AP ١٣٩٧ گەڵاڕێزان ٢٠ ٠٩:١٠

بەڕێوەبەرێکی ئەنجومەنی کۆنتڕۆڵی چەک و چۆڵی ئەمریکا بۆ مێهر:

گەمارۆدانه‌وه‌ی دووبارەی ئێران، ئه‌مریکای خستووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌

گەمارۆدانه‌وه‌ی دووبارەی ئێران، ئه‌مریکای خستووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌

کلێسی داونپۆرت لای وایە داسەپانی دووبارەی گەمارۆکان تەنیا ئاسایشی ئەمریکا و ئامانجەکانی پێشگری لە پەرەسەندنی چەکی ناڤۆکی دەخاتە مەترسییەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – جەواد حەیران نیا و فاتمە محەمەدی: دەوڵەتی ئەمریکا لە دووهەمین قۆناغ لە داسەپاندنەوەی گەمارۆکان لە دژی ئێران، بەشێک لە گەمارۆوه‌ هەڵپەسێراوەکانی دەست پێکردووە. لەمناوە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە پێداگری لە داسەپاندنی "توندترینی گەمارۆکان" لە دژی ئێران وتی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دواجار بۆ دانوستان سەبارەت بە ڕێککەوتنی نوێی ناڤۆکی دەگەڕێنەوە سەر میزی دانوستان.

ناوبراو بۆ جارێکی دیکە بەرجامی بە ڕێککەوتنێکی زۆر خراپ زانی و وتیشی: لە بری ئەو ڕێککەوتنە، توندترین گەمارۆکان لە دژی ئێران دادەسەپێنین.

دیتر کەمف سەرۆکی یەکێتی فیدرڵی ئابووری ئەڵمانیا لە کاردانەوە بە وتەکانی ترامپ بە هەواڵدەریی ئاڵمانیای ڕاگەیاند: تا ڕادەیەک پاشهاتی نگریسی دەسپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران جێی نیگەرانییە. هەنگاوی ئەم دواییەی ئەمریکا دەتوانێ ناسەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناڤینی بە دواوە بێت، چونکە کاریگەری لە سەر پەیوەندی و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دادەنێ. هەموو دەزانین کە ئێران ڕۆڵێکی گرینگ و کارای لە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە و ئەو ڕەوتە دەتوانێ کاریگەریی خراپی بە دواوە بێت.

لە هەمان کاتدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وێرای ڕەخنە لە دۆناڵد ترامپ بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆ ناڤۆکییەکان، ئەو هەنگاوەی بە هەنگاوێکی جێی مەترسی و زیانبەخش بۆ "NPT" زانی و بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: شەپۆلی نوێی گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ڕاگەیێندراو لە لایەن ئەمریکا، خستنە ژێر گوشاری هەوڵە ئەنجام دراوەکان لە لایەن وڵاتانی بەشداری ناو ڕێککەوتنی هەنگاوی کۆگری هاوبەش (بەرجام)ـه.

مسکۆ ڕاشیگەیاندووە کە هاوکاتی گەمارۆگەلی ئەمریکا، هەموو هەوڵی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و پەرەدان بە بازرگانی و هاوکاریگەلی دارایی و ئابووری لە گەڵ ئێران دەخاتە گەڕ و هەوڵە نوێیە وێرانگەرەکانی ئەمریکا بە توندی ئیدانە دەکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری مێهر وتووێژێکی لە گەڵ "کلێسی داونپۆرت" بەڕێوەبەری کەرتی چەک‌داماڵینی ئەنجومەنی کۆنتڕۆڵی چەک و چۆڵی ئەمریکا ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* هەر وەک پێشتر ڕاگەیێندرا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو گەمارۆوه‌ ناڤۆکییەکانی لە دژی ئێران داسەپاندۆتەوە. ئایا ئێوە لاتان وایە کە ئەو گەمارۆیانە لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی ئەمریکا لە درێژخایەنە؟

ـ بڕیاری ترامپ بۆ پێشێل کردنی گرێبەستی ناڤۆکیی لە گەڵ ئێران و گەمارۆی نوێی تەنیا دەبێتە هۆی تەریک کەوتنی واشنتۆن، پێگە و ڕەوایی ویلایەتە یەکگرتووەکان لاواز دەکات و جێبەجێ کرانی گەمارۆکان مەترسیگەلێکی بۆ ئەو وڵاتە بە دواوە دەبێت. ئەوە خەسار و زیانێکی جیدییە بۆ دەوڵەتی ناشەرعیی ئێستای ترامپ لە بابەتی پرسە هاوپەیوەندەکان بە قەدەغەی پەرەدان بە چەکە ناڤۆکییەکان.

بە داسەپانی دووبارەی گەمارۆکان لە لایەن دەوڵەتی ترامپەوە، سەرەڕای پابەندبوونی ئێران بە بەرجام و بە پێچەوانەی ویستی هاوپەیمانانی گرینگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە پاڵپشتی لەو ڕێککەوتننامەیە دەکەن، ئەو ڕێککەوتنە بە بێ خستنەڕووی پلانێکی جێگرەوانە دەخرێتە مەترسییەوە.

هەڵوێستی گەمارۆتەوەرانەی ترامپ کاتێک لە گەڵ ترامپێکی دیپلۆماتی ڕاستەقینە و جێی متمانە هاوکات بێ، دەتوانێ دەسکەوتی کارای هەبێ و پلانی دەوڵەتی ترامپ بۆ دانوستانی "ڕێککەوتنی باشتر" لە گەڵ ئێران هیچکام لەو دووەی پێ نییە.

کەواتە ئەو هەنگاوە ملهۆرانەی داسەپاندنی دووبارەی گەمارۆکان تەنیا ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئامانجی پەرە نەدان بە چەکی ناڤۆکی دەخاتە مەترسییەوە. هەر بەو هۆیە بەرجام بۆ سیاسەتدانەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە پاڵپشتی لێ دەکەن، گرینگە و ئەوان جەخت لە بایەخی ناڕاستەوخۆی ڕێککەوتن دەکەن و رێگە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کراوەیی دێڵنەوە هەتا لە داهاتوودا بگەڕێتەوە سەر ئەو ڕێککەوتنە.

ئێران مومکینە بۆ مانەوە لە بەرجامدا پێداگرتر بێت – تەنانەت بە بێ قازانجی پێشبینی کراوەی ئابووری- بەو مەرجەی لایەنگرانی ئەو ڕێککەوتنە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێنیی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ سەر بەرجام لە خولی دواتری سەرۆک کۆماری بدەن.

* ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٨ وڵاتی بە شێوەی کاتی لە گەمارۆی نەوتی لە گەڵ ئێران بەری کردووە. ئایا ئێوە لاتان وایە ئەو وڵاتانە بتوانن سەرچاوەگەلێکی دیکە لە بری نەوتی ئێران بدۆزنەوە؟

ـ پێشبینیی ئەوەی کە بازاڕی نەوت لە ١٨٠ رۆژی داهاتوو – مەودایەکی زەمانی کە ئەمریکا بۆ داسەپاندنەوەی سزاکانی لە دژی ئێران دیاری کردووە- چۆن دەبێت، لە ئێستاوە دژوارە. دیارە کە بازاڕ تا ٥ی نوامبێر ناتوانێ کەمکردنەوەی یەکجاریی هەناردەی نەوتی ئێران – ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتی ئەمریکا- بە ئەنجام بگەیێنێت.

بێ شک لە ماوەی ١٨٠ رۆژی داهاتوو، دەوڵەتی ترامپ گوشارەکانی بۆ سەر وڵاتانێک کە چاوپۆشی لە یاسای کەمکردنەوەی زیاتری کڕینی نەوت لە ئێران دەکەن، زیاتر دەکات. بەڵام ئەو ماوەیە دەرفەتێکیش بۆ لایەنگرانی بەرجام دەڕەخسێنێت تا بژیرەگەلێکی زیاتر بۆ پاراستنی ڕەوتی کڕینی یاسایی نەوت لە ئێران کە لە بەرجامدا رێگەی پێدراوە، مسۆگەر بکەن.

* "ستیڤ منۆچین" وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە واشنتۆن دەیەوێ تۆڕی سویفێت بە ڕووی کەسانێک کە دەکەونە ژێر کاریگەریی گەمارۆکانی ئێران دابخات و هۆشداریشی داوە کە ئەگەر سویفێت بە پێچەوانەی ئەو بڕیارە بجووڵیتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە سویفێتیش بایکۆت بکرێت. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان کاری وای لە دەست دێت؟

ـ دەوڵەتی ئەمریکا دەتوانێ سویفێت وەک بەشێک لە هەوڵەکانی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی گوشارەکانی بۆ سەر ئێران بکاتە ئامانج. بەڵام پێوشوێن گرتنی گەمارۆکانی سویفێت دەتوانێ پاشهاتی نگریسی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دواوە بێت و دەوڵەتی ترامپ دەبێ بەر لە ئەنجامدانی کاری لەو چەشنە، وردبینانە بیر لە دەرئەنجامی درێژخایەنی ئەو بڕیارەی بکاتەوە.

لە ئێستادا چەندین دەوڵەتی جیهانی گەمارۆکانی دەرەوەی دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک پێشێل کردنی سەروەریی خۆیان وێنا دەکەن و بەرجام زیاتر تەشەنە بەو نائۆمێدییە دەدات. ئەو ڕاستییە مومکینە دەوڵەتان هان بدات بۆ دەستەبەر کردنی میکانیزمگەلێکی هەمیشەیی لە پێناو دەوردانەوەی سیستەمی ماڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بیەوێ بەرژەوەندیی گەمارۆکان لە درێژخایەن بپارێزێت و گەمارۆکان کەرەسەیەکی گرینگی دەسەڵاتدارێتی بێت – کاتێک کە وەک بەشێک لە ستراتژییەکی گەورەتر بۆ ئامانجە ڕاستەقینەکان کاریان پێ بکرێت- دەبێ بە وردبینییەوە بیر لەوە بکاتەوە کە چۆناوچۆن بە ئامانج کردنی سویفێت مومکینە توانستی ئەمریکا بۆ سەرکەوتنی گەمارۆکانی لە داهاتوودا لاواز بکات.

* ئەگەر ئێران نەتوانێ نەوتی خۆی خۆی هەناردە بکات و نەتوانێ لە گەڵ سویفێتدا کار بکات، کەواتە بەرجام چ مانایەکی بۆ ئێران هەیە؟ مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێ ئیرادەی خۆی لە رێگەی ئەو دوو پرسە گرینگە بە سەر ئێراندا داسەپێنێت، ئایا مانەوەی ئێران لە بەرجامدا ژیرانە و لۆژیکییە؟ یەکێتی ئەورووپا، ڕووسیا و چین بۆ پاراستنی ئەو دوو فاکتەرە چ ئەرکێکیان لە سەر شانە؟

ـ لایەنە بە جێ ماوەکان لەو ڕێککەوتنە – یەکێتی ئەورووپا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، چین و ڕووسیا- گەلێ جار بەڵێنیی خۆیان بۆ جێبەجێ کرانی بەرجام تا کاتی پابەندبوونی تاران بەو ڕێککەوتنە سەلماندووە و بە دروستی جەختیان لە لایەنە شازەکانی وەک پێشگری لە پەرەسەندنی چەکی ناڤۆکی و ئاسایش لەو ڕێککەوتنەدا کردووە.

ئەو دەوڵەتانە هەروەها هەنگاوگەلێک و لەوان "Special Purpose Vehicle" (میکانیزمی تایبەت بۆ درێژەدان بە هاوکاریی ئابووری لە گەڵ ئێران) هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییە پێشبینی کراوەکان لەو ڕێککەوتنەدا بپارێزرێت.

لە کاتێکدا کە دەوڵەتان ناتوانن کۆمپانیاکان ناچار لە درێژەدان بە بازرگانی لە گەڵ ئێران بکەن، هەنگاوە هەڵگیراوەکان لە لایەن یەکێتی ئەورووپا پەیامێکی بە هێزی سیاسییە بۆ پاڵپشتی لە بەرجام.

جگە لەوە، لە کاتێکدا کە بەرجام جەخت لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان دەکات، ئەو ڕێککەوتنە هەڤیازیگەلێکی دیکەی بۆ ئێران وەک پڕۆژەکانی هاوکاریی ناڤۆکی و لابردنی تەنگەژەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەردەم چالاکیگەلی ناڤۆکی ئێران لەخۆ گرتووە، کە هێشتاش دەپارێزرێت. کەواتە باشترین بارودۆخ بۆ ئێران ئەوەیە کە بە تەواوەتی پابەندی بەرجام بێت و لە گەڵ بژێرەی P۴+۱ بۆ پاراستنی بازرگانیی شەرعی و ڕەوا هەوڵ بدات.

News Code 22958

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha