AP ١٤٠٣ ڕەزبەر ٧ ١١:٥٦

کارناسێکی سیاسی بۆ مێهر:

ئیسڕائیل دەیەوێت ناوچەکە ئاگر بدات و ئێران پەلکێشی شەڕێکی وێرانکەر بکات

ئیسڕائیل دەیەوێت ناوچەکە ئاگر بدات و ئێران پەلکێشی شەڕێکی وێرانکەر بکات

عوسمان گوڵپی، چاودێر و کارناسی سیاسی کورد دەڵێت: ئیسڕائیل بۆ ئاگرتێبەردانی ناوچەکە و وێرانکردنی دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عوسمان گوڵپی کارناس و چاودێری پرسە سیاسییەکانی ناوچە لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهر، وتی: ئەوەی ئیسرائیل و پشتیوانەکانی دەیکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامانجەکەی وێرانکردن و زەلیلکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی میللەت موسڵمانە.

وتیشی: ڕژێمی زایۆنی و پاڵپشتەکانی بە مەبەست دەیانەوێت شەرەکە فراوان ببێ و زۆر بەی ناوچەکان بگرێتەوە، ئەوان بەهێزی خۆیان لە ڕشتنی خوێنی خەڵکدا دەبیننەوە و دەستیش ناپارێزن.

عوسمان گوڵپی زیادی کرد: ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی زۆر دڵڕەقانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و مەبەستیانە وڵاتانی ناوچەکە وێران بکەن و خەڵکەکەی لە جەنگدا برسی ببێت.

هەروەها وتی: لە دوای وێرانکردنی غەزە و کوشتنی خەڵکەکەی و وێرانکردنی خاکەکەی ئیستا دەیەوێت لوبنانیش وەک غەززە لێ بکات، تەنها بەوەشەوە ناوەستێ بەڵکو ئامانجیەتی یەمەن و عێراق و سووریا و ئێرانیش بگرێتەوە.

ئاماژەشی دا کە ئیسرائیل بەو شێوازە بەردەوامبێ لە کوشتنی خەڵک و وێرانکردنی خاکی وڵاتان ئەوەیە کە زۆربەی وڵاتانی میللەت موسلمان بێدەنگن، وە دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتوە و چاویان لە کوشتنی هەزاران خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی شارەکان داخستووە.

ئەو کارناسە دەڵێت: گەر بێت و وڵاتانی ناوچەکە ئەم بێدەنگیە نەشکێنن و سنوورێک دانەنێن بۆ ئەم جەنگە ماڵوێرانکەرە ئەوا دەبێت چاوەڕێ بکەن لە داهاتوودا یەک یەک یان تەسلیمی سیاسەتی ئیسرائیل ببن یان رووبەرووی کوشتنی خەڵکەکەیان و وێرانکردنی وڵاتەکەیان ببنەوە.

جەختیشی کرد: سنووردانان بۆ ئیسرائیل لە ئێستادا گرنگترین کاری وڵاتانی ناوچەکەیە بە یەکدەنگی، وە ئەو کردەوانەی ئیسرائیل ئەنجامیان دەدات تاوانی جەنگن و دژی مرۆڤایەتین.

زیاتر ڕایگەیاند: ئێستا کاتی ئەوەیە وڵاتانی ناوچەکە هاوپەیمانێتیەک دژی دەستدرێژیەکانی ئیسرائیل و دۆستەکانی ڕابگەیەنن و لە یەکەم هەنگاویشدا داوای وەستانی جەنگ بکەن و سنوورێک دابنێن بۆ ئەو خوێنڕشتن و تاوانکاریانە، گەر ئیسرائیل بەردەوام بوو ئەوا ئەو هاوپەیمانێتیە ئامادەبێت لە ڕووی سیاسی و سەربازیەوە ئیسرائیل ڕاگرێت و نەهێڵێ داگیرکاری و دەستدرێژییەکانی بەردەوام بێت.

ئاماژەشی دا: بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە بەرامبەر ئەو تاوان و خوێنڕشتنەی لە غەزە و لوبنان دەکرێت بۆیە دەبێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بێدەنگ نەبن و بە هاوپەیمانێتیەکی پێکەوەیی ئیسرائیل ناچار بە وەستاندن بکەن یان دەبێت لە داهاتوودا زەلیلیان قبووڵ بێت.

News ID 51923

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha