بە پێی هەواڵی مێهر، ڕۆمانی "تۆپێک لە سەر ئاو" بۆ بەردەنگە تازە لاوەکان بە قەڵەمی نووسەری مەریوانی زانیار درەخشانی لە لایەن بڵاوگەی بیریاری سەقزەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
نووسەر لەم ڕۆمانەدا چیرۆکی ژیانی تازە لاوێک بە ناوی "یادگار" ئەگێڕێتەوە کە سەرەڕای کێشەی زۆر لە نێو بنەماڵە و گوندەکەیدا، عاشقی خوێندن و تۆپ و یاری تۆپی پێیە.
نەبوونی دەرفەتێ شیاو لە گوند، دابڕان لە خوێندن، بێکاری، کۆچ، نەپاراستنی ژینگە و ... ئەو بابەتانەیە کە لەم ڕۆمانەدا لە گۆشەنیگای یادگارەوە ئەگێڕدرێتەوە.
کتێبی "نیشتمانێک بۆ زام و لەشێک بۆ عەشق" بژاردەی شیعرە هەورامییەکانی فەرشید ڕۆستەمییە کە لە لایەن بڵاوگەی ئەفرودەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
لەم بەرهەمەدا هەوڵ دراوە شیعری نوێی هەورامی بناسێندرێت و پێشینەی ئەدەبیاتی کلاسیکی هەورامی شی بکرێتەوە. هەروەها شیعری 15 شاعیر لەم کتێبەدا وەرگێڕدراوەتەوە کە سەرەتا شاعیرانی شیعری نوێ و پاشان شیعری ئەو شاعیرانەی هێناوە کە هەردوو شیعری کلاسیک و نوێیان هەیە.
فەرشید ڕۆستەمی لە دایک بووی ساڵی 1376 لە هەورامانی تەختە و ئەمە سێهەمین بەرهەمی چاپ کراویەتی. پێشتر شانۆی "لە چاوەڕوانی گۆدۆ"ی ساموئیل بێکێتی وەرگێڕاوەتەوە و یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆشی بە ناوی " شێواو واتا من، جیهان، ئەفغانستان" بە هەورامی بڵاو کردەوە.
Your Comment