ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی-ئەحمەد ئەردەم: پاش گفتوگۆی کەرملین لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا و ڤیلادیمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا، شەپۆلێکی نوێ لە ڕکابەرییە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەستی پێکرد و واشنتۆن، ئەنقەرە و قامیشلۆ وەک سێ ناوەندی دەسەڵاتی بە کاردانەوە هەمبەر بەو دیدارە، نیشانیان دا کە نزیکی دیمەشقی نوێ لە ڕووسیا دەتوانێ هاوکێشەی شکێنەری باکوور و باشووری سووریا وەرچەرخێنێت.
ئاوەها کە لە شرۆڤەگەرانی ئەمریکایی بە ورووژاندنی پرسی "گەڕانەوەی ئارامی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین"، دەپرسن کە ئایا ئەمریکا دەیەوێ سووریا ڕادەستی مسکۆ بکات؟. هاوکات لە ئەنقەرە دامودەزگا ئەمنییەکان هوشدار دەدەن کە مسکۆ دەیەوێ لە ڕێگەی جۆلانییەوە شوێنپێیەکی پاوەجێ لە تەنیشتی سنوورەکانی تورکیا بۆ خۆی دەستەبەر بکات و لە قامیشلۆش، سەرکردە کوردەکان بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوگەلێکی هوشیارانە، جەختیان کرد کە "هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لە نێوان دیمەشق و مسکۆ، نابێ بە زیانی پێکهاتەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێت". لە درێژەدا دەڕوانینە ڕوانگەی ئەو سێ ئەکتەرە بە پەیوەندییەکانی سووریا-ڕووسیا:
1. ڕوانگەی ئەمریکا
واشنتۆن دیداری شەرع و پووتین لە 15ی ئاکتەوبر بە نیشانەی گەڕانەوەی ئەسپایی ڕووسیا بۆ سووریا لێکدراوەتەوە؛ گەڕانەوەیەک کە بە وتەی واشنتۆنپۆست، ئەگەری ئەوەی هەیە کە بەڕواڵەت ئارام و دیپلۆماتیک بێت، بەڵام لە قووڵایی ستراتژیکیدا، سەلمێنەری ڕکابەرییەکی نەرم لە سەر داهاتووی سووریا و ئالنگارییەکی نوێ لە بەردەم ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی فوراتە.
هاوکات "المانیتور" لە شرۆڤەیەکدا، نیشانی دا کە دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و دیمەشق بە هەنگاوێکی زیرەکانەی کەرەملین دەزانن و بەرپرسێکی پێنتاگۆن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، لەوبارەیەوە وتوویەتی کە پووتین خەریکی گۆڕینی دەسکەوتی سەربازیی لە سووریا بە سەرمایەیەکی سیاسی و ئابووریی درێژخایەنە و ئەمە هەمان شتە کە واشنتۆن ساڵانێکە تێیدا دەستەوەستان بووە.
ناوەندی توێژینەوەی کارنگیـش پشتڕاستی کردەوە کە ڕووخانی دەوڵەتی ئەسەد، دەرفەتێکی بە ئەمریکا دا بۆ پێناسەی دووبارەی هاوکێشەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵام واشنتۆن ئەو هەلەی نەقۆستەوە و ئێستا ڕووسیا لەگەڵ دیمەشقی نوێ، قۆناغێکی لە هاوکاری دەستپێکردووە کە دەتوانێ ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم دزەی ئەمریکا لە سووریا و بە تایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا.
دەوڵەتی ترامپیش ئەگەرچی تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند کە ئەمریکا لە نزیکەوە پەیجووری گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەیە و پاڵپشتی دەکات لە هەر هەنگاوێک کە بگاتە ئەنجامی سەقامگیری و پاراستنی تەواوەتی سەرزەوینیی سووریا.
ئەم لێدوانە، وێڕای لێدوانی سەرچاوەگەلی نزیک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، نیشان دەدەن کە دەوڵەتی ترامپ نە تەنیا دژی دیدار و ڕێککەوتنی مسکۆ-دیمەشق نییە، بگرە لە هاوکاریی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراوەی نێوان دیمەشق و مسکۆ پێشوازی دەکات؛ بەو مەرجەی ئەم هاوکارییە نەگاتە ئەنجامی گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر دیمەنی سووریا. کەواتە کۆشکی سپی نەک تەنیا پەیوەندییکانی جۆلانی و پووتین بە هەڕەشە نازانێت، بەڵکوو بە ئامرازێکی وێنە دەکات بۆ کۆنتڕۆڵی ئەنقەرە و تاران. ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە ئەمریکا هاوکاتی تەرکیزی لە سەر "کۆنتڕۆڵی نەرم؛ نە کشانەوەی یەکجاری و نە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ"، بەدوای ئیدارەکردنی پێدزەی ڕوسیا لە سووریایە.
2. ڕوانگەی تورکیا
دیداری کەرەملین بۆ تورکیا لە ناوەندی هاوکێشەکانی سووریادا؛ ئەویش ڕێک لە کاتێکدا کە خەریک بوو هاوکێشەی باکوور و باشوور دەگۆڕا. بۆیە ڕۆژنامەی حورییەتی تورکیا نایشارێتەوە کە: ئەنقەرە پەیوەندییەکانی ڕووسیا و دەوڵەتی جۆلانی لە گۆشەنیگای هاوکێشەی هێز لە باکووری سووریا دەبینێت و نەک تەنیا لە گۆشەنیگایەکی سیاسییەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی تورکیا بە تایبەت لە وەزارەتی بەرگری و ڕێکخراوی هەواڵگریی میت، لایان وایە کە ئەم گەڕانەوەیە، لە ئەگەری سەقامگیربوون، دەتوانێ هاوکێشەی ئەمنی لە ئەدلەب، تەلڕەفعەت و مەنبەج بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
حورییەت ئاشکرایشی دەکات کە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان مسکۆ و ئەنقەرە لە ئاستی باڵادا دەستی پێکردۆتەوە و لایەنەکان لە حەوتەکانی ڕابردوودا سەبارەت بە "هاوئاهەنگیی مەیدانی سنووردار" لە ناوچە سنوورییەکاندەا گفتوگۆیان کردووە و تورکیا خەریکی پاراستنی هاوکاتی دوو بواری پەیوەندییە؛ یەکیان لەگەڵ مسکۆ بۆ هاوئاهەنگی سەربازی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا و ئەویتریان لەگەڵ دەوڵەتی جۆلانی بۆ پێشگری لە پەرەسەندنی پێگەی هێزە کوردەکان لە سنوورە ڕۆژهەڵاتییەکانی سووریا و بەمجۆرە تورکیا بەدوای سازدانی هاوسەنگی لە نێوان دزەی ڕووسیا و پێکهاتەی خۆسەری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی فوراتە.
بەلام "المانیتور" لایا وایە کە بەرپرسانی تورک لە پاش دیداری پووتین و شەرع لە کەرەملین، دڵخۆشترن بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەمنییە سێقۆڵییەکانی (ڕووسیا-سووریا-تورکیا) لە بنکەی حەمیمیم و بەو پێیە تورکیا بە جۆرێکی واقیعگەرایی هوشیارانە دەڕوانێتە پەیوەندیی مسکۆ و دیمەشق و دەزانێ کە ناتوانێ پێش بە دزەی ڕووسیا لە سووریا بگرێت، بۆیە تێدەکۆشێ بە ئاراستەیەکدا ڕێنوێنی بکات کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی لە باکووری سووریادا بپارێزرێت. کەواتە دەکرێ بەگشتی سیاسەتەکانی تورکیا هەمبەر بەو ڕووداوە لە سێ پاژەدا کورت ببڕینەوە:
ـ کۆنتڕۆڵی دزەی ڕووسیا بەبێ بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ؛
ـ پاراستنی دستپێشخەریی لە باکووری سووریا؛
ـ ئامادەسازیی پەیتایی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی جۆلانی لە پێگەی ئەمنی و نەک سیاسییەوە.
3. ڕوانگەی کوردەکان:
دیداری کەرەملین کاردانەوەی هوشیارانەی کوردەکانی سووریای بەدواوە بوو و میدیا کوردییەکان هەر لە سەرەتای ئەو دیدارەوە، جەختیان لە هاوکێشەی شکێنەری ڕۆژهەڵاتی فورات کرد و "المانیتور"ی کوردی ئاشکرای کرد کە مسکۆ لە چەند حەوتەی بەر لە دیداری کەرەملین، پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ هەسەدە لە قامیشلۆ و حەسەکەدا پەرە پێداوە و ڕووسیا پێشنیاری ئەوەی بە کوردەکان داوە کە وەک "یەکینە سنوورییەکان" لە پێکهاتەی ئەرتشی نوێی سووریادا ئاوێتە بن و کوردەکان لەوە دڵنیان کە ڕووسیا هەوڵ دەدا شوێنی ئەمریکا بگرێتەوە و لە نێوان کورد و دیمەشق داوەری بکات. بەڵام بەوەشەوە ڕووسیا هەمیشە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە یەکەمایەتیدا دادەنێت و ناتوانێ ئەو یارە جێ متمانەیە بێط کە کورد پشتی پێ ببەستێت.
ئەوە بە جۆرێک شرۆڤەیەکە کە ئاژانسی هاوار لە گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ سووریا دەیکات و دەڵێ: ئەگەر ڕووسیا ئامادەبوونی سەربازیی لە باشووری سووریادا ببووژێنێتەوە، ئەو کارە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی فوراتدا دەبێت؛ چونکە واشنتۆن لە ئاوەها دۆخێکدا ڕەنگە گوشاری ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەزموون بکات.
بەگشتی بەپێی شرۆڤەی کوردەکان، هەسەدە لە دوای دیداری کەرەملین و دزەی ڕووسیادا، ناچارە لە هەڵبژاردن لە نێوان دوو بژێرەدا: پشتبەستن بە ڕووشیا بۆ کۆنتڕۆڵی تورکیا، یان پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ پێشگری لە گەڕانەوەی یەکجاریی دیمەشق بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
Your Comment