ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سەرەڕای واژۆی ڕێککەوتن بۆ ئاوێتەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) لە پێکهاتەی سەربازیی ڕژیمی جۆلانی لە سووریا بە ناوبژیگەریی ئەمریکا، ڕەوتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە زۆر بەخاوی دەچێتە پێش و مەترسیی دەسپێکردنەوەی شەڕەکان بەردەوامە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەرچی هێزەکانی ڕژیم گەیشتوونەتە هەندێک لە شارە کوردییەکان، بەڵام هێشتاش کۆنتڕۆڵی ڕاستەقینەی ناوەندە سەرەکییە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بندەستی هەسەدەیە.
هەر بۆیە سەرەڕای ڕێککەوتنی 30ی ژانڤیە بۆ وەستاندنی شەڕی دوو لایەنەی نێوان هێزەکانی سەر بە دیمەشق و هێزەکانی هەسەدە و دەسپێکردنی ڕەوتی ئاوێتەبوونی ئەو هێزانە بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە ئەرتەشی سووریادا، بەڵام چاودێران لایان وایە کە هیچ کام لە لایەنەکان لە هەڵوێستی خۆیان نەکشاونەتەوە.
لەمناوە سەرچاوەیەکی کوردی بە ئاماژە بە بڕیارەکان بۆ پێکهاتنی سی تا چوار یەکینەی نوێ لە ئەرتەشی سووریادا لەپێناو ئاوێتەبوونی هیزەکانی هەسەدەدا، ڕوونی کردەوە کە ناکۆکییەکان زیاتر لە سەر شوێنی جێگرکرانی ئەو یەکینانەیە، چونکە دیمەشق دەیەوێ ئەو هێزانە بگوازێتەوە بۆ شوێنگەلێکی زۆر دوورکەوتە.بەوەشەوە لە چوارچێوەی ڕاپەڕاندنی سەرەتایی ڕێککەوتنەکان، حەوتەی ڕابردوو هەسەدە مۆڵەتی بە نزیکەی 200 هێزی ئەمنیی مەدەنی سەر بە دەوڵەتی جۆلانی دا کە بچنە حەسەکە و قامیشلۆوە و ئەو هێزانە هەندێک لە بینا ئیداری و ناوەندە ئەمنییەکانیان لەو شارانەدا گرتە بندەست، بەڵام دیسانەکە هێزەکانی هەسەدە دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنیی ئەو شارانەیان بەدەستەوەیە.
لەمناوە بەڵام شاری کۆبانی لە باکووری پارێزگای حەلەب، یەکێکە لە سەرەکیترین شوێنە جێ مشتومڕەکان، ئەو شارە کوردییە بۆ چەندین حەوتەیە کە لە لایەن هێزە دەوڵەتییەکان و عەشیرە هاوپەیمانەکانیانەوە گەمارۆ دراوە و بەشێکی بەرچاوی ئاو و کارەبای ئەو شارە بەڕووی هاووڵاتیانی پچراوە. ئەگەرچی کاروانگەلی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتی چوونە ناو ئەو شارەیان پێدراوە، بەڵام دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بۆ کۆتایی بە گەمارۆی کۆبانی هێشتا بێئەنجام ماوەتەوە.
بە جۆرێک کە چاودێران لەو باوەڕەن کە دیمەشق تا ڕاپەڕاندنی یەکجارەیی ڕێککەوتنەکان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە بڕیاری خۆی بۆ گەمارۆی ئەو شارە پاشگەز نابێتەوە.ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی هەندێک سەرچاوەی ئەمنی، ڕاپەڕاندنی یەکجاریی ڕێککەوتنی ئاوێتەکردنی هێزەکان، لانیکەم سێ مانگ دەخایێنێت، چونکە بە گوێرەی ئەوان، گرفتی سەرەکیی ئەو ڕێککەوتنە نەک چوونی هێمایینی هێزە دەوڵەتییەکان، بەڵکوو جێگربوونی ڕاستەقینەی هێزی دەوڵەت لە دڵی کوردستانی سووریایە.
لە بەرامبەردا هێزەکانی هەسەدە کە لە حەوتەکانی ڕابردوودا، بەشێکی زۆری ناوچەگەلی بندەستیان لە ئەنجامی پێشڕەویی هێزەکانی سەر بە دیمەشق لەدەست داوە، بنکەکانی خۆیان لە سەر سنووری سووریا لەگەڵ هەرێمی کوردستان تۆکمەتر کردووە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەوە پێش بە پێشڕەویی هیزەکانی عەشیرەیی عەرەب بگرن؛ هەڵمەتێک کە دەتوانێ مەترسی بخاتە سەر ڕەوتی یارمەتیگەیاندن بە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ. هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت کە هەسەدە بەزوویی ڕێگە بە چوونی هێزەکانی دەوڵەتی بۆ ڕێڕەوگەی سنووریی سێمالکا بدات. ئەوە سەرەڕای ڕادەستکرانی سەرچاوەگەلی کشتوکاڵی، وزە و کارەبای سووریا لە لایەن ئەو هێزانە بە دەوڵەتی جۆلانییە.
Your Comment