بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئێوارەی ئەوڕۆ (دووشەممە) لە دیداری جۆزێف بۆرل هاوئاهەنگکاری باڵای سیاسەتی دەرەکی یەکێتی ئەورووپا، بە ئاماژە بە گرینگیی گەشەی پەیوەندی و هاوکارییەکان لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپی بۆ ئێران، ڕایگەیاند: بە داخەوە سەرەڕای هەوڵ و هەنگاوی ١٢ ساڵە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی بەرجام، شایەدی کشانەوەی یەکلایەنەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە بووین کە ئەو کارە بووە مایەی کێشە و ئاستەنگێکی زۆر لە بەردەم لایەنەکانی دیکە بۆ ڕاپەڕاندنی یەکجاریی بەڵینەکانیان لە بەرجام.
ڕۆحانی هەوڵی ئێران بۆ کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بەرجامیی لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە و بۆ پاراستنی ڕاگەیاند و بیری هێنایەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتاش ئامادەی دانوستان و هاوکاری لە گەڵ یەکێتی ئەورووپا بۆ چارەسەریی کێشەکانە و هەر کات لایەنی بەرامبەر بە تەواوی پابەندییەکانی ڕاپەڕێنێت، ئێرانیش دەگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی.
سەرۆک کۆمار بە ئیدانە کردنی سیاسەتی ئەمریکا هەمبەر بە وڵاتانی ناوچە و لەوان پلانی مامەڵەی سەدە بە هاوکاریی ڕژیمی زایۆنی لەم دواییەدا، ڕایگەیاند: ئەمریکا سەردار سولەیمانی وەک رێبەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی لە ناوچەدا تیرۆر کرد و ئەوە لە خۆیدا یارمەتییەکی گەورەیە بە پەرەسەندن و سەرهەڵدانەوەی تیرۆریزم لە ناوچەدا.
لەو دیدارەدا جۆزێف بۆرل بە ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری ئێران لە پرسە ناوچەییەکان و گەشەی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایشی ناوچە و گرینگیی گەشەی هاوکارییەکان لە گەڵ ئێران بۆ یەکێتی ئەورووپا، وتی: دەبێ بۆ چارەسەریی کێشەکانی بەردەم بەرجام هەموو هەوڵی خۆمان بخەینە گەڕ و بەداخەوەم بۆ لایەنە ئەورووپییەکان کە پابەندیان بە بەرجام ڕانەپەڕاند.
هاوئاهەنگکاری باڵای سیاسەتی دەرەکی یەکێتی ئەورووپا داکۆکی لایەنە ئەورووپییەکان بۆ پاراستنی بەرجام و چارەسەریی کێشەکان بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕێککەوتنەی بیرهێنایەوە و وتیشی: هەموو هەوڵ و توانستم بۆ سازدانی دانوستانێکی بەهێز لە پێناو پاراستنی بەرجام دەخەمە گەڕ.
Your Comment