AP ١٤٠٤ جۆزەردان ٢٥ ٠٥:٣٢

غەدیر هەوێنی لێک‌گەیشتن و برایەتیی موسڵمان

غەدیر هەوێنی لێک‌گەیشتن و برایەتیی موسڵمان

بەڕیوەبەری حەوزەی علیمییەی کوردستان وتی: "غەدیر" بەرزترە لە ڕووداوێکی مێژوویی و خاڵێکێ تایبەتە لە یەکگرتوویی و نزیکبوونەوەی دڵی موسڵمانان لە بەرامبەر پیلانی ئاژاوەگێڕان و دووڕازانی دوژمنی ئیسلام.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام نادر ڕەنجبەر بەڕیوەبەری حەوزەی عیلمییەی کوردستان، بە ئاماژە بە شوێنی تایبەتی "غەدیری خوم" لە جەرگەی ئایینی ئیسلامدا و وتی: لە هەلومەرجی ئێستادا کە دوژمنانی ئیسلام بە هەموو جۆرە فێڵ و فەرەجێکەوە بە دوای ئاژاوە و کەلێن‌خستنە ناو موسڵمانان، تێگەیشتنی دروست و لێکدانەوەی ڕەهەندە یەکگرتووسازەکانی غەدیر، زیاتر لە هەمیشە زەروورییە و ئەم ڕووداوە مێژووییە دەتوانێ هۆکارێکی بەهێز بێت بۆ نزیکبوونەوەی دڵەکان و برایەتیی ئیسلامی.

ناوبراو غەدیری بە پرسێکی هاوبەشی موسڵمانانی شیعە و سوننە زانی و جەختی کرد: لە نێوان ڕووداوە مێژووییەکانی سەرەتای ئیسلام، کەمتر ڕووداوێک هێندەی "غەدیری خوم" توانیویەتی پێگەیەکی تایبەتیی لە پرسە کەلامی و مێژووییەکانی موسڵماناندا بێت و ئەم ڕووداوە نەک بۆ شیعە، بەڵکوو بۆ سوننەش زۆر گرینگە و برایانی سوننەش دان بە گەورەیی ئەو ڕۆژەدا دەنێن و لەودا هاوڕان کە لەو ڕۆژەدا ئەمیرەلمۆئمێنین(دخ) دەست لە ناو دەستی پێغەمبەر(س‌خ) بە "وەلی" ناوی لێ براوە. ئەگەرچی بە بڕوای ئەوان مەبەستی پێغەمبەر(س‌خ) لەو چەمکە دەستنیشان‌کردنی پێگەی حەزرەتی عەلی(دخ) و ناساندنی وەک برای خۆی لەم دونیا و لەو دنیایە.

وتیشی: ئەم خاڵە گرینگە نیشان دەدا کە بنەمای ڕووداو و بەرزبوونی جێ پەسندی هەر دوو مەزەبەکەیە و ناکۆکی تەنیا لە ڕاڤە و لێکدانەوەی خود چەمکی "وەلی" دایە کە نابێ ببێتە هۆکاری دووبەرەکی و دووزاربوون.

غەدیر هۆکاری نزیکبوونەوەی دڵی موسڵمانان

حوجەتولئیسلام ڕەنجبەر هەروەها سەبارەت بە گرینگیی مێژوویی ڕووداوی "غەدیر"، ڕوونی کردەوە: غەدیری خوم ڕۆژێکە کە زۆربەی موسڵمانان بە هۆی پێگەیەکی تایبەتی کە پێغەمبەر(س‌خ) بە ئەمیرەلمۆمێنین حەزرەتی عەلی(دخ) بەخشی، پیرۆزباییان پێ وت و لەو ڕووەوە جەژنی غەدیر بوو بە هۆکاری لێکنزیکبوونەوەی کۆمەڵگای موسڵمانان و هەوێنی یەکگرتوویی کۆمەڵگای ئیسلامی.

بەڕیوەبەری حەوزەی عیلمییەی کوردستان جەختی لە زەروورەتی هاوڕیزیی زانایانی شیعر و سوننە لە لێکدانەوەی پێگەی غەدیر و حەزرەتی عەلی(دخ) کرد و وتیشی: لەم ڕۆژەدا زانایانی شیعە و سوننە دەستی برایەتی و ئەخوەت بۆ یەکتر درێژ دەکەنەوە. هەر بۆیە دەبێ ئەو پێگەیە لێک بدرێتەوە و ئەو هاوکاری و لێکدانەوەیە هاوبەش بێت و بەمکارە لێک‌نەگەیشتنەکان بسڕێنەوە و پەیوەندی برایان تۆکمەتر بکەن.

زەروورەتی ڕۆشنگەری لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان

حوجەتولئیسلام نادر ڕەنجبەر لە درێژەدا بە بەرز نرخاندنی دۆخی پارێزگای کوردستان لە بواری برایەتی و ئەخوەتدا لەسای پەیامی غەدیر و خۆشەویستیی ئەهلی بەیت، جەختی لە زەروورەتی سازدانی زەمینەگەلێک بۆ تەکوزی و یەکگرتوویی زیاتر لای زانایان کرد.

ڕاشیگەیاند: دوژمن بەردەوام بەدوای ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکی لە کۆمەڵگای ئیسلامە و هەوڵ دەدا بە بابەتی دەرەکی، کۆمەڵگای شیعە و سوننە لە دژی یەک ڕاپەڕێنێت. بۆیە ئەم هوشیارییە لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان، زۆر گرینگە.

بەڕیوەبەری حەوزەی عیلمییەی کوردستان لە کۆتاییدا بە پشتبەستن بە ئایەی پیرۆزی "انما المومنون اخوه"(بەڕاستی کە هەموو موسڵمانان برای یەکترن) تەرکیزی خستە سەر ئەو بابەتی برایەتی موسڵمانان و وتی: موسڵمانان برای یەکترن و دەبێ لە ژێر سێبەری پەیامی غەدیردا، دەستی هاوڕیی و دۆستایەتی بۆ یەک درێژ بکەنەوە و ببنە هەوێنی یەکگرتوویی لە کۆمەڵگادا.

News ID 55365

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha