AP ١٣٩٤ ڕەشەمە ٢٣ ٠٨:٢٢

هێرمیداس باوند لە گفتوگۆ لە گەڵ مێهر ڕایگەیاند؛

تورکیا بە دوای خۆده‌رخستن لە سووریایە/هەوڵی بێ‌ئەنجامی هەرێمی کوردستان

تورکیا بە دوای خۆده‌رخستن لە سووریایە/هەوڵی بێ‌ئەنجامی هەرێمی کوردستان

دوکتۆر باوند بە ئاماژە بە ئیدعای سیاسیی تورکیا بۆ ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ سووریا، ڕایگەیاند: لەو ڕووەوە کە تورکیا خۆی لە قەیرانێکی گەورەدا دەبینێت، هەوڵی دا بەو هەڕەشەیە بە جۆرێک "خۆنیشان" بدات.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- ڕامین حسێن ئابادیان: لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو شاهیدی گۆڕانکارییە سیاسی – مەیدانییە جۆراوجۆرەکان لە زۆربری شوێنه‌کانی ناوچەدابووین کە لە گرینگترینی ئەم گۆڕانکارییانە دەکرێت ئاماژە بە باسی جێگربوونی ئاگربڕ لە سووریا بکرێت. ئەم ئاگربڕە پاش پێنج ساڵ شەڕ و خوێنڕشتن دواجار بە ڕێککەوتنی مۆسکۆ و واشنتۆن لە رۆژی شەممەی حەوتەی ڕابردوو بە شێوەی فەرمی جێبەجێ کرا. هەرچەند تا ئێستا چەندین نموونە لە پێشێل کردنی ئاگربڕ لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ڕاپۆرت کراوە، بەڵام "ستیفان دی میستۆرا" ڕاسپێردراوی تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا ڕایگەیاندووە کە ڕەوتی گشتیی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئاگربڕ تا ئێستا سەرکەوتووانە بووە.

لە لایەکی دیکەوە لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوو شاهیدی ئەوە بووین کە تورکیا لە پاشەکشێیەکی ئاشکرا لە سیاسەتی سەربازیی خۆی بە نیسبەتی قەیرانی سووریا، ڕایگەیاند کە ئەنقەرە نایەوێ هێزی زەوینیی خۆی ڕەوانە سووریا بکات. ئەم لێدوانانەی کاربەدەستانی تورکیا لە کاتێکدایە کە ئەوان هێشتاش درێژە بە هەڵوێستی سەربازیگەرانەی خۆیان هەمبەر بە قەیرانی سووریا دەدەن، چونکا ئەنقەرە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە بە دوای ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سووریا بە بیانووی شەڕ لە دژی تیرۆریزمی تەکفیرییەوەیە.

جگە لەوە، سەبارەت بە گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی لوبنانیش لەمدواییەدا شاهیدی تەشەنەسەندنی سیاسەتی دژبەرانەی ڕژیمی سەعوودی هەمبەر بە حزبوڵڵای لوبنان بووین، ڕەژیمی سەعوودی لەمدواییەدا بە مەبەستی دروست کردنی کەلێن و ناکۆکی لە نێوان دەوڵەتی لوبنان و حزبوڵڵا، ڕەوانەکردنی یارمەتیی سەربازی بۆ لوبنان کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەڵێنی پێ‌دابوون، وەستاند. خاڵی بەرچاوی کردەوەی سەعوودییەکان ئەوەیە کە ئەوان لەوپەڕی سەرسوورمان هەوڵەکانی حزبوڵڵا وەک سەرەکیترین هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یارمەتییانە ڕاگەیاندووە.

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی عێراقیش، "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند حەوتە لەوە پێش ڕایگەیاندبوو کە سەربەخۆیی کوردەکان پێویستی بە بەڕێوەچوونی گشتپرسییە. ئەم لێدوانانە لە لایەن زۆربەی بەرپرسانی دەوڵەتی عێراقەوە ڕەخنەی لێ‌گیرا. "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا وێرای دەربڕینی ناڕەزامەندیی دووبارەی خۆی لە گەڵ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە: وەدی هاتنی ئەم بابەتە تەنانەت لە بەرژەوەندیی خود کوردەکانیش نییە.

هەواڵنێری مێهر سەبارەت بەم مژارانە گفتوگۆیەکی لە گەڵ دوکتۆر "داوود هێرمیداس باوند" کارناسی پرسی رۆژهەڵاتی ناڤین و نێودەوڵەتی ساز داوە کە لە خوارەوە دەیخوێنینەوە:

* ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە سووریا لە کاتێکدا گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێ کردن کە هەندێ گومانی وەک سازبوونی دەرفەتێک بۆ خۆتەیارکردن و ڕاکێشانی هێزی نوێ لە لایەن تەکفیرییەکانی لە سەرە و ئامانجی سەرەکی ئەمریکاش لە ڕەزامەندی بۆ جێبەجێ کرانی ئەو گەڵاڵەیە هەر ئەوە بووە. لێکدانەوەی ئێوە لەمبارەوە چیە؟

ـ بە ئاوردانەوە لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا و هتد هەمبەر بە قەیرانی سووریا، تەواو ڕوونە کە ئەوان لە هێرشی ئاسمانیی سوپای ڕووسیا بۆ سەر بنکە و مۆڵگەی تەکفیرییەکان زۆر نیگەرانن. ئەوان بۆ پاساودانی ئیدعای خۆیان، پاگەندەی ئەوە دەکەن کە ڕووسیا جگە لە مۆڵگەکانی داعش و بەرەی نوسرە، بنکەی گرووپە چەکدارەکانی دیکەی لە سووریاش کردووەتە ئامانج. هەر بەو پێیە، ئەوان بڕیاریان دا، لانی کەم بە شێوەی کاتی ڕێککەون لە سەر جێبەجێ بوونی ئاگربڕ.

* بە بڕوای ئێوە ئایا بەرهەڵستکارانی چەکداری سووری پابەند دەبن بە ڕێککەوتنی ئاگربڕ، یان درێژە بە پڕۆپاگەندەکانی خۆیان لەبارەی پێشێل کرانی ڕێککەوتنەکان لە لایەن سوپای سووریا و هاوکات درێژە بە هەوڵەکانی خۆیان دەدەن؟

ـ لە وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە ئەوە بڵێم کە بەرهەڵستکارانی چەکداری سووریا دەرەتانێکی زۆریان لە بەردەستدا نییە بۆ پێشێل کردنی ئاگربڕ. ڕێککەوتنی ئاگربڕ جەخت لە کۆتایی ‌هێنان بە شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە دەکاتەوە. سوپای سووریا لە هیچکام لەو ناوچانەی هێناویەتیە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، نەکشاوەتەوە. کەواتە پێناچێت کە بەرهەڵستکاران لە درێژەی ئاگربڕەکەدا بە دەسەڵاتێک بگەن کە بە پشت بەستن بەو دەسەڵاتە بتوانن ڕێککەوتنەکە پێشێل کەن یان هەڵی‌وەشێننەوە. کۆنتڕۆڵی سووریا بە سەر زۆربەی ناوچەکان رێگرە لە گەیشتنی چەک و جیهازاتی شەڕ بە بەرهەڵستکاران و هەروەها شیمانەی پێشێل کردنی ئاگربڕ لە لایەن ئەوانەوە کەمدەکاتەوە.

* تورکیا ڕایگەیاندووە کە هێزی زەوینی خۆی بە بیانووی شەڕ لە گەڵ داعش ڕەوانەی سووریا دەکات. بەوەشەوە، بەرپرسانی ئەنقەرە ماوەیەک لەوە پێش وەک پاشگەزبوونەوە لەو سیاسەتە ڕایان گەیاندبوو کە پرسی هێرشی زەوینی بۆ سووریا لە ئێستادا مومکین نییە. بە بڕوای ئێوە ئامانجی تورکیا لە خستنەڕووی ئەم پڕۆپاگەندە سیاسییە چی بووە؟

ـ هەروەک دەزانن تورکیا لە ئێستادا خەریکی شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە گەڵ پەکەکەیە. کاربەدەستانی تورکیا لە کوردەکانی دانیشتووی سووریاش وەک لایەنگران و هاوپەیمانانی پەکەکە دەڕوانن. لەو ڕووەوە تورکیا شەڕ لە گەڵ تیرۆریستە تەکفیرییەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی سووریای کردووەتە بیانوویەک بۆ سەرکوت کردنی کوردەکانی سووریا. هەڵبەت لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەنقەرە سەبارەت بە هێرشی زەوینی وەدی نەهات. ئەوان بە بیانووی داعش، هەوڵی سەرکوت کردنی کوردەکانی سووریایان لە رێگای هێرشی تۆپخانەیی بۆ سەر ناوچەی شوێنی نیشتەجێ‌بوونی کوردەکان دا.

لە لایەکی دیکەوە بەو پێیە کە تورکیا پێنج ساڵ لەوە پێش خۆی لە شەڕی سووریا وەرداوە و ئێستا بە ئاوردانەوە لە گۆرانکارییەکانی ئەم دواییە لەو وڵاتە، خۆی لە بارودۆخێکی تەواو قەیرانئاویدا دەبینێت، هەوڵ دەدا بە هەڕەشەی هێرشی سەربازیی زەوینی بۆ سووریا بە جۆرێک خۆنیشان دات.

بەوەشەوە، مومکین نییە بەرپرسانی ئەنقەرە پاش هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازیی زەوینی لە سووریا بیریان لە هەڤیازی وەرگرتن لە بەرپرسانی ڕووسی سەبارەت بە قەیرانی ئەو وڵاتە کردبێتەوە. لە هەر حاڵدا، لە ئەنجامدا ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو کە بە توندی هوشداری بە ئەنقەرەدا کە دەست لە هەر چەشنە سەربزێوییەک لە سووریادا هەڵگرێت. ئەمریکاییەکان بە کاربەدەستانی ئەنقەرەیان ڕاگەیاند کە بەرژەوەندیی ئەوان لەو بارودۆخەی ئێستادا "خوبواردن و تاقەت هێنان"ە.

* عەرەبستانی سەعوودی لەم دواییەدا پێدانی یارمەتی سەربازیی بە لۆبنان کە لە ساڵی ۲۰۱۴ بەڵێنی دابوو، وەستاند. بە بڕوای ئێوە چی ڕووی دا کە عەرەبستان بە جارێک بڕیارێکی لەو چەشنەی دەرکرد؟

ـ لە ئێستادا لۆبنان سەرقاڵی چارەسەریی قەیرانی بۆشایی سەرۆک کۆماری لە وڵاتەکەیەتی. عەرەبستانی سەعوودی لای وایە کە حزبوڵڵا لە دیاری کردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئەو وڵاتەدا ڕۆڵی پێشگرانەی هەیە. هەر بەو پێیە، سەعوودییەکان بە بیانووی کردەوەگەلی حزبوڵڵا لە ناوچەدا یارمەتییە سەربازییەکانی خۆی بە دەوڵەتی لۆبنان وەستاند، بەڵکوو بەو شێوەیە دەوڵەتی ئەو وڵاتە دەنە بدات بۆ شەڕ لە گەڵ حزبوڵڵا. سەعوودییەکان لە سەر ئەو بڕوایەن کە ئاکامی ئەو پێکدادانە کۆتایی دێنێت بە کێشەی بۆشایی سەرۆک کۆماری لۆبنان و لە ئەنجامدا بژێرەی دیاری کردووی خۆی لەو پۆستەدا دابنێت.

هەروەها دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە کۆمەڵگای لۆبنان کۆمەڵگایەکی شکێنەرە و سەرهەڵكدانی هەر چەشنە ناکۆکییەک لە نێوان دەوڵەت و حزبوڵڵا دەتوانێ دەرئەنجامی زۆر مەترسیداری بە دواوە بێت. دەوڵەتی لوبنان بە باشی ئاگاداری ئەو خاڵە لاوازەی کۆمەڵگاکەیەتی و بڕوا ناکەم کە لە گەڵ حزبوڵڵا تووشی شەڕ و پێکدادان بێت.

* لەم دواییەدا کاربەدەستانی عێراقی لە سەرۆک وەزیرانەوە تا وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە ساڵی ۲۰۱۶ ساڵی ئازادکردنەوەی کۆی خاکی عێراق لە تیرۆریزمی داعشە. بەوەشەوە لێدوانی زۆر لە بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە نامومکینی بنەبڕکردنی داعش لە ماوەی یەک ساڵدا دەبیسترێت؟

ـ ئەمریکاییەکان پێشتریش ڕایانگەیاندبوو کە پرسی داعش، پرسێکە کە ئێمە لە داهاتووشدا هەر لە گەڵیدا بەرەوڕووین. لە راستیدا مەبەست لە مانەوەی مەترسیی داعش لە ساڵانی داهاتوو، ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر "داعشیزم" لە ناو بچێت، جۆرێکی دیکە لەو ڕەوتە سەر هەڵدەداتەوە.

سەبارەت بە بەڵێنەکانی دەوڵەتی عێراق لەبارەی بنەبڕکردنی داعش لەو وڵاتە لە ماوەی ساڵی ۲۰۱۶ەش دەبێ بڵێم کە هەر دەوڵەتێک دەبێ مزگێنی بە هاووڵاتیانی خۆی بدات بۆ چارەسەریی قەیران و مەترسییەکانی؛ نابێ چاوەروانی ئەوە بین کە دەوڵەتی عێراق بە هاووڵاتیان و شارۆمەندانی خۆی بڵێت کە توانای شەڕ و شکست دانی داعشی بۆ هەمیشە نییە. کەواتە زۆر ئاساییە کە هەر دەوڵەتێک بەڵێنی و مزگینیی لەو چەشنە بە هاووڵاتیانی خۆی بدات و ئەو وێنەیە لە خۆی ئاراستە بکات کە بە تەواو هێزەوە بە دوای چارەسەریی قەیرانەکان و سڕینەوەی مەترسییەکانە.

* بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پرسی سەربەخۆیی ئەو هەرێمەیان خستووەتەڕوو. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختی لە زەروورتی بەڕێوەچوونی گشتپرسی لەوبارەدا کردەوە. ئایا بە ئاوردانەوە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەربەخۆبوون چرای سەوزی بە هەرێم نیشان داوە؟

ـ نا، لە بارودۆخی ئێستادا نە هەرێمی کوردستان خوازیاری بەڕێوەچوونی گشتپرسییە و نە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردەکان چرای سەوزیان بە هەرێم نیشان داوە. لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێم لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژوو پرسێکی هاوشێوەیان خستووەتە ڕوو، بەڵکوو لەو رێگاوە فەزای ناوچەیی و نێونەتەوەیی تا چ ڕادەیەک بۆ جێبەجێ بوونی پلانی سەربەخۆیی کوردەکان لەبارە. هەڵبەت لە بارودۆخی ئێستاشدا پاش گەڵاڵەدرانی ئەو بابەتە بەو ئاکامە گەیشتن کە سەربەخۆیی کوردەکان لە فەزا و بارودۆخی ئێستادا مومکین نییە.

News Code 2489

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha