AP ١٤٠١ خەرمانان ١٨ ١١:١٦

بێ ئاگاداریی بەغدا؛

ئەمریکا ڕێککەوتننامەیەکی سەربازیی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ دەکات

ئەمریکا ڕێککەوتننامەیەکی سەربازیی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ دەکات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەپاساوی بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، ڕێککەوتننامەیەکی سەربازیی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ دەکات.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، رۆژنامەی "ناشیۆناڵ"ی بەریتانی لەراپۆرتێکدا کە پشتی بە لێدوانی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەستووە، باسی لەوەکردووە کە لەمنزیکانە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا یاداشتنامەیەکی لەیەکتێگەیشتن واژۆ دەکەن کە بەپێی ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەرێگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشەوە راهێنانی سەربازیی زیاتر بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکاریی پێشکەش بەو هێزانە دەکات.

لای خۆیەوە، فەرماندەی پڕۆسەی ئیرادەی پۆڵایینی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش وتویەتی: هەوڵە هاوبەشە بەردەوامەکانمان و هاوکارییەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە بۆ شکستپێهێنانی بەردەوامی داعش و بەرهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە.

رۆژنامە بەریتانییەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێشتا پارێزگاریی لەبوونی سەربازیی خۆی لەعێراق دەکات و لەگەڵ ئەوەی بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق هەیە بۆئەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان ئەو وڵاتە جێبهێڵن، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی بوونی سەربازیی خۆی لەعێراق بپارێزێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لەم هەفتەیەدا لە گەشتێکی هەرێمایەتییدا سەردانی عێراقی کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئەوان پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامانجی چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هەردوو گەل.

رۆژنامە بەریتانییەکە ناوەرۆکی ڕێککەوتنە سەربازییەکەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکای ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە کە پێدەچێت حکومەتی ناوەندیی لەبەغدا ئاگاداری ناوەڕۆکەکەی نەبێت.

News ID 43446

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha