بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران دوای گفتوگۆی دوو قۆڵی لە تاران کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکخست.
حەلبوسی لەو کۆنفڕانسەدا وتی: هیوادارم هاوکارییەکان و پەیوەندی نێوان دوو وڵات زیاتر بێتەوە. خاڵی هاوبەشی ئایینی و جوگرافیایی لە نێوان ئێران و عێراقدا هەیە، ئاسۆی پەیوەندییەکانی ئێمە دەبێ بەرفراوانتر بێت.
وتیشی: لە سەر هەندێ پرسی جۆراوجۆر قسەمان کردووە لەوانە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دوو وڵات بە تایبەتی لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکان کە لە بەرژەوەندی دوو وڵات ئەم هەڵوێست گرتنانە ئەنجام ببێت.
ڕاشیگەیاند: بەردەوام بوونی هاوکاری کۆمیسیۆنە هاوبەشەکان، زەروورەتی جێگیربوونی پاوەجێی و نۆژەن کردنەوەی ێراق پاش شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لەو تەوەرانە بووە کە لەگەڵ بەرپرسانی گفتوگۆیان لەسەر کراوە.
حەلبوسی سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە شکست دانی تیرۆریزم لە عێراق وتی: عێراق لە نوێنەرایەتی هەموو جیهانە لەگەڵ تیرۆریزم شەڕی کرد و بە هەوڵ و ماندوویی ڕۆڵەکانی خۆی توانی ئەم گرووپە تیرۆریستیە شکست بدات و ئەمەش بێ یارمەتی ئێران نەدەکرا.
جەختیشی کرد کە گەمارۆکانی دژ بە ئێران پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و عێراق ئیدانەی دەکات.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرش کردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران.
حەلبوسی زیادی کرد: ئەو هێزانەی لە عێراقدان لەسەر بانگهێشتی دەوڵەتی بەغدا هاتوون و ڕاسپاردەییان بەرەنگاریی گرووپە تیرۆریستەکانە و هیچ مەترسیەکیان بۆ وڵاتانی دراوسێ نابێت.
Your Comment