ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە پووشپەڕی ئەمساڵدا پەکەکە لە ڕیوڕەسمێکدا لە شاخەکانی هەرێمی کوردستان، یەکەمین قۆناغی چەکدانان و سووتاندنی بەڕیوەبرد؛ هەنگاوێک کە لە لایەن تورکیاوە وەک "خاڵی وەرچەرخانی نەگەڕانەوە" لە ڕەوتی ئاشتیدا پێشوازی لێ کرا. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژانی ڕابردوو سەرکردەکانی ئەو گرووپە ڕایانگەیاند کە هێزەکانیان بە یەکجاری پاش چوار دەیە شەڕی چەکدارانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەگوازنەوە بۆ ناوی خاکی عێراق. بەڵام پرسیارە ئەوەیە کە ئەم کارە بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی عێراق بووە یان هەرێمی کوردستان؟ بەغدا و هەولێر چ هەڵوێستێکیان لەوبارەیەوە هەیە؟ ئایا پاڵپشتی لێ دەکەن یان تەنیا لە ڕووی ناچاری قبووڵیان کردووە؟
لە کاتێکدا کە بەرپرسانی بەغدا خۆ لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدزنەوە، محەمدئەمین پێنجوێنی، کۆنە سیاسەوانی کورد، هاوکاتی نرخاندنی ئەو هەنگاوەی پەکەکە بە "هەنگاوێکی نیازپاکانە" هەمبەر بە سەرکردەکانی تورکیا، داوا لە ئەنقەرە دەکات کە بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و زیندانییەکانی تری سیاسی و بە فەرمیناسینی مافی کوردەکان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، وەڵامێکی هاوسان بدەنەوە.
پێنجوێنی وتی: ئەوە ڕەنگە دوایین هەڤیازیی گەورەی پەکەکە پاش کۆتایی شەڕی چەکدارانە بێت و ئەگەر تورکیا کاردانەوەی ئەرێنی نیشان نەدا، ئەگەری گۆڕانی بەپەلەی هەلومەرجەکە هەیە. هەڵبەت لەمناوە هەم هەرێم و هەمیش بەغدا لە کشانەوەی پەکەکە قازانج دەکەن و دوور نییە کە پێشتر بەرپرسانی هەردوو لا ئاگاداری ئەو بڕیارە بووبێتن.
وتیشی: سەرکردایەتی پەکەکە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دیداریان کردووە و بێگومان بڕیارەکەیان بە گوێی ئەوانیش گەیاندووە و من لام وایە کە پەکەکە بەر لە ڕاگەیاندنی بڕیاری کشانەوەی لە تورکیا، سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەشی ئاگادار کردووە و ئەو هەنگاوە بەشێکە لە ڕەوتی ئاشتی لەگەڵ تورکیا.
بەوەشەوە هێشتا ڕوون نییە کە ئایا بەغدا بە فەرمی ڕەزامەندی خۆی بۆ ئەو کارە ڕاگەیاندووە یان تەنیا ئاگادار بووە. ئەویش ڕێک لە کاتێکدا کە پەرلەمانی تورکیا ڕاسپاردەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە خاکی عێراق و سووریای بۆ 3 ساڵی دیکە درێژ کردۆتەوە. کەچی پێنجوێنی دەڵێ کە هەنگاوی کشانەوەی پەکەکە چیتر بیانووی تورکیا بۆ مانەوەی لە خاکی عێراقدا پووچەڵ کردۆتەوە و داوای لە بەغدا کردووە کە لە ڕێگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنقەرە ناچار لە پاشەکشێ لە خاکی وڵاتەکەی بکات.
Your Comment