بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەریەك لە غالب محەمەد عەلی و سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بڵاویانكردەوە، بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستیان کەوتووە، تەنیا پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین داتای دروستی پشکنین و تووشبون دەگەیەننە وەزارەتی تەندروستی عێراق، هەولێر و دهۆک ژمارەکان وەهمین و هیچ بنەمایەکیان نییە.
غالب محەمەد عەلی و سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامانی هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند: ماوەی ساڵێکە مەسرور بارزانی ژمارەیەک بەرپرس و وەزیری بێ ئاگا لە ژیانی خەڵک کردووە بە بەڵا بەسەر ژیانی کاسپ کاران و کرێکاران و شۆفێران و هاووڵاتیانی ئاسایی، لە کۆشکەکانی خۆیانەوە بە ئارەزوی خۆیان بریار دەدەن بێ ئەوەی هیچ بەلایانەوە گرنگ بێت خەڵک چۆن دەژی.
دەشڵێن: بریاری تازەی ئەم لیژنە بێ سەروبەرەی مەسرور سەپاندنی رێنمایی توندی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵەکانی وەرزش و مزگەوت و شوێنی پەرستگاکانە کە ئەم جێگایانە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت رێنمایی تەندروستییان تێدا جێبەجێ بکرێت بێ ئەوەی دابخرێن.
ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكەن، پارتی ژمارەی ساختەی پشکنین و توش بوو لە هەولێر و دهۆک بڵاو دەکەنەوە و ترس بڵاو دەکەنەوە، وەك خۆیان دەڵێن، بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستیان کەوتووە تەنیا پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین داتای دروستی پشکنین و توشبون دەگەیەننە وەزارەتی تەندروستی عێراق.
ئەوەشیان وتووە کە هەولێر و دهۆک ژمارەکان وەهمین و هیچ بنەمایەکیان نییە و لە دوو هەفتەی رابردوو رۆژانە کەمتر لە (۳٠٠) پشکنین کراوە لە هەریەک لە هەولێر و دهۆک لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین رێژەکە سەروو (۲٠٠٠) پشکنینە.
بە پێویستی دەزانن، پەرلەمانی کوردستان بە زووترین کات دەست بە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە لیژنەکانی حکومەت بکات کە بازار و گوزەرانی خەڵکیان خستۆتە مەترسی، ئەو لیژنەیە خۆی لە کۆرۆنا مەترسیدار ترە بۆ خەڵک.
Your Comment