بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز لەبارەی ڕۆژی جیهانیی ئاشتی رایگەیاند: هیچ کام لە وڵاتانی جیهان هیچ کارێکیان بۆ ئاشتی نەکردووە، رۆژی جیهانیی ئاشتیش تەنیا دروشمێکە.
وتیشی: "دەوڵەتی تورکیا هیچ کات کاری بۆ ئاشتی نەکردووە، بەڵام بە شێوەی جۆراوجۆر درێژە بە شەڕەکانی دەدات".
ڕاشیگەیاند کە "هەموو ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن وەک سۆماڵ، ئازەربایجان و کوردستان، دەوڵەتی تورکیا دەبێت دەستی تیادا هەبێت، ناوچەکە کراوە بە گەرمترین جێگای شەڕ، رۆژی ئاشتی جیهانی وەک رۆژێکی رەمزی بوونی هەیە و هیچ پرەنسیپێکی بۆ دانەمەزراوە.''
لەبارەی هەوڵەکانی دابەشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست موسلیم وتی: "هەمو وڵاتان شەڕ و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبینن، بەڵام لە بەرامبەردا تەنیا سەیر دەکەن و بێدەنگ دەبن و بەشداری تیادا دەکەن، کاتێک وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد نیشان دەدەن، دەوڵەتی تورکیا کاردەکات بۆ هەڕەشەکردن لە ئەوروپا بە پەنابەر و چەکدارانی داعش، بەوهۆیەشەوە ئەو وڵاتانە بێدەنگ دەبن بەرامبەر ئەوەی کورد روبەڕوی دەبێتەوە".
Your Comment