بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق قۆناغی سەروەریی تەواوەتی راگەیاند كە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزە بیانییەکان، دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان و یەکخستنی پێشمەرگە بو بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی سنوورەکانی وڵات لە هەڕەشەی دەرەکی.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی رۆژی سەروەریدا، بە ئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان جەختیکردەوە کە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تەواوی کۆتایی دێت و هێزە بیانییەکان لە عێراق دەکشێنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی رێککەوتنەکان، هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەبێت خاکەکەمان بەجێبهێڵن و کۆتایی بە هەر ئۆپۆزسیۆنێكی بیانی چەکدار دەهێنرێت. جەختیكردەوە، "یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەهێزکردنی بڕیاری ئەمنی بەشێکی تری ئەم قۆناغەیە".
زەیدی وتیشی "حکومەت خشتەیەکی کاتی داناوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی گرووپە چەكدارەكان و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە فەرمییەکان، هاوکات کار بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی نیشتمانی دەکرێت بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات". زەیدی وتی، رێگری دەکرێت لەوەی عێراق ببێتە شوێنی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت".
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارەكەیدا جەختیكردەوە، "سەروەری لە ئابوورییەکی بەهێزدا بەرجەستە دەبێت کە بتوانێت رووبەڕووی گۆڕانکارییە جیهانییەکان بێتەوە؛ ئێمە کار بۆ پاراستنی سامانی نەوت و وەبەرهێنان لە توانای گەنجان دەکەین بۆ ئەوەی نمونەیەکی سەرکەوتو بۆ هاوبەشی نێودەوڵەتی پێشکەش بکەین".
عێراق لە دوای ساڵی 2003وە بەهۆی بونی هێزە بیانییەکان و ململانێی گروپە چەکدارەکان روبەڕوی کێشەی سەروەری بوەتەوە. پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە یەکێکە لە داواکارییە بەردەوامەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی فیدراڵ بۆ رێکخستنی کەرتی سەربازی. هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستوری لەناو عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بوونی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان چەندین ساڵە بوەتە هۆی گرژی سیاسی و سەربازی لە نێوان بەغداد، هەولێر و ئەنقەرە. ئەم راگەیاندنەی 1ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2026 وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیانە و جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.
Your Comment