AP ١٤٠٣ بەفرانبار ٢٣ ٠٨:٤٨

نەیشنەڵ ئینترێست؛

هەموو شتێ سەبارەت بە کوردانی سووریا و پیلانە گڵاوەکانی ئەردۆغان

هەموو شتێ سەبارەت بە کوردانی سووریا و پیلانە گڵاوەکانی ئەردۆغان

تورکیا هەمدیسان، لە بری بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی سەرهەڵدانی داعش، ڕقی خۆی لە دژی کوردەکانی سووریا لە سەرووی هەموو یەکەمایەتییەکی داناوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە گۆڤاری نەیشنەڵ ئینترێستی ئەمریکا، گەمارۆی کۆبانی لە سێپتامبێری 2014 تا ژانڤیەی 2015 و بەرگریی قارەمانانەی هێزەکانی کوردی باکووری سووریا، خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی شەڕ لە دژی داعش.

ئێستاش لەگەڵ ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریا، کۆبانی بۆ جارێکی تر ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە پێشگری لە سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش.

ئەوکات پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانمان و ناردرنی چەک و جیهازات و یارمەتی پزیشکی لە لایەن ئەمریکا و هاوکات پاڵپشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردی هەرێمی کوردستان، ڕێخۆشکەر بوون لە تێکشکانی داعش لە کۆبانی و هەروەها ڕێخۆشکەر بوون بۆ ڕاهێنان و مەشقی سەربازی و پڕ چەک‌کردنی کوردەکانی سووریا لە لایەن ئەمریکا و پێکهێنانی هێزێک لە ژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی کوردەکان و تێکشکاندنی داعش لە ڕەقە لە 2017.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر ئەو کات بێرنارد هێنری لێڤی بیرمەندی فەڕەنسی وێڕای ناساندنی کۆبانی وەک "هێما و کلیلی بەرخۆدان" کە کەوتنی "کارەساتێکی لێ دەکەوێتەوە"، بۆ پاڵپشتی لە داعش لە دژی کوردەکان، ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرت و وتی: "ئەو تەواو زەینی سەرقاڵە بە ترس و داڵغەی پێکهاتنی دەوڵەتێکی کوردی لە نزیکی سنوورەکانی".

کەچی ئێستا بۆ جارێکی تر بەرەوڕووی هەمان هەلومەرجین. کوردەکان لە تورکیا بۆ گەیشتن بە ئۆتۆنۆمی و بەفەرمی ناسرانی مافی فەرهەنگیان لە لایەن ئەردۆغانەوە بایکۆت دەکرێن. ڕەوتی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە کە لە 2013دا بە مەبەستی زێدەخوازیی سەرۆک‌کۆمارانەی ئەردۆغان خرایە ڕوو و دواجار لە ڕێککەوتنی دۆڵماباخچە لە فێڤرییەی 2015 لە نێوان پارتی دیموکراتیکی گەلان و ئەنقەرەدا واژۆ کرا، بە دەستگیرکرانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵوەشاوە و لە ژووئییەی هەمان ساڵدا تورکیا هێرشەکانی لە دژی پەکەکە دەست‌پێکردەوە و لە 2021 قەدەغەی چالاکی خرایە سەر هەدەپە و ئەو حزبە ناچار بوو ناوی خۆی بۆ پارتی گەلی یەکسان و دیموکراسی یان دەم‌پارتی بگۆڕێت و ساڵی ڕابردووش دەمیرتاش بە تاوانی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکانی 2014 بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستەوەستانی تورکیا هەمبەر بە گەماڕۆی کۆبانی لە لایەن داعشەوە، حوکمی 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمدیسان ئەردۆغان لە وتاری ساڵی نوێدا باس لە زەروورەتی برایەتی گەلانی تورکیا و لەوان تورک و کورد دەکا و دیارە ئەمەش دەروەستی بە بڕیارەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی ڕادیکاڵ و نەتەوەپەرەستی مەهەپەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەم‌پارتی و ڕازی‌کردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی‌کراوی پەکەکە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی کوردەکانەوە هەیە.

هەر چەند ئەم بڕیارە لەگەڵ داپەڕەکانی ئەنقەرە و دەرکردنی شارەوانە هەڵبژاردراوە کوردەکان و بایکۆتی فەرهەنگی کوردانی تورکیا ناخوێنێتەوە.

لە سووریاشدا بابەتی ئۆتۆنۆمی کوردەکان و هاوپەیمانی ئەمریکا و هەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئاستەنگێکە بۆ تورکیا.

بەتایبەت کاتێک کە دەبینین چۆن هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیداری ئەحمەد شەرعی سەرۆک ڕژیمی ئێستای سووریا، جەختی لە سڕێنەوەی هێزە کوردەکان دەکا و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە وەک باڵی سەربازیی هەسەدەیە.

بە چەشنێک کە چاودێرانی سیاسی و بۆ نمونە جان ساوێرز سەرۆکی پێشووی ئێم‌ئای 6 و باڵویزی ڕابردووی بەریتانیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لای وایە، ئەردۆغان لە دەلاقەی بەچەواشەبراوەی پرسی کوردەکانەوە دەڕوانێتە سووریا.

یان فرانچێسکۆ سیکاردی لای وایە سیاسەتی تورکیا لە سووریا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، چونکە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە سووریا، کاریگەریی زۆری داناوە لە سەر پێگەی ئەردۆغان و بۆ وێنە لەسەدا 90ی خەڵکی تورکیا داکۆکییان لە ئۆپەراسیۆنی "چڵی زەیتوون"ی دەوڵەتی تورکیا بۆ پەلامار و داگیرکردنی عەفرین کردووە.

بەوەشەوە لە هاوڕێتیی تورکیا لەگەڵ تیرۆریستانی ناسراوە بە سوپای ئازاد، لیستێکی بەربڵاو لە جەنایەتەکان تۆمار کراون. بە رادەیەک کە هاوکاتی هاوڕایی ترامپ لەگەڵ ئەردۆغان لە ئاکتەوبری 2019 بۆ ڕاپەڕاندنی ئۆپەراسیۆنی "کانیاوی ئاشتی"، مایک واڵتێزی ڕاوێژکاری ئەمنی نیشتمانیی، ئەو بڕیارەی ترامپی بە "هەڵەیەکی ستراتژیک" زانی و ویلیام ڤی. ڕۆباکی دیپلۆماتی باڵای ئەمریکیش، لە یادداشتێکدا ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە دژی کوردەکانی بە "نمایشێکی کارەساتبار" و "هەوڵێک بۆ پاکتاوی ئیتنیکی" لە قەڵەم دا و بە ئاماژە بە کۆچدانی زۆرەملیی خەڵکی کوردی عەفرین و شوێن‌گۆڕکێیان لەگەڵ عەرەبی سووری، دەڵێ "ئەردۆغان بە ئاڵوگۆڕکردنی پەنابەرانی سووری خەریکی گۆڕینی دیموگرافیای کوردیی ناوچەکەیە".

لە لایەکی ترەوە ئەرتەشی ئازادی پاڵپشتکراوی تورکیا، پاش ڕووخانی بەشار، کوردەکانیان لە تەلە‌ڕەفعەت وەدەر نا و بەرەو مەنبەج پێشڕەوی دەکەن. ئەمەش مەترسییە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و کرانی مەنبەج بە خاڵی دەسپێکی هێرشەکان بۆ سەر کۆبانی. چونکە ئەردۆغان لەوباوەڕەیە کە تورکیا ئامادەی دەستێوەردان بۆ پێشگری لە "دابەشبوون"ی سووریایە و هاکان فیدان پێی وایە کاتی لەناوبردنی هێزە کوردەکانی سووریا گەیشتووە.

بەوەشەوە ڕاپۆرتگەلێک لە چێکردنی بنکەیەکی گەورەی سەربازی ئەمریکا لە کۆبانی بڵاو بۆتەوە کە پێنتاگۆن نکۆڵی لێ دەکات و تەنیا دانی بەوەدا ناوە کە 2000 هێزی ئەمریکایی لە سووریادان و ئەمەش دوو هێندەی ئەو ڕێژەیە کە پێشتر ڕاگەیێندراوبوو.

جگە لەوە لە دەوروبەری ترامپدا کەسانێکی وەک مارکۆ ڕۆبیو (بەربژێری پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا) و مایک واڵتێرز (ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی) هەن کە هاوکاتی ڕەخنە لە سیاسەتی دەرەوەیی و پێشێل‌کاریی مافی مرۆڤی تورکیا، دەستیان بووە لە پەسندکرانی گەڵاڵەی یاسایی سەپاندنی گەمارۆکان لە دژی ئەنقەرە بۆ هێرش‌کردنە سەر کوردە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریادا.

News ID 53533

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha