بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر لە ڕاشا تودەی، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا ڕایگەیاند کە هەزاران شارۆمەندی عێراقی لە گۆڕەپانی تەحریر و لە ژێر چاودێڕی هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندانیان کرد.
لە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق، خۆپیشاندەران بە ئاڵای عێراق لە دژی گەندەڵی و حزبە گەندەڵەکان بەرەو بینای سەرەکی پارێزگاکە ڕۆشتن و داوایان کرد کە خزمەتگوزاری و هەلی کار چاک بکرێت.
لە پارێزگای زیقاریش هەزاران کەس بە هاوڕێیی شێخ و سەرۆک هۆزەکان لە مەیدانی حبوبی لە ناوەندی شاری ناسرییە کۆبوونەوە و داوایان کرد پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەی شارەوانی بگۆڕدرێت.
لە پارێزگای میسانیش سەدان کەس لە خەڵکی شاری عەمارە لە دەوڵەتی ناوەندی داوایان کرد کە هەلی کار بڕەخسێنێت و کارەبا دابین بکات و خۆپیشاندەران لە شەقامی دجلەوە بەرەو بینای پارێزگاکە ڕۆشتن.
هەروەها لە کەربەلاش خەڵک خۆپیشاندانیان کرد و داوای چاک بوونەوەی دۆخەکەیان کرد. لە نەجف و کەربەلاش ڕێکاری توندی ئەمنی لەبەر گیرا بوو.
شایانی باسە ماوەی دوو حەفتەیە کە خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق بە هۆی نەبوونی کارەبا و ئاو و کار دەستی پێ کردووە و خەڵک داوای خزمەتگوزاری زیاتر و بنبڕ کرنی گەندهڵی دەکەن.
Your Comment