ئاژانسی هەواڵی مێهر، گۆڤاری مێهر، ڕۆیا ساداتهاشمی: بیری لێبکەونەوە بێ ئەوەی لە گۆڕەپانی شەڕدا بێ، لە ماڵ و شار و گوندی خۆت دانیشتووی و وەک هەموو ڕۆژەکانی ترت هەوای سازگار هەڵدەمژی. دەڵێن مرۆڤ بۆ لە کاتی تۆقاندا بۆ هێوربوونەوە هەناسەی قووڵ هەڵدەمژێ، کەچی کاتێ دەتەوێ هەناسەی قووڵ هەڵمژی، تازە دەزانی کە ئەو هەوایەی کە ژیانبەخش بوو، ئێستا مەرگی پێوەیە...
ئەمە حەکایەتی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە ڕۆژێک لەم وڵاتەدا و بە هۆی بوردومانی کیمیایی سەدام کەوتنە هەناسەبڕکێ. هەموو ئەوانەی کە زۆربەی ژن و منداڵی بێتاوان و سڤیل بوون.
ئەمڕۆ 6ی گوڵان، ساڵڕۆژی دەرکرانی بەیاننامەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دژی بوردومانی کیمیایی سەدام لە دژی ئێرانە. کارەساتێکی گەورەی مرۆیی کە تەنانەت یاسا و ڕیساکانی شەڕیشی بەزاندبوو. هەر بۆیە بەم بۆنەوە، ئاوڕێک دەدەینەوە لە نمونەکان و ڕۆڵی داشداران و یارمەتیدەرانی سەدام لە خەملاندنی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە.
یەکەمجار کێ چەکی کیمیایی بەکار هێنا؟
بە گوێرەی مێژوو یەکەمجار لە شەڕی پلۆپۆنزی یۆنان لە 400 ساڵ بەر لە زایین لە ماددەگەلێکی وەک قیر، نەوت، ئاگر و ئارسنیک کەڵک وەرگیراوە. بەڵام کەڵکوەرگرتن لە بومبای کیمیایی بۆ یەکەمجار لە شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانیدا بووە، بە چەشنێک کە هێزی نازی ئەڵمان لە شەڕی دووەمی جیهانی 124 هەزار تۆن ماددەی کیمیاییان بۆ کوشتنی یەک ملیۆن ئەورووپی بەکار هێناوە و دوای ئەوان ئەمریکاییەکان لە شەڕی ڤیەتنامدا بە شێوەیەکی بەربڵاو چەکی کیمیاییان(نزیکەی 75 ملیۆن لیتر ماددەی نارنجی) لەکار کردووە کە بۆتە هۆی لەناوچوونی خەڵکێکی زۆری ڤیەتنامی لە دارستانە چڕوپڕەکانی ئەو وڵاتە، پاش ئەم ڕووداوانە بوو کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەک و بومبایانەی قەدەغە کرد.
کەچی نەوەشەوە سەدام بەبێ بەهادان بە جاڕنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شەڕی لەگەڵ ئێراندا، بومبای کیمیایی بەکار هێنا و بەمجۆرە عێراق خاوەن باڵاترین ڕێکوردی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە پاش شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانییە. سەدام یەکەمین پەلاماریی کیمیایی لە دژی ئێرانی لە بەراوری 23ی بەفرانباری 1359ی هەتاوی لە دژی هێزەکانی ئێرانی لە ڕۆژئاوای ئیلام تۆمار کرد.
سەردەشت سێهەمین شاری قوربانی کیمیایی جیهان
ئەوی چەکی کیمیایی لە چەکەکانی تر مەرگهێنەرتر دەکات، ئاسەواری درێژخایەنیەتی، بە جۆرێک کە جگە لە کۆمەڵکوژیی سەرەتایی، بەرکەوتووانی تا چەند بەرە تێوەدەگلێنێت و تووشی گرفتی فیزیکی و ژێنێتیکییان دەکات. لە ڕاپۆرتێک کە چەند ساڵ لەوە پێش لە لایەن ڕۆژنامەنووسانی ئێرانییەوە ئامادە کراوە، هاتووە کە نزیکەی لەسەدا 10ی گیانبازانی بەرەڤانی پیرۆز، گیانبازانی کیمیایین. واتە لە ناوخۆی ئێران نزیکەی 70 هەزار گیانبازی کیمیایی لێیە کە زیات لە 10 هەزار کەسیان لە ساڵانی ڕابردوودا شەهید بوونە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەدام لە شەڕ دژی ئێران زیاتر لە 350 جار هێرشی کیمیایی کردووە و سەیرتر ئەوەی کە، دیکتاتۆری پێشووی عێراق هەر بە گۆڕەپانەکانی شەڕ نەوەستاوە و پەلاماری شار و ناوەندە نیشتەجێیەکانی وەک سەردەشتیشی داوە. شارێکی 12 هەزار کەسی کە پاش هێرشی کیمیایی لە 7ی پووشپەڕی 1366ی هەتاوی، 2 هەزار بریندار و بەرکەوتووی لێ کەوتەوە. دواتر ئامارە فەرمییەکان ڕایانگەیاند کە نزیکەی 8 هەزار دانیشتووی ئەو شارە بەر کیمیایی کەوتوون و ژمارێکی زۆریشیان لێ شەهید بووە. بەوجۆرە سەردەشت پاش هیرۆشیما و ناکازاکی بووە سێهەمین شاری قوربانی کیمیایی لە ئاستی جیهان. کەچی سەدام زۆر بێبەزەییانە ئەو چەکەی لە دژی خەڵکی کوردی هاووڵاتی خۆیشی بەکار هێنا و حەڵەبچەی کیمیاباران کرد.
میوەگەلێک کە بۆنی مەرگیان دەدا
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە ڕژیمی سەدام لە هەشت ساڵ بەرەڤانی پیرۆزدا، زیاتر لە 1800 تۆن گازی خەردەل، 140 تۆن گازی دەماری تابوون و 600 تۆن گازی دەماری سارینی بە سەر خەڵک و سەربازانی ئێرانیدا ڕشتووە. دوژمن لەو هێرشانەدا ماددەی هەڵبلۆقێن، دەمار، خنکێنەر، خوێن و ... بەکار هێناوە. خاڵی جێی سەرنج لەبارەی زۆربەی ئەو بومبایانە ئەوەیە کە بۆنێکی سەیری وەک بۆنی سێو و میوەگەلی تریان هەیە؛ هۆکارێکی سەیروسەمەرە کە دەبێتە هەڵمژینی زیاتری لە لایەن بەرکەوتووان. بۆ وێنە گازی خەردەل بۆنێکی هێوری هەیە کە شیوەی توور یان سێو دەدا. ئەم گازە بە کاریگەری لە سەر پێست و ئەندامەکانی هەناسە، بلۆقی زۆر گەورە لە سر لەشدا بەجێ دێڵێت و دەتوانێ بە گرفتی سیەیی و پێستی ببێتە هۆی کوێری و شێرپەنجە و دواجار مەرگی دڵتەزێنی بەرکەوتووان. یان گازی تابوون کە بە کوشەندەترین گازی جیهان ناسراوە، توانای ئەوەی کە بە تێکدانی سیستەمی دەماریی لەش، لە ماوەی دوو کاتژمێردا مرۆڤ بکوژێت.
بازرگانی بە شەڕ و مەرگ
زۆر کەس پێیان وایە کە ئێران تەنیا لەگەڵ ڕژیمی بەعس شەڕی دەکرد، کەچی زۆر وڵاتی تر هەبوون کە لە پشتەوە یارمەتی سەدامیان دەدا و پڕچەکیان دەکرد بۆ شەڕی دژی ئێران. ئەویش وڵاتانێک کە خۆیان بە ئەندامانی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانی. وڵاتانێکی زۆری ئەورووپی هومار و کارخانەگەلی چەکسازییان ڕادەستی سەدام کردبوو. لەمناوە ئەڵمانییەکان پلەی یەکەم و زۆرترین پشکیان هەبوو لە فرۆشی چەکی کیمیایی بە بەعسییەکان و پاشان، ئەمریکا، فەڕەنسا، هولەند، بەریتانیا و سۆڤیەت لە پلەکانی دواتری پڕچەککردنی سەدام بە چەکی کۆمەڵکوژ دادەنیشن؛ وڵاتانێک کە بە ڕواڵەت بانگەشەی ئاشتی و ئاسایش دەکەن و بە کردەوە نانیان لە خوێنی ئەو جەنایەتانە دەردێنن.
Your Comment