AP ١٤٠٣ گوڵان ٢١ ١٣:٠٦

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند:

کەمپی هۆڵ لە کوردستانی سووریا دادەخرێت

کەمپی هۆڵ لە کوردستانی سووریا دادەخرێت

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆی 60 وڵات، ئێستا 24 وڵات دەستیان کردووە بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە کەمپی هۆڵ لە سووریا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، قاسم ئەلعەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی: لە کەمپی هۆڵ لە 60 وڵاتی جیاوازە خێزان و ئەندامانی داعشی تێدایە، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق، ئێستا 24 وڵات دەستیان بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە یەکێک لەو وڵاتانە ڕووسیایە کە لەم دواییانەدا 32 منداڵ (12 کچ و 20 کوڕ)ی لە نێوان تەمەنی (5 -17 ساڵ)دا گەڕاندەوە، لە کاتێکدا سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی ڕووسیا دەکەین، داوا لە وڵاتانی دیکەش دەکەین وەک ئامادەکارییەک بۆ داخستنی کەمپەکە هاووڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە.

لە کۆتایی مانگی نیساندا، نوێنەری پارێزگاری نەینەوا، شیروان دووبەردانی ڕایگەیاند: عێراق پێشوازی لە 185 خێزانی کەمپی هۆڵی سووریا کردووە.

شیروان دووبەردانی ڕاشیگەیاندووە، کەمپی ئەلجەدا لە قەزای قەیارە (باشووری موسڵ) لە چوارچێوەی وەجبەی 15دا پێشوازی لە 185 خێزانی ئەندامانی داعش کردووە، کە حکومەتی عێراق لە کەمپی هۆڵ لە سووریا گەڕاندوونیەتەوە.

عێراق هەوڵدەدات کەمپی هۆڵ لە سووریا دابخات، کە دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە، هاوکات لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوەش لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەڕەشە چەکدارییەکان لەودیو سنوور لەگەڵ سووریا.

News ID 50121

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha