٥ بژاردەی بەردەم ئێران پاش درێژە کردنەوەی گەمارۆی چەک و چۆڵ لە لایەن ئەمریکاوە

ئێران لە بەرامبەر هەوڵی ئەمریکا بۆ درێژەی گەمارۆگەلی چەک و چۆڵی، ٥ بژێرەی لە بەردەمە، هەتا هەنگاوی بەرامبەر هەڵگرێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی سیاسەت – موحسن ئەحەدی: هاوکاتی نزیکبوونەوەی لە کاتی دیارکراوی هەڵگیرانی گەمارۆگەلی چەک و چۆڵی، واشنتۆن هەوڵ دەدا ئاستەنگ بخاتە بەردەم ئەو بابەتە و پێش بە ئاسایی بوونی دۆخی ئێران لە بازاڕی چەک و چۆڵی جیهانی بگرێت؛ بەڵام خاڵی گرینگ لێرە ئەوەیە کە ئێران لەو بوارەدا دەست بەستراوە نییە.

مایک پەمپێئۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ساڵی ڕابردوو بە بێ ئاماژە بە فرۆشی ملیاردی چەک و چۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە وڵاتانی عەرەبی، کۆتایی گەمارۆگەلی چەک و چۆڵیی ئێرانی بە مایەی نائاسایشی رۆژئاوای ئاسیا دەزانی، لە گەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی ئەو گەمارۆیانە بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە مانگی ئاکتەوبر (کۆتایی مانگی ڕەزبەری ئەساڵی هەتاوی) بە دوو قۆڵی لە گەڵ برایان هۆکی بەرپرسی هەنگاوی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خوازیاری هەنگاوی بە پەلە بۆ وەستاندنی ڕەوتی کۆتایی گەمارۆکان بوون.

لەو بارەیەوە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا وێرای ئاشکراکردنی هەوڵی واشنتۆن بۆ ڕاکێشانی هاوڕایی ئەنجومەنی ئاسایش لە پێناو دەنگدان بە بڕیارنامەیەک بۆ درێژەی گەمارۆی چەک و چۆڵی ئێران، ڕایگەیاند: ئەگەر ئەمریکا لەو کارەدا سەرنەکەوێت، بە پشت‌بەستن بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ خۆی بە ئەندامی بەشداری بەرجام دەناسێنێ و بە پێی ئەو کارە میکانیزمی پەلەپیتکە چالاک دەکا و لەو رێگەوە هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر وەرزی حەوتەمدا کە گەمارۆی چەک و چۆڵیش بەشێکە لەو وەرزە، دەگەڕێنێتەوە.

لە بەرامبەردا ئێران بە بیرهێنانەوەی کشانەوەی یەک لایەنە و نایاسایی ئەمریکا لە بەرجام و بە پێداگری لەوەی کە واشنتۆن هەمبەر بە بەرجام هیچ مافێکی نییە، ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆگەلی چەک و چۆڵی، هەنگاوی بەرامبەر هەڵدەگرێ. ئەگەرچی وڵاتانێکی وەک چین و ڕووسیا بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە هەوڵەکانی ئەمریکا لەو بوارەدا ناژیرانەیە و واشنتۆن چیتر ئەندامی بەرجام نییە تا لەوبارەیەوە بڕیار بدات، بەڵام تارانیش بژێرەگەلێکی لە بەردەم کە دەتوانێ پێش بە هەنگاو و هەوڵە ئەمریکییەکان بگرێت کە بریتین لە:

۱- بەرتەسک کردنی پشکنینەکان

بە ئاواردانەوە لەوەی کە ئێران لە ژێر توندترین و قورسترین پشکنینەکانە، پێدەچێ کە ئێران دەتوانێ بۆ بەرتەسک کردنی پشکنینەکان لە سی بەشی ئاستی پشکنین، ڕێژەی پشکنین و مەودای پشکنین بڕیار بدات.

۲- بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندن

ئێران بەر لە بەرجام لە ئاستی لە سەدا ٢٠ی پیتاندنی ئەنجام دەدا و زۆر کەس ئەو بابەتەیان بە باڵێکی هێز لە دەستی ئێران دەزانی. شرۆڤەگەران لایان وایە بە ئاوردانەوە لە هێڵی سووری پیتاندنی باڵای لە سەدا ٥ی، ئەگەر بەرپرسانی ئێرانی گەڕانەوە بۆ ئاستی لە سەدا ٢٠ی ڕاگەیێنن، دەتوانن هەنگاوێکی کارا لە بەرامبەر ناپەیمانی رۆژئاوایی هەڵگرن.

۳- پێڕەونەکردنی پرۆتۆکۆلی پەیوەستی

ئێران بە پێی بەرجام، پێڕەوکردنی پرۆتۆکۆلی پەیوەستی بە شێوەی خۆویستانە ئەنجام دەدا و بە پێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، ئێران دەبێ لە هەشتەمین ساڵڕۆژی ڕێککەوتن، هاوکاتی ئاراستەکردنی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس، پرۆتۆکۆلی پەیوەستی لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لێک داتەوە و پەسند بکات.

بەڵام بە ئاوردانەوە لەوەی کە ئەمریکا بە شێوەی یەک لایەنە لە بەرجام کشاوەتەوە و سێ وڵاتی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنساش بەڵێنەکانیان ڕانەپەڕاندووە، هەندێک لە بەرپرسان پێڕەونەکردنی پرۆتۆکۆلی پەیوەستییان وەک بژێرەیەک لە بەردەم ئاراستە کردووە و ئەو هەنگاوە هوشدارێکی جیدییە بە لایەنە ئەورووپییە بەجێ ماوەکان لە بەرجامدا.

۴- کشانەوە لە NPT

ئێران لە ساڵی ١٩٦٨ پەیوەستی پەیمانی قەدەغەی پەرەدان بە چەک و چۆڵی ناڤۆکی (NPT) بوو و پاش شۆڕشی ئیسلامی، بەردەوام ئەندامێتیی لەو پەیمانە جێی مشت‌ و مڕ بووە. هەندێک لە کارناسان لە سەر ئەو بڕوایەن کە مانەوەی ئێران لە NPT بە ئاواردانەوە لە ناپەیمانیی بەردەوام رۆژئاواییەکان لە ڕاپەڕاندنی بەڵینەکانیان، سەرەڕای پابەندی ئێران بە بەرجام لە لایەن ئێرانەوە، کارێکی هەڵەیە. کەوایە کشانەوە لە NPT یەکێکە لە بژێرەکانی بەردەم ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەیمان شکێنی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی.

۵- کشانەوە لە بەرجام

یەکێک لە گرینگترین بژێرەکانی بەردەم ئێران کە بەردەوام بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەیمان شکێنی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی جەختی لێ کراوە، کشانەوە لە بەرجامە و کە بە گوێرەی وەزیری دەرەوەی ئێران یەکێکە لە بأیرە جۆراوجۆرەکانی ئێران.

محەمەد جەواد زەریف هەروەها لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند کە ئەگەر میکانیزمی دارایی ئەورووپا کاریگەر نەبێ، ئێران مومکینە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بکشێتەوە.

گۆڕانی ڕوانگەی ئێران لە دوکتۆریەنی ناڤۆکی

سەید عەباس عێراقچی جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنی مسکۆ بە بیرهێنانەوەی هاوکاری ئێران لە پرسی ناڤۆکی، وێرای هەڕەشە لە لایەنە رۆژئاواییەکانی بەرجام، ڕایگەیاند: ئەگەر پاداشتی ئێران پاش ئەو هەمووە دانوستان و پەیوەندی و هاوکارییە لە گەڵ ئاژانس، چالاک کردنەوە و گەڕانەوەی وەرزی حەوتەمی جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، ئەوە بەو مانایە دێت کە "دوکتۆریەنی ناڤۆکی" ئێمە هەڵە بووە و ئێمە دەبێ بە سیاسەت و دوکتۆریەنی ناڤۆکی خۆماندا بچینەوە.

هەروەها حەسەن ڕۆحانی ١٧ی گوڵانی ئەوساڵی هەتاوی لە کۆبوونەوەی کابینەکەدا جەختی کرد: هەڵوەشانەوەی گەمارۆگەلی چەک و چۆڵی، بەشی داکۆکی لێ کراوەی بەرجامە. ئەگەر رۆژێک گەمارۆی چەک و چۆڵی لە ژێر هەر ناو و هەر میکانیزمێک بگەڕێتەوە، وەڵامی ئێمە هەمانە کە لە نامەکەم بۆ سەرکردەی وڵاتانی ۱+۴ ئاماژەم پێ داوە و سەرکردەکان باش دەزانن کە وەڵامی ئێمە چیە و چ پاشهاتێکی بە دواوەیە.

ئەو دوو بابەتە نیشان دەدەن کە ئێران بە گرتنەبەری ستراتژییەکی ڕێک و پێک و بەرگرانە هەوڵ دەدا تا بە ئەورووپا بڵێت کە ئەگەر بڕیار بێ ئەوان درێژەی بە دەستەوەستانیان بدەن و لە بەرامبەر زێدەخوازیی ئەمریکا بێدەنگ بن، ئێران بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی گونجاو، دەتوانێ وەڵامێکی پێویست و گونجاو لە گەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانیی بداتەوە.

News Code 32803

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 3 =