AP ١٤٠٤ پووشپەڕ ٨ ١١:٤١

ڕاستیەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم کوردی سووریا

ڕاستیەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم کوردی سووریا

توێژینگەی ناوەندی عەرەب لە واشنتۆن لە شرۆڤەیەکدا ڕوانییە دۆخی کوردەکانی سووریا پاش ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی نوێی دیمەشق، وەرچەرخانی واشنتۆن بۆ لای دیمەشق و تلاڤیڤ و ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و هەوڵی تورکیا بۆ قۆزتنەوەی هەلەکە بە قازانجی خۆی.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: کوردانی سووریا بەرەوڕووی واقیعێکی نوێن کە هەڕەشەیە بۆ سەر بوون و ئەزموونی خۆسەرییان. بە چەشنێک کە ئەگەرچی ئەو هێزانە لە مارچی 2025دا ڕێککەوتنێکیان بۆ بە فەرمی‌ ناسرانی هەندێک لە مافەکانیان لەگەڵ دیمەشق واژۆ کرد و لە ئیستاشدا خەریکی دانوستان لەگەڵ ئەنقەرە بۆ پێشگری لە هێرشی دووبارەی تورکیان، بەڵام پاش بڕیاری یەکلایی ئەمریکا بۆ کشانەوەی لە خاکی سووریا، نیگەرانییەکانی ئەمانیش جیدی‌تر بۆتەوە.

هاوکات ئەگەرچی واشنتۆن بەردەوام دڵخۆشی بە کوردەکان دەداتەوە وەک هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکا ناویان لێ دەبات، بەڵام لە ڕاستیدا یەکەمایەتیی ئەمریکا لە ئێستادا هەوڵ بۆ نزیکبوونەوە و دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی نوێی سووریا و یەکخستنەوەی دیمەشق و تلاڤیڤە.

نیگەرنی لە ڕژیمی نوێی سووریا و هاوپەیمانانی

زاڵبوونی تەحریرولشام یەکەم ڕاچڵەکانی کوردەکانی سووریا نەبوو، بەڵام کاتێ بە هاوپەیمانیی تورکیا، بەشار ئەسەدیان ڕووخاند، بوونە هەڕەشەیەکی جیدی. بە تایبەت کاتێک تورکیا یەپەگە بە لقێکی پەکەکە دەزانێت و بە گرووپێکی تیرۆریستی ناوی لێ دەبات و دژی هاوکاریی ئەمریکا لەگەڵ ئەو گرووپە بووە.

گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕێککەوتنە بێ‌وێنەکان

لە کۆتاییەکانی فێڤرییەی 2025، ئەردۆغان توانی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانی‌کراوی پەکەکە هان بدات بۆ بڕیاری ڕاگەیاندنی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێکخراوەیە. هاوکات لە 10ی مارچی 2025دا ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سووریاش لە دانیشتنێک لەگەڵ مەزلووم کۆبانیی فەرماندەی هەسەدە، ڕێککەوتنێکی 7 بڕگەیی لەگەڵ واژۆ کرد کە گرینگترین بڕگەیان ئاوێتەبوونی هێزەکانی هەسەدە لە هێزی دەوڵەتی نوێ بوون.

بۆ کۆبانی ڕێککەوتنی قبووڵ کرد؟

هەندێک لایان وایە کە کۆبانی بە هیوای وەرگرتنی گەرنتیگەلێک لە لایەن تورکیاوە بۆ وەستاندنی هێرشەکانی لە دژی کوردەکان ملی بەو ڕێککەوتنە داوە و هەندێکیش پێیان وایە گەڕانەوەی ترامپ و بڕیاری کەم‌کردنەوە یان کشاندنەوەی یەکجاریی هێزەکانی لە سووریا هۆکارێکی تری هاندانی کۆبانی بۆ دانوستانو ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق بووە و تاقمێکی تریش پێیان وایە کە ناکۆکیی ناوخۆیی هێزەکانی هەسەدە و لەوان عەشیرەکانی دیرەزور و لاوازبوونی پاڵپشتییەکانی ڕووسیا لە کوردەکان، سێهەمین هۆکاری بڕیاری ڕێککەوتنی کورد و دیمەشق بووبێت و کۆبانی بەو ئەنجامە گەیاندبێت کە ئەو ڕێککەوتنە بە "باشترین بژێرەی مومکین بۆ پاراستنی بەشێک لە مافی کوردەکان" بزانێت.

ئاڵۆزیی ڕۆڵی تورکیا و بێدەنگیی ئەردۆغان

ئەردۆغان لە چەند مانگی ڕابردووەوە ڕاوێژی دژە یەپەگەیی خۆی گۆڕیوە و هەندێک لە شرۆڤەکاران ەلو باوەڕەن کە ئەو هەوڵ دەدا بە سڕێنەوەی پەکەکە و ڕازی‌کردنی پارتە کوردە ناوخۆییەکانی تورکیا، هاوکاتی گۆڕینی دەستووری تورکیا، ماوەی سەرۆک کۆماریی خۆی درێژتر بکاتەوە. هاوکات دەشزانی پەلاماری زیاتر بۆ سەر سووریا، دەبێتە هۆی کاردانەوەی نەرێنیی کۆنگریسیی ئەمریکا و خەساندنی هیواکانی ئەنقەرە بۆ مسۆگەرکردنی ئێف 35ی ئەمریکی.

پەیامە دووفاقەکان لە لایەن ئەمریکاوە

ئەمریکا لە لایەکەوە لە ڕێگەی تام باراک، باڵوێز و ناردەی تایبەتیی ترامپ بۆ سووریا، هەوڵی ڕێکخستن و دانوستان لە نێوان سووریا، تورکیا و کورد دەدات و کۆبانیش هەر لە لایەن باراکەوە برایە دیمەشق بۆ دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەڕع. بەڵام هاوکات ئەمریکا بە کشانەوەی پەیتا پەیتایی لە بنکە سەربازییەکانی سووریا و کەم‌کردنەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە تا ئاستی یەک بنکە، ترسێکی نوێ دەخاتە دڵی کوردەکانی ئەو وڵاتە.

بەرژەوەندیی سەرتر لە کوردەکان

ئەوی لەمناوە کوردەکانی سووریای زیاتر نیگەران کردووە، ڕێککەوتنی ترامپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە سەفەری بۆ عەرەبستان و داواکاری لە دەوڵەتی دیمەشق بۆ لە ئەستۆگرتنی 9000 زیندانی داعشی لە هێزەکانی هەسەدەیە. دیارە ئەم داواکارییە نیشاندەری وەرچەرخانێکی بەرچاوی ستراتژیکیی ئەمریکا بەرەو هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی سووریا و دوورکەوتنەوەی لە کوردەکانە. ئەگەرچی شرۆڤەگەران لەو باوەڕەن کە ئامانجی کۆتایی واشنتۆن لەو وەرچەرخانە، هاندانی سووریا بۆ تەڤڵبوون بە ڕەوتی ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلە؛ تەنانەت ئەگەر بە تێچووی قوربانی‌کردنی کوردەکانیش بووبێت.

News ID 55787

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha