AP ١٤٠١ ڕەزبەر ٢٨ ٠٩:٣٠

شرۆڤەکارێکی سیاسی لێکیدەداتەوە؛

یەکێتی، سەرۆکایەتی کۆمار و قوباد تاڵەبانی!

یەکێتی، سەرۆکایەتی کۆمار و قوباد تاڵەبانی!

پارتی دەرچوونی د. لەتیف رەشیدیان بە دەسکەوت و حیکمەت و سیاسەتی سەرکەوتووی «جەنابی سەرۆک» وەسفکرد، بەڵام لە راستیدا ئەوەی براوەی ئەم هەڵبژاردنە بوو، جگە لە دڵخۆشی بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی پووریان، «بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی»ن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_  د. موئمین زەڵمی*:پاش ساڵێک و سێ رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دواجار گفتوگۆ ژێربەژێرییەکان ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراویان لێکەوتەوە و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار بەڕێوەچوو؛

*. لە ئێستادا د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراقە، کە ئاوەڵزاوای مام جەلال تاڵەبانی و هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە کە بەهێزترین خانمە سەرکردەی سیاسی یەکێتی لە مێژووی ئەو حزبەدا، کە پاش هێرۆخانی خوشکی، ئەمە یەکەمجارە دوو خوشک بتوانن ببنە خانمی یەکەمی عێراق، بەڵام سایەی «شاناز ئیبراهیم ئەحمەد» بە سەر سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە زۆر زیاتر دەبێت لەوانی پێشتر، چونکە د. لەتیف رەشید بە هۆی شانازەوە ناسراوە و دواجار هەر بەو هۆیەوە بوویە سەرۆک کۆمار.   

*. یەکێتی بە ١٨ کورسی پەرلەمانی عێراقەوە جارێکیتر توانی کەسێکیتر لە خۆی/نزیک لە خۆی بکاتەوە بە سەرۆک کۆمار و کورسییەکەی سەرۆک کۆمار مسۆگەر بکات، ئەمە دەسکەوتێکی کەسیی بۆ سەرۆکایەتی یەکێتییە بەڵام دەسکەوت نیە بۆ حزبی یەکێتی، چونکە تا دوا کاتژمێرەکان یەکێتی (سەرکردایەتی، فراکسیۆن، میدیا، رێکخستن و دەنگدەرەکانی) جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە (د. بەرهەم ساڵح) تاکە کاندیدی یەکێتییە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق.

*. ئەم سەرکەوتنە بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی گرنگە، چونکە دواجار پاش قۆناغێکی سەخت، لە شەڕی بەردەوامیی و کۆتاییهاتنی تەوافوق و رێککەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتی دا توانییان بەسەر پارتی دا سەربکەون، ئەویش پاش بردنەوە بەسەر فوئاد حسین لە ٢٠١٨، لادانی هۆشیار زێباری لە کاندیدی و دواجار ناچارکردنی رێبەر ئەحمەد بە کشانەوە، ئەمە ئەو دێڕەیە بافڵ تاڵابەنی سەرۆکی یەکێتی دوێنێ شەو دووبارەی دەکردەوە.

*. لە سێ خولی رابردووی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە پاش مام جەلال دا، تەنها یەکجار سەرۆک کۆمار بە دڵی پارتی و پیرمام نەبووە، کە ئەویش ماوەی ٢٠١٨-٢٠٢٢ی سەرۆکایەتی د.بەرهەم ساڵح بوو، یانی دوو خولەکەیتری سەرۆک کۆماریی، بە دڵی پارتی بوون، پارتی و سەرۆکی حزب کێشەیان لەگەڵیان نەبووە و توانیویانە و دەتوانن بە تەنیشتی سەرۆک کۆمارێکی یەکێتییەوە، پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی و تەنانەت بەرژەوەندییەکانی هەولێر و پیرمام لە بەغدا و ناوەاراست و باشووری عێراق باشتر بپارێزن و پەرەیان پێبدەن.

*. د. بەرهەم ساڵح، راستگۆترین سەرکردەی یەکێتییە لە ٤٤ساڵی مێژووی ئەو حزبەدا کە لەگەڵ حزبەکەدا راستگۆ بووە بەرامبەر دەستێوەردانی وڵاتان و حزبەکانیتر و کەسایەتییەکانیتر لە بڕیاری سیاسی یەکێتی دا، ئەمە گرنگە بۆ یەکێتی و خودی د. بەرهەمیش، چونکە هەم لە سەرۆکایەتی کۆماردا و هەم لە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماریشدا پێش هەرکەسێکیتر بەرژەوەندییەکانی ئەو حزبەی پاراستووە و تۆخکەرەوری سیاسەت و بەڕێوەبردنی یەکێتیانە و مام جەلالیانە بووە.

*. ئەگەرچی لە کۆبوونەوەی ١٣/١٠/٢٠٢٢ دا و لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ سەرۆک کۆماری عێراقدا (لەگەڵ بەڵێنی زۆری فراکسیۆنی یەکێتی و دۆستەکانی یەکێتی)، د. بەرهەم ساڵح نەیتوانی ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار، بەڵام بەوردبوونەوەی زیاتر لە دۆخەکە، تێگەشتن لە هۆکارەکان ئاسانتر دەبێت، چونکە هەموو ئەو ١٥٧ کەسەی دەنگیان نەدا بە بەرهەم ساڵح تا ببێت بە سەرۆک کۆمار، گومانیان نیە لە توانای بەڕێوەبردن و دەوڵەتمەداری ناوبراو، بۆیەش هەر کەسەیان بدوێنێ بە تایبەت پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە هۆکاری دەنگنەدانیان بە د. بەرهەم بە (دوانەکەوتنی زیاتری پێکهێنانی حکومەت) باسدەکەن کە ئەوەش لە دەرەوەی پەسن و.ناساندنی کەسایەتی ناوبراوەوەیە.

*. د. بەرهەم ساڵح نەبوویەوە بە سەرۆک کۆماری عێراق، تەنها لەبەر ئەوەی بە دڵی پارتی و هەولێر و پیرمام سەرۆکایەتی عێراقی نەکرد، بە خواستی ئەوان سیاسەتی نەکرد، پارتیش (وەک مافێکی حزبی خۆی) ئەمەی بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانی، هەم بەرامبەر وەزیرەکانی لە عێراق، هەم لە بەرامبەر دۆسییەکانی دادگای باڵای عێراق و هەم سیاسەتی پارتی لە بەغدا. یانی ئەگەر د. بەرهەم ساڵح نزیک بوایە لە کاک مەسعود بارزانی و پارتی و پیرمامەوە، بە دڵنیایەوە نەک هەر ئێستا بەڵکو لە ٢٠١٤ەوە لە جیاتی د. فوئاد مەعسوم دەبوویە سەرۆک کۆمار و دوو خولەکەشی هەر وا بە ئاسان و بێ گرفت تێدەپەڕاند.

*. سەرۆکایەتی پارتی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیرانی ئەو حزبە، دەرچوونی د. لەتیف رەشیدیان بە دەسکەوت و حیکمەت و سیاسەتی سەرکەوتووی «جەنابی سەرۆک» وەسفکرد، بەڵام لە راستیدا ئەوەی براوەی ئەم هەڵبژاردنە بوو، جگە لە دڵخۆشی بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی پووریان، «بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی»ن.

*. بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی براوە بوو، کە پارتی پۆستەکەی نەبرد، هەروەک دواجار کەسێکی نزیک لە بافڵ بوویە سەرۆک کۆمار، کەسێک کە لە یادەوەری منداڵیدا و لە گەنجێتی و پێگەشتنیدا رۆڵی هەبووە، دواجار بە هۆی بوونی بە خانمی یەکەمی عێراق، ئێستا زیاتریش دەتوانێت لە غیابی «شاناز ئیبراهیم ئەحمەد» کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە، پرۆژە و بیرکردنەوەکانی لە بەڕێوەبردنی یەکێتی دا جێبەجێ بکات.

*. براوەی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق «قوباد تاڵەبانی»ە، چونکە کاتێک -شەڕی سەرۆکایەتی کۆمار - لە دژی بەرژەوەندی و سیاسەتی پارتی تەواو نەبووە، قوباد ئاسانتر دەتوانێت لە نزیک سەرۆکایەتی پارتیەوە رۆڵی حکومەتداری ببینێت و باشبوونی پەیوەندی پارتی و یەکێتی خواستی ناوبراوە، و بۆ داهاتووشی بێ سەرێشەتر دەبێت، چونکە قوباد تاڵەبانی سەرقاڵی ئامادەسازییە بۆ ئەوەی چوارساڵی داهاتوو ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق، و خەریکە خۆی فێری عەرەبی دەکات، و شارەزاییەکەی لە دەستوور و حوکمڕانی عێراق فراوان دەکات، ئەم چوارساڵەش زیاتر پێویستی بە سەردانی بەغدایە تا بتوانێت بگاتە ئامانجەکەی، هاوکات ئەمەش پێویستی بە پەسەندکردنی پارتیە، بۆیەش لە حاڵەتێکدا کە پارتی و یەکێتی (چوار ساڵی ئاشتی) لە بەغدا دەبەنە سەر، چانسی قوباد تاڵەبانی بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری عێراق زیاترە و مەیدانەکەی بۆ پانتر و پاکترە.

ئەمەی خستمەڕوو شیکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقە لە چاوێکی ناوخۆیی کوردستانەوە، ئەگینا لە ناوخۆی عێراق و بەغداشدا، هەم نوری مالیکی (سەرۆکی دەوڵەتی یاسا) وەک بەهێزترین کەسایەتی سیاسی شیعە و محمد حەلبوسی وەک قوتبی سوننەکان، و لە رێگەی ئەوانیشەوە شیکردنەوەی دۆخەکە دەربارەی رۆڵی ئێران وەک وڵاتێکی خاوەن کاریگەری بەسەر سیاسەت و بەڕێوەبردنی عێراقەوە و لە لایەکیتریشەوە رۆڵی ئەمریکا و سعودیە و ئیمارات، خوێندنەوەی زیاتر هەڵدەگرێت، کە دەکرێ دەرفەتیتر بخرێتەڕوو.

*د. موئمین زڵمی

یەکێتی، سەرۆکایەتی کۆمار و قوباد تاڵەبانی!

News ID 43849

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha