پێویستە سوپای جیهانی بۆ بەرەنگاریی ڕژیمی زایۆنی پێکبێت

ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە بە داکۆکی لە پێکهاتنی سوپای جیهانی بۆ بەرەنگاریی ڕژیمی زایۆنی، وتی: دەبێ نیشان بدەین ئەو سوپایە نەک بۆ شەڕئاژۆیی، بەڵکوو لە پێناو مسۆگەرکردنی مافی خەڵکی فەلەستین پێکهاتووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – مەریەم جەراح لایق: حسێن شەیخولئیسلام ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە و کارناسی باڵای پرسی رۆژهەڵاتی ناڤین و فەلەستین لە میزەگردێک بە ئامادەبوونی سادق ڕەمەزانی گوڵ ئەفزایی سکرتێری کۆمیتەی پاڵپشتی لە شۆڕشی ئیسلامی خەڵکی فەلەستین و سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی فەلەستینی سەرۆک کۆماری لە ئاژانسی هەواڵی مێهردا ڕوانییە بڕیارەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی بۆ بەیتولموقەدەس و ناساندنی ئەو شارە وەک پایتەختی فەرمی ڕژیمی زایۆنی و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگای جیهانی لە گەڵ ئەو بڕیارە نایاساییە.

شەیخولئیسلام لە سەرەتای ئەو دانیشتنەدا بە ئاماژە بە نایاسایی بوونی بڕیارەکەی ئەمریکا و پێشێل کردنی زۆربەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند: کارێک کە ترامپ کردی هاوکات بە پێچەوانەی ئەو بەڵێننامانەش بووە کە ئەمریکا دەستەبەرکاری بووە و لەوان بەڵێننامەی ئۆسلۆ کە تێیدا جەخت لەوە کراوە کە دانوستانە دوولایەنەکان چارەنووسی گەلی فەلەستین و موسڵمان دیاری دەکەن.

ئەو کارناسەی پرسی فەلەستین بە داکۆکی لەوەی کە دەبێ ئەو تامەزرۆیی و گڕوتینەی کە ئێستا بۆ بەرەنگاریی ترامپ لە نێوان خەڵکی جیهاندا سەری هەڵداوە، بەڕێوەبەرایەتی بکرێت و ڕێکبخرێت، وتی: ئێمە دەبێ ئەو ڕاپەڕینە هەرمان بکەینەوە و پێشنیاری من ئەوەیە کە ئەو گەلانەی کە ئێستا لە شەقامەکانی وڵاتانی ئیسلامین بکرێنە پێکهاتەگەلی هەرمان لە سوپای وڵاتانی ئیسلامی وەک هیزی قودس لە ئێران.

شەیخولئیسلام بە پێداگری لە سازدانی لایەنی دیپلۆماسی بۆ پێشگری لە شەڕەنگێز وێناکرانی ئەو پێکهاتە نوێیە، جەختی کرد: پێویستە ئەو هێزە بە ئەمریکا، ڕژیمی زایۆنی و لایەنگرانی ئەو ڕژیمە بسەلمێنێت کە چیتر هاوکێشەی دەسەڵاتی پێشوو نییە تا ئەوان بتوانن زەخت بخەنە بنوێنن، هێزێکی نوێ سەری هەڵداوە و یەک و نیو ملیارد موسڵمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی خودایی، مێژوویی و مەزهەبی و مسۆگەرکردنی مافی فەلەستینییەکان ئامادەن.

ئەزموونی شەڕی داعش دووپات دەکەینەوە

ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە بە ئاماژە بە ئەزموونی ئێران لە شەڕی داعش وتی: ئەو داعشەی کە ئێمە وەک ڕێکخراوێک تێکمان شکاند، چەندین هەزار هێزی خۆکوژی پێ بوو، بەوەشەوە ئێمە توانیمان بە فەرماندەیی و بەڕێوەبەرایەتیی چەندین نەتەوەیی، ئەزموونێکی پڕمەترسیی سەربازی لە ناو ببەین و ئێستاش دەتوانین بە ڕێکخستنی هێزێک کە لە کۆی جیهانی ئیسلامدا هەیە، زایۆنیستەکان لە ناو ببەین.

ڕاشیگەیاند: ئێمە دەبێ ئەو پێکهاتە سەربازییە پێکبێنین و لە پەنای ئەودا دیپلۆماسییەکی شۆڕشگەرانەمان ببێت و باڵوێزانی خۆمان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا ڕاسپێرین کە نوێنەرانی پەرلەمانی و کەسایەتییە بلیمەتەکان و زانایانێک کە ئامادەی یارمەتی دانی ئەو پرسە و سەرمایەدانان لە سەر ڕێکخستنی ئەو هێزانە لە سوپای وڵاتەکەیاندان، بناسێنن. بەڵکوو لەو رێگەوە هاوکێشەی دەسەڵات دیارەی بکەین و زایۆنیستەکان تێگەیێنین کە چیتر ناتوانن بە پاڵپشتیی هێزی ئەمریکا لە ئاسایشدا بژین.

شەیخولئیسلام بە داکۆکی لە تێگەیاندنی دروستی ئەو پرسە و ئامادەکاری بۆ تیم و کەرەسەی دیپلۆماسی لەو پێناوەدا، وتیشی: دەبێ کەرەسەی فەرهەنگی و ئایینی دابین بکرێت و هاوکاتی پێکهێنانی ئەو هیزە ئاور لە بابەتگەلی هاوپەیوەندیش بدرێتەوە. وڵاتانێک کە سوپا و پەرلەمانەکەی نەیەوێت بەشداری ئەو پرسە بێت، ڕەنگە هێزی قودسی ئێمە بتوانێت مەشقی سەربازی و ڕاهێنایان پێ بکات و ڕێکیان بخات.

ئەو کارناسەی پرسی رۆژهەڵاتی ناڤین بە ئاماژە بەوەی کە ئێمە لە ئێراندا بە کردەوە و لە شەڕی داعشدا بە فەرماندەیی سەردار سلێمانی ئەو ڕێکخستنەمان سامان پێداوە، ڕوونی کردەوە: لە بەشداریی گەلانی جۆراوجۆر لە بووکەماڵ و لە شەڕی داعشدا سەلماندمان کە توانستی بەڕێوەبەرایەتیی چەندنەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەتی لە مەیدانمان هەیە.

بڕیاری ترامپ دیاردەیەکی لە ناکاو نەبوو

شەیخولئیسلام بە دەربڕینی ئەوەی کە بڕیاری ترامپ لە پرسی قودسدا دیاردەیەکی لە ناکاو نەبووە، وتی: تافلێر لە کتێبی "ئاڵوگۆڕی لە دەسەلاتدا" (۱۹۹۰) پێشبینی دەکات کە دۆناڵد ترامپ لە داهاتوودا دەبێتە بەربژێری سەرۆک کۆماریی ئەمریکا. ئەمە ڕەوتێکە کە تافلێر پێشبینیی دەکات. کەواتە ترامپ بەرهەمی واقیعی دزێوی ئەمریکایە و بە پێی پلان و لێکدانەوەیەکی پێشتر بۆتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا. ئەوەی ئێستاش ڕوو دەدات پلانێکی لەوە پێش داڕێژراوەیە، ئەوان ڕژیمی زایۆنیان داهێنا تا لەو رێگاوە ببنە ئاغای ناوچە و بتوانن دەست بگرن بە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە و جیهان بهێننە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و تەواو ئەو هەنگاوانە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە دەکرێت.

کارناسی پرسی رۆژهەڵاتی ناڤین و فەلەستین وتیشی: ئەمریکاییەکان داعشیان بۆ ئاژاوەنانەوە و دابەشکردنی ناوچە خوڵقاند، بەڵام پلانەکەیان شکستی هێنا. دواتر پیلانی کوردستانیان بۆ دابەشکردنی ناوچە خستەڕوو، بەڵام ئەوجارەش هیچیان پێنەکرا. پاش پێکهێنانی ڕژیمی زایۆنی ستراتژیی گشتی ئەوان بە پایتەخت کردنی قودس بۆ ئەو ڕژیمە بوو، ئەمریکاییەکان دەزانن کە ئەگەر ئێستا ئەو پلانە جێبەجێ نەکرێت لە داهاتوودا دەسەڵاتیان کەمتر دەبێت.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە پلانی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ قودس لە ساڵی ١٩٩٥ەوە بەشێک بووە لە پەسندکراوانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و دەرەوەستی بە ترامپەوە نییە، ئاشکرای کرد: ئەمریکا بە داگیرکردنەوە دەستی پێکرد و بە ستەم و ملهۆری و بۆمبای ئەتۆمی و کۆمەڵکوژییەوە درێژەی پێداوە. گەلی ئێران و بەرەی خۆڕاگری لە بەرگری لە ستەم لێکراوانی جیهان لە دژی ئەمریکا تێهەڵدەچین و لەو شەڕەشدا هەروەک تا ئیستا سەرکەوتووین، توانایی ئەوەمان هەیە کە پیلانەکانی ئەمریکا پووچەڵ کەینەوە.

ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە مزگەوتی ئەقسا، گەلی فەلەستین و خۆڕاگریی وەک سێ جەمسەری گرینگ لەو خەباتەدا وەسف کرد و ڕاشیگەیاند: ئێستا گرووپە فەلەستینییەکان لێک نزیک بوونەتەوە و ناکۆکییەکانی خۆیان وەلاوە ناوە و لەم قۆناغەدا پێویستمان بە بەڕێوەبەرایەتی و رێبەرایەتیی ئەو ڕاپەڕینە گەورەیە کە لە وڵاتانی ئیسلامییەدا سەری هەڵداوە، هەیە.

شەیخولئیسلام لە کۆتاییشدا بە داکۆکی لەوەی کە فەلەستین لە بەحرەوە تا نەهرە، وتیشی: ئێمە دەبێ زۆر خێرا ئەو دەسەڵاتەی باسی لێوە کرا پێک بێنین و ڕاگەیێنین کە قودس تاقە پایتەختی فەلەستینە و بەیتولموقەدەسیش تایبەتە بە موسڵمانان و هەر کەسێک ئەوە قبووڵ بکات، مافی ژیان لەو ناوچەیەی هەیە و دەنا دەبێ بڕوات و تەواو شارۆچکە نایاساییەکانیش چۆڵ بکات.

News Code 15416

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 9 =