بە پێی هەواڵی مێهر، مانگی گوڵانی ساڵی 1388 خەڵکی کوردستان بینەری ڕووداوێکی گرینگ و دڵخۆشکەر لەم پارێزگایە بوون و ئەوەش سەفەری ڕێبەری مەزنی شۆڕش بۆ ئەم پارێزگایە پاش 31 ساڵ بوو.
لەو ڕۆژە مێژووییەدا هەموو شەقامەکانی شاری سنە پڕاوپڕ لە خەڵکانێکی چاوەڕێ دیداری ڕێبەری مەزن بوو. پیر و لاو و ژن و پیاو لە هەموو چین و توێژەکان بۆ پێشوازی لە ڕێبەرەکەیان لە شەقامەکان کۆ بوونەوە و بە گوڵ و ئاڵای ئێران و شادییەوە، پێشوازییەکی بەشکۆیان لە ڕێبەری مەزنی شۆڕش کرد.
کوردستان پارێزگایەکی فەرهەنگییە
ڕێبەری شۆڕش لە کاتی سەفەری بۆ کوردستان لە شاری سنە وتەدانێکیان پێشکەش کرد و ئەم پارێزگایەی وەکوو پارێزگایەکی فەرهەنگی ناو برد و ئەم میداڵی شانازییەی بۆ هەمیشە پێشکەشی خەڵکی کوردستان کرد.
هەروەها باسی پێویستیی یەکگرتووبوونی خەڵکی کرد و داوای کرد وشیار بن و نەبنە گوێبیستی خواستە نەیارانەکانی دوژمن.
ڕێبەری مەزن هەروەها لە وتەکانیدا باسی زمانی کوردی کرد و وتیشی: زمانی کوردی سەرمایەیەکی نەتەوەییە، ئەم سەرمایە نەتەوەییانە دەبێ کەڵکیان لێ وەربگیردرێت و بە کار بهێنرێت.
ئەم سەفەرە بە گشتی نیعمەتێکی گرینگ و هەمیشەیی بۆ کوردستان بوو کە دەستکەوتی زۆری بوو و تا ئێستاش ئاکامەکانی دەبینرێت. هەروەها گۆڕانێکی لە هەموو بوارەکان لە کوردستان پێک هێنا و لە زۆر بوارەوە ئەم پارێزگایە پاش سەفەری ڕێبەری ڕووی لە گەشە کرد بۆیە بۆتە خاڵی وەرچەرخانێک لە مێژووی ئەم پارێزگایە و هەرگیز لەبیری خەڵک ناچێتەوە.
ڕوانین و بۆچوونە نەرێنییەکان لە سەر ئەم پارێزگایە لابرا و تەنانەت دوژمنان ڕاوبۆچوونیان بۆ ئەم پارێزگایە گۆڕدراوە.
دەستکەوتەکانی سەفەری ڕێبەری بۆ کوردستان
ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو سەفەرەدا پارەیەکی زۆریان بۆ گەشەی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا تەرخان کرد و ئاکامەکانی ئەو کارە تا ئێستاش لە سەر ژیان و کاری خەڵکی کوردستان کاریگەری هەیە.
گۆڕانی بۆچوونە نەرێنییەکان، بڵاو بوونەوەی بانگی سوننەکان لە دەنگ و ڕەنگی کوردستانەوە، تەرخان کردنی زیاتر لە هەزار و 200 ملیار تمەن بۆ گەشە و ئاوەدان کردنەوەی پارێزگا، زۆر بوونەوەی موسافیر و گەشتیاران بۆ کوردستان، سوود وەرگرتنی 400 گوند لە گازی سروشتی، چوار هۆڵی وەرزشی 1200 کەسی، گەڵاڵەکانی بینا کردنی بەربەند، ئاوەدانی ڕێگای شار و گوندەکان، زۆر بوونەوەی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان و ... لە دەستکەوتەکانی ئەم سەفەرە لە بیر نەکراوەن کە تا ئێستاش خەڵکی ئەم پارێزگا کەڵکی لێ وەردەگرن و درێژەی هەیە.
شیاوی ئاماژەیە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی 22 تاکوو 28ی گوڵانی 1388 میوانی خەڵکی کوردستان بوو.
Your Comment