ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: بە گوێرەی میدل ئیست فۆڕم یەکێک لە پارامێترە گرنگەکانی سەرکەوتنی گرووپی تەحریرولشام لە سووریا و ڕووخاندنی دەوڵەتی بەشار ئەسەد، لە پەنای هۆکارە ناوخۆییەکان و تەرکیزی ڕووسیا بە سەر شەڕی ئۆکراین، پاڵپشتیی ئەنقەرە و تیرۆریستانی پالپشتکراوی تورکیا بوون، بە چەشنێک کە تورکیا بەرچاوترین دەوڵەتێکە کە پاش ڕووخانی ئەسەد بۆ پەرەدان بە پێگەی خۆی لە سووریا و پڕکردنەوەی شوێنی زلهێزانی تر لەو وڵاتەدا کەڵکوەردەگرێ و هەوڵ دەدا دەوڵەتی ئەحمەد شەرع تەواو بهێنێتە ژێر ڕکێفی خۆی، چما لەوبارەوە سەرکەوتنی زۆریشی بووە و هەر ەئوەش بۆتە هۆی نیگەرانیی ئیسرائیل.
بەڵام زێدەڕۆییەکانی تورکیا لە سووریا تەنیا تایبەت بە لایەنی ئەمنیی نییە و لە پشت پەردەدا، ئامانجگەلێکی گەورەی ئابووری و ژێئۆپۆلیتیکی لە چوارچێوەی نوێعوسمانیزم خۆی شاردۆتەوە و هەوڵی ئەو دەدرێ کە لە درێژخایەندا تورکیا بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بێت و سەروەریی ئیسلام بگرێتە دەست. میدل ئیست فۆڕم ئەو ئامانجانە دابەش دەکاتە سەر سێ تەوەر بە گوێرەی خوارەوە:
1. کوردتۆقین (Kurdphobia)
تورکیا بە ترسێکی هەمیشەیی لە کوردەکان و ڕۆڵی ئەوان، دژی هەر جۆرە بەدەسەڵات گەیشتنیان لە سووریایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کوردەکان بە حەشیمەتێکی لەسەدا 15 تا 20ی دووەمین ئیتنیکی پڕ جەماوەری سووریان و هیزە کوردەکانی دیموکراتیکی سووریا لە دەیەی ڕابردوودا تا ئێستا گەورەترین هاوپەیمانی ستراتژیکی ئەمریکا لە ناوچەدا بووە و ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە تێکشکاندنی داعش.
کەچی ئیستا تورکیا و ڕژیمی جۆلانی، هەوەڵی ئەوە دەدەن خۆیان بکەنە جێگرەوەی هەسەدە؛ لە کاتێکدا کە تەحریرولشام لەباری ئایدیۆلۆژییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ داعش نییە و هاوپەیمانە نوێیەکەشی (تیرۆریستانی پاڵپشتکراوی تورکیا) دەستی بالایان بووە لە جەنایەتی جەنگی لە کوردستانی سووریا و کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان.
هەر بۆیە چێکردنی بنکەی سەربازی بۆ "ڕاهێنانی ئەرتەشی سووریا" لە ناوەندی سووریا و لەوان حومس، پالمیرا و هاوێری دیمەشق، پلانێکە بۆ کۆنتڕۆڵی بوارەکانی گرێدانەوەی شیمانەیی هەرێمی کوردستان، کوردستانی سووریا و ئیسرائیل و هەروەها جیاکردنەوەی کوردەکان لە درۆزییەکان لە باشوور و عەلەوییەکان لە ناوچە کەنارئاوییەکانی سووریایە.
2. ڕکابەریی کۆمەڵەی گازی ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە (EMGF)
بەرپرسانی تورکیا حەند حەوتەی پاش ڕووخانی بەشار، ڕایانگەیاند کە دەیانەوێ سنوورە دەریاییەکانیان لەگەڵ سووریادا دیار بکەن و ڕێککەوتنگەلێک لەگەڵ دەوڵەتی کاتی دیمەشق بۆ دۆزینەوەی گاز واژۆ بکەن.
هەنگاوێکی هاوشیوەی سناریۆی لیبیا کە تێیدا تورکیا لەگەڵ دەوڵەتی ترابلیسی سەر بە ئیخوانەکان ئەنجامی دا و ئامانجی تورکیا، پێکهێنانی بلووکی ناوچەیی پێکهاتوو لە خۆی، سووریا، لیبیا و کۆماری تورکی قوبرسی باکوورییە بۆ ڕکابەریی ئەندامانی EMGF، واتە میسر، ئیسرائیل، یۆنان، قوبرس، ئۆردۆن، فەڕەنسا و ئیتالیایە.
3. کارشکێنی لە کۆریدۆری ئابووریی هیند/ڕۆژهەڵاتی ناوین/ئەورووپا (IMEC)
تورکیا پاش واژۆی پڕۆژەی IMEC لە دانیشتنەکانی 2023ی گرووپی 20، لە دژی ڕاوەستا و ئیدعای کرد کە هیچ کۆریدۆرێک بەبی تێپەڕین بە تورکیادا ناتوانێ سەرکەوێت. لە کاردانەوەدا، ئەنقەرە بوارێکی جێگرەوەی بە ناوی "جادەی گەشە"( Development Route)ی پێشنیار کرد کە لە عێراق تێدەپەڕێ و کەنداوی فارس گرێ دەداتەوە بە ئەورووپا. لەو سۆنگەوە تورکیا لە سووریا نەک وەک دراوسێیەک، بەڵکوو وەک ڕێڕەوگەیەکی ژێئۆپۆلیتیکی دەڕوانێت.
Your Comment