ئایا کاتژمێری سفری هێرشی زەوینی تورکیا بۆ سەر سووریا گەییشتووە؟

هێرشی زەوینی تورکیا بۆ سەر سووریا دەتوانێت وەکوو شمشێرێکی دوولێوی بێت کە لێوێکی سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان و لێوێکی دیکەی بەرز کردنەوەی ئاستی قەیرانی ناوخۆیی و کەم کردنەوەی شانسی پارتی داد و گەشە بێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی: چڕ بوونەوەی کێشەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و گرووپە کوردییەکانی تورکیا هەواڵ لە نزیک بوونەوەی کاتژمێری سفری هێرشی زەوینی ئەنقەرە بۆ سەر سووریا دەدات. تەقینەوە لە ئەستەنبۆڵ کە دراوەتە پاڵ پەکەکە و هێرسی خومپارەیی بۆ سەر پارێزگای غازی ئەنتەپ لە باکووری تورکیا، بووەتە بیانوویەک بۆ دەوڵەتی ئەردۆغان بۆ هاوڕێ کردنی ڕای گشتی بۆ دەسپێکی هێرشی زەوینی بۆ سەر سووریا. ناوبراو بە ئاماژە بە هەوڵەکانی گرووپە کوردییەکان، لە لێدوانێکدا پاگەندەی کرد کە کاردانەوەی تورکیا بە هێرشی ئاسمانی سنووردار نابێتەوە.

وادیارە هەڵبژاردنەکانی 2023 و پێشکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕاپرسییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت بۆ قەرەبوو کردنەوەی لاوازییەکانی خۆی لە بواری ئابووری ڕوو بکاتە سیاسەتی هێرشبەرانە و هاندانی هەستی نەتەوەگرایانە لە ڕێگای شەڕ لەگەڵ کوردەکان. بێ گومان دەسپێکی هێرشی سەربازی تورکیا لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن هێزە ناوچەیی و سەروو ناوچەییەکان وەکوو ئیران، رووسیا و ئەمریکا بێ وەڵام نامێنێتەوە و ئەو بابەتە دەتوانێت تێچووی نوێ لەسەر ئابووری و پێوەندییە دەرەکییەکانی ئەو وڵاتە بسەپێنێت.

چوونە دوای پڕۆژەی ئاسایی کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ دیمەشق

ئەردۆغان لەم دواییەدا بە ئاماژە بە مۆدێلی ئاسایی کردنەوەی پیوەندی تورکیا-میسر، پرسی دەستپێکردنەوەی پێوەندی لەگەڵ دیمەشقی پرسێکی دوور لە چاوەڕوانی نەزانیوە. ئەردۆغان بۆ کەم کردنەوەی گوشاری ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی تورکیا پێویستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی یاسایی سووریا بۆ گەڕاندنەوەی لانیکەم یەک ملیۆن کۆچبەری سووریایی بۆ ئەو وڵاتە هەیە.

ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نیوان دیمەشق و کوردەکان بووەتە هۆی گومان لە دەسپێکی هیرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ ئەو وڵاتە. هەندێک لە کارناسان پێیان وایە کە تورکیا بۆ هێرش بۆ سەر کوردەکانی سوریا ئەبێ دەنگی ئەرێی دەوڵەتی سووریا و ئیران وەربگرێت کە ئێران پێشتر ناڕەزایەتی خۆیی ڕاگەیاندووە و لە ئەگەری هێرشیشدا دەوڵەتی دیمەشق ئەگەری نواندنی کاردانەوەی هەیە.

یاریی دووفاقەیی ئەمریکا

ئەمریکا لە حاڵێکدا پەکەکەی خستووەتە ڕیزی گرووپە تیرۆریستیەکانەوە بەڵام هێزە کوردییەکانی لە سووریا بە فەرمی ناسیوە. لەلایەکەوە هاوپەیمانی تورکیا لە ناتۆیە و لەلایەکیشەوە چەک و چۆڵ بۆ هێزە کوردییەکان لە سووریا دەنێرێت.

کۆشکی سپی چەندین جار هێرشی تورکیا بۆ سەر سووریای هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و خەسار لە ئامانجی هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش وەسف کردووە بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە واشنتۆن نیگەرانی کەوتنە مەترسی ڕێگای گواستنەوەی وزە لە ناوچە نەوتییەکانی سووریایە.

هەڵبژاردنەکان و پێویست بوونی قەیرانی دەرەکی

لە 6 مانگی داهاتوو تورکیا خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئامادە دەکات. نیشانەکان باس لە ئەوە دەکات کە ئەردۆغان بە بەڵکوەرگرتن لە هستە نەتەوەگەرایانە بەدوای بەرز کردنەوەی شانسی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانە.

بەرز کردنەوەی دەستێوەردانی ناوچەیی، گەمارۆی تاک لەیەنەی ئەمریکا، سیاسەتی هەڵە و دەستێوەردانی دەوڵەت لە بازاڕ کێشەی بێ وێنەی لە ئابووری تورکیا دروست کردووە و ئێستاش بە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا ئەبێ چاوەڕوانی هاتنی شەپۆلێکی نوێی کێشەی ئابووری لە ئەو وڵاتە بین.

قسەی کۆتایی

یەکێک لە شێوەکانی باوی دەوڵەتەکان بۆ بەدەست هێنانی ڕای گشتی دروست کردنی قەیرانی دەرەکییە. بوونی دوژمنی هاوبەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەسیجی خەڵک و دروست بوونی هەستی یەکگرتوویی لەگەڵ دەوڵەتەکان. وادیارە ئەردۆغانیش بە کەڵکوەرگرتن لە ئەو تاکتیکە کۆنە بەدوای باشتر کردنی دۆخی خۆی لە ڕاپرسییە ناوخۆییەکان و تۆکمە کردنەوەی پێگەی دەوڵەت لە چاو ڕکابەرەکانی دیکە لە مەیدانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییە. شیاوی باسیشە کە هێرشی زەوینی تورکیا بۆ سەر سووریا دەتوانێت شمشێرێکی دوولێوی بێت کە لێوێکی بەرز کردنەوەی دەنگی ناوخۆیی و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان بێت و لێوێکی بەرز کردنەوەی قەیرانی ناوخۆیی و کەم کردنەوەی شانسی پارتی داد و گەشە لە سندوقەکانی دەنگدان بێت.

News Code 44345

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha