۱۰ کوودەتای هەڵتەکێنەری جیهان

لەم ڕاپۆرتەدا چاوێک دەخشێنین بە هەندێ لە کوودەتاکانی جیهان کە ڕەنگە کەس ئاگاداری ڕوودانیان نەبووە، بەڵام توانیویانە جیهان هەڵتەکێنن.

گۆڤاری مێهر- شەرارە داوودی: کوودەتا بۆ زۆربەی ئێمە بیرهێنەرەوەی "کوودەتای ۲۸ی گەلاوێژ"ە؛ کوودەتا لە پێناسەی زەینیی ئێمەدا ڕووداوێکە کە تێیدا گرووپە سەربازی و سیاسییەکان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات هەوڵ دەدەن. هەڵبەت لە زانستی سیاسیدا کوودەتا بەمجۆرە پێناسە کراوە: "تەکنیکێکی سیاسی کە ئیئتیلافی سیاسیی نایاسایی بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی رێبەرانی هەنووکەی دەسەڵات لە رێگەی تووندوتیژی و هەڕەشەوە ئەنجامی دەدەن".

زۆربەی کوودەتاکانی جیهان ئاوێتەی زەبروزەنگ بووە و گەلێ جار پلان داڕشتنیان بە چەشنێک بووە کە لە ئەنجامدا کەسایەتیگەلی سیاسی لە سێدارە بدرێن؛ کوودەتا گەرچی لە رۆژێکدا ڕوو دەدات، بەڵام پێویستی بە چەندین مانگ و گەلێ جار بە چەندین ساڵ پلان و نەخشە بۆ داڕشتنە.

کوودەتا سەرکەوتووەکان ئەوانە بوون کە بە ئۆپراسیۆنە چەندلایەنە شاراوەکان و بە کەڵک وەرگرتن لە پڕۆپاگەندەی میدیایی و ڕەوانی توانیویانە ڕژیمی زاڵ بگۆڕن و سوپا بهێننە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.

لەم ڕاپۆرتەدا چاوێک دەخشێنین بە ۱۰ کوودەتای مێژوو کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لە سەر بارودۆخی کۆمەڵگاکانی جیهانی داناوە.

کوودەتای پاوەجێ

لە ساڵی ۱۹۸۰ جەماوەری وڵاتی چکۆلەی سورینام لە ئەمریکای باشوور ئاگاداربوونەوە کە حکوومەتەکەیان بە کوودەتایەکی سەربازی ڕووخاوە. "دێسی بوتێرز" رێبەرایەتیی ئەم کوودەتایەی لە ئەستۆدا بوو و توانی ئەم کارە تەنیا بە هاوڕێیەتیی ۱۶ پیاوی دیکە ئەنجام بدات، هەر بۆیە بە کوودەتای پاوەجێ ناوی دەرکرد.

لە رۆژی کوودەتا ئەم پیاوانە هێرشیان کردە سەر وێستگەی پۆلیسی سوینام و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیان خستە زیندان، پاش ئەوە خێرا قەدەغەی هاتووچۆ راگەیێندرا و ڕژیم گۆڕدرا.

لە ساڵی ۱۹۸۲ بوتێرز لە ڕیوڕەسمی لە سێدارەدانی کەسانێک کە دژی ملیتاریزەبوون بوون، بەشداری کرد. لەو ڕێوڕەسمە کە وەک کوشتاری دیسامبێر ناوی لێ‌دەبەن، ١٥ کەس کە چەندین پارێزەر و هەواڵنێریشیان تێدا بوو لە سێدارە دران. هەژێنەربوونی بابەتەکە زۆرتر لەو سونگەیەوە بوو کە سەرەڕای تاوانباربوونی بوتێرز بەو کوشتوبڕە، ناوبراو لە ساڵی ۲۰۱۰ توانی ببێتە سەرۆک کۆمار و بۆ ئەوەی رێگری بکات لە دادگایی کرانی خۆی، یاسایەکی نوێی بە یاسای بنەڕەتییەوە زیاد کرد بۆ ئەوەی خۆی لە تاوانەکان بێبەری کات. بوتێرز هێشتاش لە سورینام دەسەڵاتدارە.

کوودەتای بێ‌خوێنڕشتنی بێرمە (میانمار)

گەرچی زۆربەی کوودەتاکانی جیهانی لە لایەن کەسانی سیاسییەوە دەکرێت و ئەو کارەش بە بەهرەوەرگرتن لە رێگاگەلی سەربازییەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە مێژووی کوودەتا سەربازییەکاندا دەکرێت ئاماژە بە نموونەیەک بکرێت کە بە بێ‌خوێنڕشتن سەرکەوتووە. کوودەتای ساڵی ۱۹۶۲ لە بێرمە یەکێک لەو کوودەتایانەیە کە بە بێ‌خوێنڕشتن بووە و لە لایەن تاقە کوڕی ژێنڕاڵ سائۆوە ئەنجام دراوە.

بەیانیی رۆژی دووهەمی مارچی ۱۹۶۲ ژێنراڵ نێڤیین توانی کوودەتایەک رێبەری کات کە پاش ئەوە دەوڵەتی دژەفاشیستی بێرمە لە سەر کار لابرا و هەڵبەت ئەو ڕووداوە بە کەمترین ئاستی تووندوتیژی ئەنجام درا. لەوبارەوە ڕیوایەتگەلی جۆراوجۆر هەیە؛ هەندێ دەڵێن ئەم کوودەتایە بە هاوئاهەنگیی فەرماندەگەلی سەربازی و بە بەدەستەوەگرتنی فەرماندەکان و ژێنراڵەکان ڕووی داوە، تاقمێکی دیکە دەڵێن نێڤیین توانی بە بێ گوشار دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت. لە ئەنجامدا دەوڵەتی سەربازیی بێرمە بە بەرچاوی جەماوەر پاوەجێی سیاسی خۆی لە دەست دەدات. هەڵبەت لەمناوە هەندێک دەگێڕنەوە کە ئەم کوودەتایە گەرچی دەسەڵاتێکی گەندەڵی وەلاوە نا، بەڵام بوو بە هۆی هاتنە سەرکاری هێزی چەکداریی گەندەڵ. بەڵام بەوەشەوە ناکرێت نکۆڵی لە سەرکەوتوویی ئەم کوودەتایە بکرێت.

کوودەتای بەکر سدقی

۲۹ ئەکتەوبری ۱۹۳۶جگە لەوەی کە یەکەمین کوودەتای عێراق ڕووی دا، بەڵکوو هاوکات یەکەمین کوودەتای وڵاتانی عەرەبی ئەنجام درا. ئەم کوودەتایە بە رێبەرایەتیی ژێنڕاڵ بەکر سدقی  بووە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، ياسين هاشمى و حکوومەتی حیکمەت سولەیمان لە بری ئەو دانیشت. گرینگترین خاڵی بەرچاوی ئەم کوودەتایە ئەوە بوو کە سدقی خۆی دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و وەک فەرماندەی ئەرکانی سوپای ئەوکات چالاکییەکانی دەست پێکرد.

لە کاتی کوودەتا یاسین هاشمی لە دەرەوەی شار بوو و بەکر سدقی بە کۆنتڕۆڵ کردنی سوپا توانی بە ئاسانی و بە کەمترین بەرەنگاری کوودەتاکەی سەرخات. چیرۆکی ئەو کوودەتایە لەو جێگەوە دەستی پێ‌کرد کە ١١ فرۆکەی سەربازی کاغزگەلی سیاسیی وڵاتیان لە بەغدا بە سەری خەڵکیدا هەڵڕشت. کاغەزگەلێک کە کۆمەڵێک زانیارییان سەبارەت بە سەرۆک وەزیران و نامەی دەست لە کارکێشانەوەی ئەو کە خود سدقی واژۆی کردبوو، دەخستەڕوو. وەزیری بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بابەتە لە گەڕانەوە بۆ بەغدا بە فەرمانی سدقی لە لایەن دوو کەسەوە کە بۆ تیرۆری ئەو و هاشمی دیاری کرابوون، کوژرا. سدقی لە بەغدا بە توانای سوپاوە کۆنتڕۆڵی حکوومەتی گرتە دەست. بەڵام بەوەشەوە ئەم کوودەتا سەرکەوتووە تەنیا یەک ساڵ درێژەی خایاند و سدقی لە ساڵی ١٩٣٧ تیرۆر کرا.

بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازاد

بزووتنەوەیەک کە بوو بۆ هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی ساڵی ۱۹۵۲ لە میسر و لە میانەی نائارامییە سیاسییەکان بوو. لە ساڵی ۱۸۸۲ کە بەریتانیا، میسری داگیرکرد، هیچ جێی سەرسوورمان نییە کە گرووپە دژبەرەکان لە گەڵ ئەم هێزە دەسەڵاتدارە لە پەرەسەندن و گەشەکردندابن.

لە کۆتایی ساڵی ۱۹۵۱ گرووپی خۆڕاگریی میسر پلانگەلێکی لە سەر پێوەری هێرش بۆ ناوەندەکانی گواستنەوە و ئیدارەکانی بەریتانیا داڕشت. پۆلیسی میسر لە بری دەستگیرکردنی ئەو شۆڕشیانە پشتیوانی لێ‌دەکردن و لە وەڵامدا ئەوە خود بەریتانییەکان کە هێرشیان دەکردە سەر بنکە و بارەگای پۆلیسی میسر. ئەو ڕووداوانە دەسپێکی شۆڕشێکی مەزن بوو کە نیشانی دەدا میسر خۆی بۆ گۆڕانێک ئامادە دەکات.

گرووپێک کە ناوی ئەفسەرانی ئازادیان لەخۆنابوو و لە لایەن محەمەد نەجیب و هابیل ناسر رێبەری دەکران، بە پشتیوانیی ئیخوانولموسلمین و بزووتنەوەی دیموکراتیکی کۆمۆنیستی پلانی کودەتایان داڕشت و پلانەکە لەوێوە دەستی پێ‌کرد کە ئەفسەرانی ئازاد بە دەستگیرکردنی کەسانی نزیک لە مەلەک فارۆق و پاشان بە سواری فرۆکە بەرەو پێتەخت هەڵفرین. بەیانیی رۆژی دواتر لە ڕادیۆ ڕایانگەیاند کە شۆڕش کراوە و ئەم بابەتە بوو بە هۆی لە سەرکار لاچوونی مەلەک فارۆق و دوای ئەو ڕووداوە محەمەد نەجیب وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری فەرمی میسر هەڵبژێردرا.

شۆڕشی ئازادیخوازی

بە پێچەوانەی زۆربەی کوودەتا سەربازییەکان کە لە ماوەی چەند رۆژدا بە ئاکام دەگەن، ئەم کوودەتایە لە ئارژانتین یەک مانگی خایاند. ئەگەر خوان پرۆن لە ساڵی ۱۹۵۲ وەک سەرۆک کۆمار هەلبژاردرا، بەو هۆیە بوو کە پشتیوانیی زۆری لە سەرانسەری وڵات و لە کاتی کێشە سیاسییەکاندا مسۆگەر کردبوو.

شۆڕشییەکان لە ۱۶ی ژووئەنی ۱۹۵۵ سێ فرۆکە لە سوپا و هێزی دەریاییان بۆردومان کرد، لەو شەوەدا لایەنگرانی پرۆن چەندین کلێسەیان ئاگردا و حکوومەت هەر لەو شەوەدا و لە نێوان بشێوی و ئاڵۆزییەکی زۆردا ڕووخا.

لە ١٩ی سێپتامبێر شارەکانی ماردرێل پلاتاش بۆردومان کرا و سەرۆک کۆمار پرۆن لە ترسی شەڕی هەمەلایەنەی ناوخۆیی لە وڵات هەڵدێت و لۆناردۆ کە رێبەریی کوودەتای لە ئەستۆبوو خۆی وەکوو سەرۆکی دەوڵەت دەناسێنێت، بەڵام ئەم بابەتە زۆر درێژە ناخایێنێت و پێدرۆئارامبۆرا بە شێوەی فەڕمی دەبێتە سەرۆک کۆماری ئارژانتین.

شۆڕشی ڤووچانگ

وەتەڵە پەڕاندنی دوژمن لە زەوینی خۆیدا باشترین کلیلی هەر کوودەتایەکی سەرکەوتووە، بەڵام چ ڕوو دەدا کە تەنانەت خود شۆڕشییەکانیش ڕادەچڵەکێن؟ لە ١٠ی ئاکتەوبری ۱۹۱۱ ڕێک ڕووداوێکی لەو چەشنە بۆ گرووپێک لە شۆڕشییەکان لە چیندا ڕووی دا، تەقینەوەی بۆمبێک بە شێوەی لەنەکاو بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان هەر لەو رۆژەدا دەست بدەنە کوودەتا.

بەڵام سوپای چینی نوێ، توانی شاری ڤووچانگ لە ماوەی کەمتر لە یەک رۆژ بگرێت. لەوپەڕی سەرسووڕماندا سیلسلەی چینگ کاردانەوەیەکی زۆری بەو شۆڕشە نیشان نەدا و لە ئەنجامدا ئەوە شۆڕشییەکان بوون کە توانیان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن، ۱۵ ناوچەی دیکەش بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە گەڵ شۆڕشییەکان دیداریان کرد و بنەمایەکی نوێیان بۆ چین بنیات نا کە تێیدا توانیان کۆتایی بێنن بە ۲ هەزار ساڵ دەسەڵاتی پادشایی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە.

شۆڕشی سوور

ئەفغانستان لە درێژەی دەیەی ۱۹۷۰ وڵاتێک بە کێشەگەلی سیاسیی زۆرەوە بوو. لە ساڵی ۱۹۷۲ محەمەد داوود خان رێبەرایەتیی کوودەتایەک لە دژی شای بە ئەستۆوە گرت و هەر خۆی بووە یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەفغانستان. پاش ڕووخانی دەسەڵات، گەرچی داوود چالاکیی زۆری بوو، بەڵام پارتی دیموکراتیکی گەلانیش ئایدیاگەلێکی بۆ ئیدارەی وڵات هەبوو و لەمناوە داوود بە هۆی ئەوەی کە لە لایەن ئەو پارتەوە هەستی بە مەترسی دەکرد، چەند کەس لە رێبەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی دەستگیر کرد، بەڵام شۆڕشی سوور ڕێک لە شوێنێکەوە سەری هەڵدا کە حەفیزوڵڵا ئەمین، یەکێک لەو رێبەرانە لە ماڵی خۆیدا زیندانی کرا و بە پلان داڕشتنەکان و گەیاندنی فەرمانەکانی بە سەرکردەکانی سەربازی لە رێگای بنەماڵەکەیەوە توانی سەرنجی سوپا و هێزی ئاسمانی بۆ لای خۆی ڕاکێشێت.

لە ۲۷ی ئاڤریلی ۱۹۷۸ یەکێتی سوڤییەت بە فرۆکە شەڕکەرەکانی خۆی کۆشکی نەتەوەیی کردە ئامانج و ئەو هێرشانە تا شەو درێژەی بوو، بەیانیی رۆژی دواتر سەربازان کۆشکیان گەمارۆ دا و داوودیش فەرمانی خۆتەسلیم کردنی دەرکرد. بەوەشەوە داوود بە تەقەی گولەیەک کوژرا و ساڵی ۲۰۰۸ تەرمەکەی ئەو لە گەڵ تەرمی ۲۷ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کە هاوسەر و منداڵەکانیشی لە خۆ دەگرت، لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا دۆزرایەوە.

شەوی چەقۆ درێژەکان

لە ساڵی ۱۹۳۴ ئادۆڵف هیتلێر کوودەتایەکی سەرکەوتووانەی لە دژی جەماوەری خۆی خستە ڕێ کە بە "ئۆپراسیۆنی پاکتاوی خوێنین" ناوی لێ‌دەبرێت. بەوەشەوە لە مێژوودا بە "شەوی چەقۆ درێژەکان" ناوبانگی دەرکردووە و ئەو کوودەتایە وەک هەڵخەڵەتێنەرترین کوودەتاکانی جیهان دەناسرێت.

پاش ئەوەی کە لە ساڵی ۱۹۳۳ هیتلێر لە ئاڵمانیا بەدەسەڵات گەیشت، هێزی پۆلیسی نازی کە تا ماوەیەکیش هەر بەو ناوە دەناسرا، دەیانەویست وەک سوپای نیشتمانی ئاڵمانیا بناسرێن، بەڵام هیتلێر پلانی دیکەی بە دەستەوە بوو و لە یەکێک لە وتەدانەکانی خۆی، ئەوانی بە دەرمانێک زانی بۆ دیپلۆماتە بیانییەکانی خۆی.

کاتژمێر ۶ی سەرلەبەیانیی رۆژی ۳۰ی ژووئەنی ۱۹۳۴ هیتلێر لە گەڵ چەندین کەس دەچێتە هالی لە موونیخ و بە دەستگیرکردنی چەند ئەفسەرێکی پلەبەرزی پۆلیسی نازی کۆتایی بەو گرووپە دەنێت. تا کاتژمێر ۱۰ی هەمان رۆژ زۆربەی کەسانی ئەو ڕێکخراوە کۆکرانەوە و ڕەوانەی زیندان کران. تا سێ رۆژ دواتر زۆربەی ئەو کەسانە لە زینداندا بە کۆڵت خۆکوژیان کرد و تەواو بەڵگەکان سڕانەوە. هەروەها راگەیاندنی مەرگی ئەو کەسانە قەدەغە کرا، هەر بۆیە ژمارەیەکی دروست لە کوژراوانی ئەو شەوە بە دەستەوە نییە و هەندێک لایان وایە کە ژمارەی کوژراوان دەگاتە ۱۰۰۰ کەس.

۱۱ سێپتامبێری دیکە

لە رۆژی ۱۱ی سێپتامبێری ۱۹۷۳ فەرماندەی سوپای شیلی، ژێنڕاڵ ئاگۆستۆ پینۆشە کوودەتای خۆی لە دژی سالوادۆر ئالێندە سەرۆک کۆماری مارکسیستیی شیلی دەست پێکرد. هەموو شتێک لە بەیانییەکەوە دەستی پێکرد کە پینۆشە لە ڕادیۆدا ڕایگەیاند کە ئالێندە دەبێ تەواو دەسەڵاتەکانی پۆلیس ڕادەستی سوپا بکات. ئالێندە لە بری ئەو کارە وتەدانێکی سەبارەت بە ئازادیی شیلی پێشکەش کرد و لە گەڵ بنەماڵەکەی لە کۆشکی سەرۆک کۆماری خۆی بۆ هێرشی شیمانەکراوی کوودەتاچییەکان ئامادە کرد. لە کۆشکدا، ئالێندە خۆی بە ڕەشاشە دیارییەکەی فیدل کاسترۆوە تەیار کرد و چاوەروان ما، کاتژمێر ۹:۲۰ی بەیانی شەڕ بە هێرشی تانکەکانەوە دەستی پێکرد.

سەرۆک کۆمار بە هاوڕیی تاقمێک لە پیاوانی بە ئەمەگی خۆی، تەقەیان لە تانکەکان کرد و بۆ ئەوەی بتوانن تانکەکان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کەن، لە پەنجێرەیەکەوە بۆ پەنجێرەیەکی دیکە لە هاتووچۆدابوون. ژێنڕاڵ پینۆشە، هەڕەشەی لە ئالێندە کرد کە هێرش دەکاتە سەر کۆشک، بەڵام ئالێندە هەر درێژەی بە خۆڕاگری و بەرەنگاری دەدا و لە بەرمبەردا داوای لە ژنان و منداڵان کرد کە تا کاتێک کە ئەو و یارانی تا سەرەمەرگیان بەربەرەکانی دەکەن، لە کۆشک بچنە دەرێ. هەر لەو بارودۆخەدا ۱۸ بۆمب بەرەو کۆشک تەقیندراوە و ئالێندە بۆ ئەوەی نەتوانن دەستگیری کەن ڕەشاشەکەی ڕەوەو خۆی گرت. پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ هەموو شتێک کەوتە ژێر دەسەڵاتی ژێنڕاڵ پینۆشە.

ئۆپراسیۆنی  PBSUCCESS

لە کوودەتای ۱۹۵۴ی گواتمالا تەنیا ئۆپراسیۆنێکی نەهێنی لە لایەن سیاوە پشتڕاست کراوەتەوە کە ئەویش لە لایەن سەرۆک کۆمار ئایزێنهاڤێر رێبەری کرابوو و ئامانج لە سەرخستنی ئەو کوودەتایە ڕووخاندنی دەسەڵاتی رێبەری هەڵبژێردراو جەیکۆب ئاربێنز بووە.

ساڵێک پێش ئەو ڕووداوە، ئاربێنز هەزاران دونم زەوی کە هی کۆمپانیاکانی میوەی ئەمریکی بوو، داگیرکرد و بەو کارە بووە هۆی تووڕەبوونی ئەمریکاییەکان. لە مانگی ئەگێستی ۱۹۵۳ ڕێکخراوی سیا پلان داڕشتنەکانی بۆ کوودەتا و بشێوی لەو وڵاتەدا دەست پێکرد و دەستی دایە ئۆپراسیۆنێک کە بە ئۆپراسیۆنی PBSUCCESS ناسراوە. پلانەکە بەو شێوە بوو کە ئەمریکا پشتیوانی لە شۆڕشییەکانی گواتمالا کرد، بە بێ ئەوەی کە کەس ئاگاداری بوونیان بێت.

هێزە شۆڕشییەکانی گواتمالا لە لایەن کارلۆس کاستیلۆ رێبەرایەتی دەکران و ئەفسەرێکی سیا مە‌شقی سەربازی پێدەدان. شەڕی ڕەوانی سیا و بەهرە وەرگرتن لە پرۆگرامە تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەکان رێگاگەلێکی دیکە بوو کە ئەوان بۆ ڕووخاندنی حکوومەت گرتبوویانە بەر.

لە رۆژی هێرشدا گەرچی بە کردەوە کوودەتا شکستی هێنابوو، بەڵام شۆڕشییەکان بە پڕۆپاگەندە خۆیان سەرکەوتووی ئەو مەیدانە دەناساند، لەمناوە ئەمریکا دوو بۆمبی دووکەڵ هێنەری بێ مەترسیی ڕەوانەی گواتمالا کرد و ئەوانیش ئەو بۆمبانەیان تەقاندەوە و ئەم ڕووداوە گومانی سەرکەوتنی لە ناو شۆڕشییەکاندا پەرە پێدا. هەر بەو هۆیە ئاربێنز لە پۆستی خۆی کشاوە و دوای ١٠ رۆژ کارلۆس کاستیلۆ سوێندی نوێی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری خوارد و پاش ئەوە بوو کە ڕێکخراوی سیا لە چەمکی PBSUCCESS بۆ گۆڕانکارییەکانی مەبەستی خۆی لەو ڕژیمەدا بەهرەی وەرگرت.

 

News Code 2643

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 14 =