بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد جەواد زەریف سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی، ئەوڕۆ لە میانەی سەفەری بۆ بەغدا بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: ئێران و عێراق پێوەندییەکی لە مێژینەیان هەیە و ئێمە وڵاتێکین کە لە سەردەمی سەخڵەتیدا لە پەنای خەڵکی عێراق بووین و گەلی عێراق توانیان مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ناوچە ببەزێنن.
ڕاشیگەیاند: کەرتی تایبەتی ئێران بەردەوام لەم ساڵانەدا ڕۆڵێکی کارایان بووە لە ئاوەدان کردنەوەی عێراق و پەیوەندییەکی تۆکمەی ئابووری و بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراقدا هەیە و ئەگەرچی هەندێک هەوڵی تێکدانی ئەو پەیوەندییەیان هەیە، بەڵام لە سای خودا و هوشیاریی بەرپرسانی دوو وڵات هیچکات بەو هیوایان ناگەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە یەکەم سەفەری بۆ عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە، جەختی کرد: دوای سەفەرەکەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، بڕیاری سەفەر بۆ ئەو وڵاتە تا ئەمڕۆ دوا خرا و لەم سەفەر وێرای سەردان کردنی بەغدا، بڕیارە سەردانی ناوەندە پیرۆزەکان لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و هەروەها هەرێمی کوردستان بۆ واژۆ کردنی گرێبەستگەلێکی هاوبەشی ئابووری بکەین.
زەریف بیری هێنایەوە: ئێمە هەوڵی زۆرمان داوە کە هەڵوێستی بەرپرسانی عێراقی هەمبەر بە گەمارۆکان بە هاوکاری و بەهرە وەرگرتن لە میتۆدە پراکتیزەکان بگۆڕین و پێویستە لەو رێگەدا ئاور لە رێگەچارە سیاسییەکان بدەینەوە.
ناوبراو سەبارەت بە کێشەی بازرگانانی ئێرانی لە گەڵ لایەنی عێراقی و لەوان نرخی تارەفەکان وتی: کۆی نیگەرانیی کەرتی تایبەتیمان کۆ کردۆتەوە و لێکدراونەتەوە و بە ئومێدی خودا لەم سەفەرەدا هەوڵ دەدەین نیگەرانیی ئەو بەشەش چارەسەر بکەین.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی لە کۆتاییدا وەک ئامۆژگارییەک بۆ تێکدەران و لەمپەرسازانی بەردەم پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق، وتیشی: ئەو هەنگاوانە نیشاندەری شکستی سیاسەتگەلی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەو شکستە چل ساڵە درێژەی هەیە و پێشنیاری من بەو وڵاتانە ئەوەیە کە چیتر مەرج لە سەر ئەو ئەسپە دۆڕاوە نەکەن.
Your Comment