AP ١٤٠٤ ڕەزبەر ٢٢ ٢٠:٠٠

هەسەدە خەریکە نوقمی گەمەی تورکیا دەبێت

هەسەدە خەریکە نوقمی گەمەی تورکیا دەبێت

ئەنیستیتۆی ئاشتی کورد لە واشنتۆن لە ڕاپۆرتێکی شرۆڤەییدا نووسی: هەسەدە کەوتۆتە گەمەی دژوازی سیاسەتی تورکیا هەمبەر بە پڕۆسەی ئاشتی؛ لە لایەکەوە باس لە برایەتی و یەکڕیزی دەکرێ و لە لایەکی ترەوە، ئاشتی کراوەتە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵی کورد.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: تورکیا لە کاتێکدا باس لە "پڕۆسەی ئاشتی" لەگەڵ کورد دەکا کە لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتیدا دووبەرەکییەک ئاشکرایە؛ لە لایەکەوە ئەردۆغان و باخچەلی باس لە برایەتی و یەکڕیزی دەکەن و لە لایەکی ترەوە، دەزگای ئەمنی و بەرپرسانی ئەنقەرە، ئاشتی بە ئامرازێک دەزانن بۆ کۆنتڕۆڵی کورد و درێژەدان بە هێژمۆنیان. لەمناوە بەڵام، ڕێککەوتنی 10ی مارچ لەبارەی ئاوێتەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) لە ئەرتەشی سووریادا، بۆتە نمونەیەک لە "تەسلیم‌بوون لە چوارچێوەی ئاوێتەکاریدا"؛ مۆدێلێک کە بە ڕواڵەت جەخت لە یەکڕیزی دەکات، بەڵام بە کردەوە هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی شوانسی کوردی و بەرهەم‌هێنانەوەی سیستەمی ئەمنیی پێشوو. بەمجۆرە تورکیا لە نێوان دوو گێڕانەوەدا پەلی داکوستاوە: ئاشتی وەک هێژمۆنی و ئامرازی هێز و ئاشتی وەک دەرفەتێکی دیموکراتیک.

ڕەوتی ئاڵۆزی ئاشتی

لە کەشێکی ئاوەهادا، ئاشتی لە تورکیا بۆتە "ئیدارەی نوێی کێشەکان" و ئاشتییەک کە باسی لێوە دەکرێت و ناچێتە قۆناغی پراکتیکەوە؛ ئامانجێکی بەرز لە وێژماندا و هاوکات ئامرازێک بۆ پاراستنی ناکۆکی لە واقعیدا. بەمجۆرە دەوڵەتی تورکیا لە دژوازیدا دەژی و بۆتە ناوەندێک کە هاوکاتی مەیل بۆ ئاسایش، دەستەوەستانە لە دابڕان لە ڕابردووی بایکۆتی ئیتنیکی. بەمجۆرە دوو ڕەوت بە هاوتەریبی لە تورکیادا سەریان هەڵداوە:

1. ڕەوتێک کە ئاشتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و تورکیای بێ تیرۆریزم دەوێت.

2. ڕەوتێک کە ئاشتی بۆ بەفەرمی‌ناسین یان ئاوێتەکاریی دیموکراتیک دەوێ.

ئەم دوو ڕوانگە دژوازە بۆ ئاشتی بۆتە هۆی سەرلێشێوان لە هەر دوو جەمسەری ڕووداوەکە؛ واتە کورد و تورک. هیواکان بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتییەکی پاوەخێ لە ناو دەوڵەتدا بەڕەوڕووی دڕدونگیی پێکهاتەییە و تەنانەت ئەوکاتە ڕێبەرانێکی وەک ئەردۆغان و باخچەلی بە وتاردان باس لە "ستەمی مێژوویی لە کوردەکان" دەکەن، سیستەمی سیاسی هێشتا لە ناوەوە بەردەوامە لەو ستەمە سیاسییە و ئەمەش واتە نایەکپارچەبوونی ئەو سیستەمە و بوونی کەلێنێکی دەروونی کە مەترسیی گەڕانەوە بۆ سەرەتای شەڕ دەبووژێنێتەوە.

ڕێککەوتنی 10ی مارچ نمونەیەکی ئاشکرای ئەو بەربەستەیە؛ دەقێک کە سەرەتا ڕوون و ڕاشکاوانە بوو، بەڵام دیمەشق و ئەنقەرە تەفسیرێکی تریان لە دەرهێنا کە چ نییە جیا لە "تسیلم‌بوون لە چوارچێوەی ئاوێتەبووندا". لەم مۆدێلەدا، ئاوێتەبوون بە مانای توانەوەی شوناسی کوردی لە قەوارەی گەلی زاڵی یەکدەنگە؛ مۆدێلێک کە لە سووریای ئێستاشدا لە ڕوخساری ناسیۆنالیزمی بنیاتخوازی سوننەدا خویا بوە.

دەوڵەتی شاراوەی نوێ؛ لە نێوان ئاشتی و شەڕدا

سەرلێشێواوی لە نێوان دوو باڵی سیاسیی تورکیا هەمبەر بە ئاشتی، ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە، کە: ئایا بەڕاست لە نێوان ئەو باڵانەدا سەبارەت بە شەڕ و ئاشتی ناکۆکی هەیە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێ لە دوو گریمانە ورد ببینەوە:

1. گریمانەی یەکەم؛ دەوڵەت لە قەوارەیەکی یەکە، بەڵام بە دوو ڕوخسارەوە دەجوڵێتەوە؛ یارییەکی دووفاقە لە پەیڤ و کردار، بەبێ جیاوازی‌دانان لە نێوان ئەردۆغان، باخچەلی، فیدان، کالین و گوێلەر. دووفاقەیەک کە بە قسە باس لە ئاشتی دەکەن و بە کردەوە، بەدوای سەپاندنی تەسلیم‌بوونن. لێرەدا ئاشتی بەرامبەرە لەگەڵ تەسلیم‌بوون و دەمامکێکە بۆ وەدی‌هێنانی ئامانجی ئەمنی و سیاسی.

2. گریمانەی دووەم؛ لەناوخۆی دەسەڵاتی تورکیادا، ململانێی ڕاستەقینەی نێوان دوو "دەوڵەتی شاراوە" هەیە کە بریتین لە:

ـ دەوڵەتی یاسایی کە بەدوای پاراستنی یەکڕیزیی تورکیا لە ڕێگەی ئاشتییەوەیە.

ـ دەوڵەتی شاراوەی نوێ کە بەدوای تێپەڕین لە یاسا و پشتبەستن بە تۆڕە مافیاکان و ملیشیاکان (وەک پاشماوەی گلادیۆ و گرووپە جیهادییەکان و گورگە خوڵەمێشییەکان) بۆ ئەمنی‌کردنەوەیە. ئەم دەوڵەتە شەڕ بە ئامرزازێک بۆ ئیدارەی شەڕ و پەرەدان بە دوژمنایەتی دەزانێت؛ بەجۆرێک کە خودی دەوڵەت بۆتە بارمتەی هەمان ململانێی ناوخۆیی.

تاقیکاریی کۆتایی؛ گۆڕەپانی سووریا

مەبەستی راستەقینەی تورکیا بە زوویی لە گۆڕەپانی سووریا و لە میانەی هەنگاوە یاسایی بەرهەستەکاندا ئاشکرا دەبێت و تەنیا مەیدانە تە دەتوانێ سنووری نێوان پەیڤ و کردار نیشان بدات. ئەگەر ئەنقەرە بەڕاست بەدوای "برایەتی کوردی-تورکی"ـیەوەیە، دەتوانێ لە ڕۆحی "هاوپەیمانی نیشتمانی" بەهرە وەربگرێت؛ هاوپەیمانییەک کە مافی کوردی لە چوارچێوەی لامەرکەزییەت بە فەرمی دەناسێت و دۆستایەتی مێژووئیی نێوان ئەو دوو نەتەوەیە تۆکمە دەکات.

بەڵام ئەوی لە واقیعدا دەیبینین زەینێکی ئەمنییە کە بەدوای بەرهەم‌هێنانەوەی ئامرازە کۆنەکانی وەک گورگی خۆڵەمێشی سووری و بزووتنەوە ئیسلامخوازەکانی دیمەشقە.

News ID 57208

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha