دەسپێکی شێعری نوێی کوردی و گوڕانکاری لە فوڕمەکانیدا

کتێبی "دەسپێکی شێعری نوێی کوردی و گوڕانکاری لە فوڕمەکانیدا" ، کتێبێکی دوو زمانەی فارسی – کوردی لە نووسینی توێژەری دیواندەرەیی، "ئەنوەر مەعرەفەت‌"ـه که ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە لایەن بڵاوکەرەوەی گوتار و لە دووتۆی ١٥١ لاپەڕە ئاراستە کراوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕەزا شەجیعی لە پێشەکی ئەم کتێبەدا دەڵێت: "کتێبی "دەسپێکی شێعری نوێی کوردی و گوڕانکاری لە فوڕمەکانیدا" یەکێکە لەو کتێبە نایابانەی کە بە تایبەت ڕووانیویەتییە پرس و مێژووی شێعری نوێی کوردی و بێ گومان هەوڵێکی زۆر دراوە تا بە پشت‌بەستن بە کتێب و گۆڤارە بڵاوکراوەکان، وێنەیەکی ڕێک و پێک لە مێژووی گۆڕانکاریی شێعری کوردی ئاراستە بکات".

ئەم توێژینەوەیە لە ٤ بەش بۆ لێکدانەوەی ڕەوتی بیچم گرتنی نوێخوازی لە ئەدەبی کوردی پێکهاتووە و ڕەوتەکە لە کۆی جوگرافیای کوردستان لێک دراوەتەوە. ئەم کتێبە وێرای ئاوردانەوە لە هەموو ئاڵقە شێعرییەکان و تا جێی مومکین زۆربەی کۆمەڵە شێعرییە بڵاوکراوەکان بە تایبەت لە کوردستانی ئێران، کاریگەریی گۆڕانکاریگەلی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی وگوتاریی لە سەر ڕەوتی ئەدەبی کوردی بە تایبەت شێعر  شرۆڤە دەکات.

ئەم توێژینەوە لە سەرەتادا پێناسەی شەمس لەنگروودی لە سەر شێعری کوردی لە کتێبی "مێژووی شرۆڤەیی شێعری نوێ" کە دەڵێ "شێعری نوێ شێعرێکە خۆی لە پابەندیی نەریتی بە کێشی گرێبەستی و سەروا، ئیماژ، هێما و درکە رزگار کردووە"، دەکاتە پێوەر. گرینگیی ئەو جۆرە توێژینەوە ئەدەبیانە جگە لە ئاراستەکردنی ڕەوتی گۆڕانکاریی شێعر، بەهەرەیەکە کە لە رێگەی قووڵ خوێندنەوەی ئەزموون و داڕشتنەوە و نوێخوازیی داهێنەرانە بە دەست دێت.

لە بەشی یەکەمی کتێب لە ژێر ناوی "سەرهەڵدان و گۆڕانکاریی شێعری نوێی کوردی" ئاور لە بەستێنە مێژووییە کاریگەرەکان لە سەر گۆڕانکارییە ئەدەبییەکان بە تایبەت شێعر لە کوردستان دراوەتەوە و پاشهاتی گۆڕانکاریگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری لە بەستێنی ئەدەب و شێعر و ڕەوتی سەرهەڵدانی نوێخوازی لە کەشی شێعری کوردی تاوتوێ کراوە. لێکدانەوەی قۆناغە سەرەتاییەکان واتە ئەو قۆناغەی بە "گۆران"ی شاعیرەوە دەست پێدەکات و قۆناغی دووهەم واتە قۆناغی "پاش گۆران" لە شێعری کوردی و لێکدانەوەی ڕەوتەکانی ڕوانگە و کفرێ لەم وۆناغەدا و هەروەها ئاوردانەوە لە ئەزموونی شێعری شێرکۆ بێکەس وەک گەورەترین دەنگی شێعری ئەو قۆناغە بابەتگەلێکن کە لە بەشی یەکەم خراونەتە بەر باس. هەروەها سەرهەڵدانی فۆڕمالیزم لە شێعری نوێی کوردی، شێعری نوێی ناپێوەری کوردی، لێکدانەوەی گۆڕانکارییەکانی فۆڕم و ناوەڕۆک لە قۆناغی سێهەمی شێعری نوێی کوردی بەشێکی دیکەی ئەو بابەتانەن کە لەم بەشەدا خوێندراونەتەوە.

مەعرەفەت لە بەشی دووهەمدا لە ژێر ناوی "شێعری نوێی کوردی لە کوردستانی ئێران" لە دەلاقەیەکی مێژووییەوە دەڕوانێتە ڕەوت و بەرەکانی شێعری نوێی کوردی و بۆ ئەو مەبەستە ئاماژە بە چوار بەرەی شێعری نوێی کوردی دەکات کە بریتین لە:

ئا، بەرەی یەکەم ١٣٣٠ تا ١٣٥٠ی هەتاوی

ب، بەرەی دووهەم ١٣٥٠ تا ١٣٦٠ی هەتاوی

ج، بەرەی سێهەم ١٣٦٠ تا ١٣٧٠ی هەتاوی

د، بەرەی چوارەم ١٣٧٠ تا ١٣٨٠ی هەتاوی

پرسی گوتاری و دیسکۆرسیی دابڕان و مێژووی ئەدەبی کوردی، ناساندنی گرووپی داکار و گرووپی شێعری جیاواز، شێعری نوێی کوردیی باشوور و نوێ‌نەریتخوازان و کتێب‌ناسیی شاعیرانی نوێخواز بەشێکی دیکە لە مژارەکانی ئەم بەشەن.

لە بەشی سێهەم لە ژێر ناوی "گۆرانکاریگەلی فۆڕمی لە شێعری نوێی کوردی" بە ئاوڕدانەوە لە فۆڕمی شێعری نوێی فارسی، فۆڕمگەلی شێعری نوێی کوردی پێناسە کراون. لەمناوە چوارخشتەکی کوردی، بەیت، کۆپلە، کورتە شێعری ئازاد، پەخشانە شێعر، قەسیدە شێعر، چیرۆکە شێعر، وتارە شێعر، فۆڕمی ڕەش کراوە، فۆڕمی ئاوێتەیی و شێعراندن بە سەردێری بابەتەکانی ئەم بەشە دێنە ئەژمار.        

لە بەشی چوارەم کە بە زمانی کوردییە و ناوی "فورمەکانی کورتە شێعری نوێی کوردی" لێ نراوە هەوڵ دراوە فۆڕمەکانی شێعری نوێی کوردی و لەوان سێ خشتەکی و پۆستێرە شێعر، چرکانە و هایکۆ تاوتوێ و پێناسە بکرێن.

News Code 27316

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 6 =