بە پێی هەواڵی مێهر، موحسین مێهرعەلیزادە ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە دیپلۆماسی و سیاسەتی بیانی و کێشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەییدا وتی: گرینگترین کێشەی ئێمە گەمارۆکانە کە ئەمریکا بێ یاسا و هۆکار بە سەر ئێمەیدا سەپاندووە و ئاڵوگۆڕی بانکی ئێمەی لە گەڵ هەموو جیهان بڕیوە و کاریگەری نەرێنی لە سەر سیستەمی ئابووری ئێمە داناوە.
ئەو وتیشی: بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئێمە دەرفەتی زۆرمان لە وڵات هەیە کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بە سەرچاوەی مرۆیی باش و هێزی لاو و پسپۆڕ، بوونی توانای زانستی و پیشەیی بکەین.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: دۆخی جوغرافیایی ئێران لە بواری ئابووری و سیاسییەوە تایبەتە. هەروەها لە بواری توانای بەرگرییەوە خاوەن سەربەخۆیین. لە دیکەی سەرمایە باشەکانی وڵاتی ئێمە کانزا و نەوتە کە دەتوانین لەوانە بۆ گەشەی وڵات کەڵک وەربگرین.
مێهرعەلیزادە لە درێژەشدا باسی دانوستانەکانی بەرجامی کرد و وتیشی: ئێمە درێژە بەو دانوستانانە ئەدەین و بەستێنی سەرکەوتن لەم ڕێککەوتنە لە ئاستی نێونەتەوەییدا ئامادە دەکەین. بەڕای من ئەمریکا بە چوونەدەرەوە لە بەرجام، پێگەی خۆی لە ئاستی نێونەتەوەییدا بێ بایەختر کرد و وەکوو وڵاتێک ناسێندرا کە پێبەندی یاسا نێونەتەوەییەکان نییە.
ئەو باسی سیاسەتی بیانی کرد و وتیشی: وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس پێوەندییەکی باشیان لە گەڵ ئێران هەیە و گەیشتن بەو ئاکامە کە گەشەی ئابووری ئەو وڵاتانە لە پێناو پێوەندی لە گەڵ ئێرانە، ئاکامی باشی بۆ هەردوو لایەن دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە پشتیوانی لە بەرخۆدانیش وتی: بێگومان پشتیوانی لە موسوڵمانان ئەرکی دینی و ئایینی ئێمەیە. تا کاتێ کە ئاسایش لەو ناوچە جێگیر نەبێت، پشتیوانی درێژەی هەیە. بێگومان زمانی دیپلۆماسی لە ناوچە دەبێ چالاک بکرێتەوە و تا کاتێ کە بوونی بیانییەکان لە ناوچە کۆتایی نەیێت، خەڵک ئێران لە پەنای بەرەی بەرخۆدانە و پشتیوانی درێژەی دەبێت.
مێهرعەلیزادە گرینگترین کێشەی وڵات کێشەی ئابووری دەزانێت و دەشڵێ: بەشێکی بەرچاوی کێشە ئابوورییەکان بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە پێک هاتووە و گوشاری زۆری بۆ سەر میلەتی ئێران هێناوە.
Your Comment