مورتەزا سەفاری نەتەنزی لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر بە ئاماژە بە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کوردەکان نەتەوەیەکی ڕەسەنن لە ناوچەدا و لە درێژەی مێژوودا بەردەوام لە ژێر گوشار و هەڵاواردندابوون.
ناوبراو وتیشی: لە عێراقی سەردەمی سەددام کوردەکان ستەمێکی زۆریان لێ کرا و لە تورکیاشدا ساڵانێکی زۆرە نکۆڵی لە شوناسیان دەکرێت و وەک تورکی کێوی ناویان لێدەبرێت.
سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی مەجلیس ڕوونی کردەوە: ئەو گوشارانە تا رادەیەک هاندەری پەیجۆریی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەینا بووە و بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیش پەیوەندیی بەو کێشەگەلەوە هەیە. بەڵام ئەوەی کە لە کاتی ئێستادا کە بەرەوڕووی کێشەی داعش و پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانین، بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان هەندێک گومانی لێ دەکەوێتەوە.
سەفاری نەتەنزی زیادی کرد: لە لایەکەوە بەرەوڕووی کێشەگەلی ناوچەیین و لە لایەکی دیکەوە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان لە ئارادایە کە هەوڵ دەدەن بە دابەزاندنی پلانی "رۆژهەڵاتی ناڤینی گەورە" لە ناوچەدا ئاژاوە بنێنەوە و وڵاتان دابەش بکەن.
ناوبراو جەختی کرد: لە هەلومەرجێکی ئاوادا نابێ ئیزن بدەین کە دیتران گۆرانکارییەکانی ناوچە بگرنە دەست و بەرژەوەندییە جەماوەرییەکانی خەڵکی ناوچە قوربانی بێت.
ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەکیی مەجلیس ڕایگەیاند: ئەوەی لە ئێستادا ئەنجام دەدرێت بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی قوربانی بوونی گەلی کورد و هەلومەرجی ئێستا بۆ گەیشتنی ڕیفراندۆم بە سەربەخۆیی گونجاو نییە.
دەسەڵاتە دەرەکییەکان لە پشتی ڕیفراندۆمن
سەفاری نەتەنزی ئاشکرای کرد: لە ئێستادا ناوچەکە پڕ لە تەنگەژەیە و بە دڵنیاییەوە کوردەکان لەوبارەدا بەرەوڕووی ململانییەکی جیدی دەبنەوە؛ چونکا کوردانی تورکیا چوار ئەوەندەی حەشیمەتی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و ئەم ڕیفراندۆمە دەتوانێ هەڕەشەیەک بێت بۆ ئاسایشی تورکیا و سووریا.
سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی مەجلیس بە ئاماژە بە پاڵپشتی کردنی ڕژیمی زایۆنی لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو ڕیفراندۆمە دەتوانێ بەشێک بێت لە پیلانی رۆژهەڵاتی ناڤینی گەورە کە هەوڵ دەدات وڵاتانی گەورە دابەش بکات و دەسەڵاتەکانی ناوچە لاواز و ئاسایشی ڕژیمی زایۆنی بەرزتر بکاتەوە.
ڕژیمی زایۆنی بە دوای نەوت و وزەی هەرێمە
سەفاری نەتەنزی زیادی کرد: ڕژیمی زایۆنی دەتوانێ قازانجێکی زۆر لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی وڵاتانی ناوچە و لەوان لە وەبەرهێنانی سەرچاوە نەوتی و وزەکانی هەرێمی کوردستان ببات.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە هیچ وڵاتێکدان بەو ڕیفراندۆمەدا ناهێنێت، بیری هێنایەوە: ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێ بە ڕیفراندۆمە سەربەخۆیی ڕاگەیێنێت دەبێ دوو لە سێی ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پشت بێت، لە کاتێکدا کە نە ئێستا و نە لە داهاتوودا ئەو هەلەی بۆ ناڕەخسێت.
ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەکیی مەجلیس سەبارەت بە سیاسەتی داهاتووی کۆماری ئیسلامی ئێران هەمبەر بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: ئێمە دۆژمنایەتیمان لە گەڵ کەسدا نییە، بەڵام ئەو سیاسەتەی هەرێم داهاتوویەکی پڕ لە ئاژاوەی بە دواوەیە و تەنانەت بۆ گەلی کوردیش ململانێهێنەر و ترسێنەرە.
سەفاری نەتەنزی جەختی لەوەش کردەوە: ئەگەر پرسی سەربەخۆیی ئاژاوە و کێشەی بە دواوە بێت، ئەوا گەلی کورد یەکەمین قوربانیانی ئەو دۆخە دەبن.
Your Comment