماوەر و پشتیوانی سنورداری پێشمەرگە دروستیكرد.
ئەدهەم بارزانی لەبارەی رەوشی دوای ڕاپەڕین و ئێستاشەوە، ئاماژە بەوە دەكات "شتێكمان هەبوو بە ناوی دەنگە ناڕازییەكان نەك ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئۆپۆزسیۆن بنەمای دروستی سیاسیی خۆی هەیە، ناڕازییەكان لە ماوەی ئەم ٣٣ ساڵە دا بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و زانیویانە كە لەم چەند كورسیەی كە ھەیانە زیاتر بە دەست ناهێنن بە جیاوازی یەك یا دوو كورسی تێپەرناكات و بێ ئەوەی بتوانن گۆڕانكارییەك لە سوودی جەماوەردا دروست بكەن، لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو لایەك ناڕازیەكان تەنها مكیاجی دەم و چاوی دەسەلات بوون".
دەشڵێت: "ناڕازییەكانیش تاكوو ئێستا وەك دووكانێكی سیاسی لە بەردەم ئەم میللەتە وێنا كراون و هەندێك جار گوێمان لێبووە و بینومانە كە یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمان لە بەرامبەر هێزی چەك و پارە دا لاواز بونەو زۆر بە ڕاشكاوانە بەر گوێمان كەوتووە كە ئێمە حزبین و هەین بە كورسی بێ یان بێ كورسی، سەرۆك پەرلەمان نەیتوانی دووبارە لە سەر كورسیەكی دابنیشێتەوە".
وتیشی: لەدەرە ئەنجامی بیر كردنەوەیەكی هەڵەی سەدامی سەرۆك كۆماری ئەو كاتەی عێراق كە هێرشی كردە سەر خاكی كوەیت و داگیریكرد وە ئەم دەرفەتە ڕەخسا كە بەشێك لە كوردستانی عێراق ئازاد بكرێت و بكەوێتە دەستی لایەنە سیاسیەكانی سەر گۆرەپانی خەبات، ئەویش بە هیممەتی خوای مەزن و گەورەی جەماوەر و بە هاوكاری پێشمەرگەی دڵسوز و هێزەكانی شاخ.
زیادیشی کرد: ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت پاش ٣٣ ساڵ لەو ڕاپەڕینە پڕ گەورەیەدا بێزاری و نیگەرانی زۆربەی چین و توێژەكانی ئەم گەلەیە لە هەموو جومگەكانی ژیانی سیاسی و ئیداری و ئابوری و كۆمەڵایەتی و زانستی و نەمانی ئازادی و بێ ڕێزبونی تاك بە تاكی ئەم كۆمەڵگایەیە، بە تایبەتی تێكچونی بارودۆخی دەرونی و دارایی و پێگەی گەنجان كە هەمیشە هیواو پێشڤەبەری وڵات و میللەتن.
زۆر بە داخەوە كە ئێستا و پاش تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە بە سەر ڕاپەریندا دەبینم كە لە مەترسیدارترین كات دا دەژین، دەسەڵات بە هیچ گوڕانكاریەك بە سەر شێوازی كار کردنی خۆیدا ڕازی نەبووە و هەر بابەتێك لە سەر ئەم خاكە بە موڵكی خۆی زانیوە و ئەم مافەی بە خۆی داوە كە چۆن حەز و ئارەزوی بێت دەسەڵاتداری بكات بەبێ هیچ چاودێریەكی پەرلەمانی و یاسای و هەر دەنگێكی ڕاست كە گوترابێت ئەمە هەڵەیە خۆی لە كونجەكانی زیندان یان لە كۆڵانەكانی ئاوارەیی دا بینیوە.
Your Comment