بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕێکخراوی ئاشتی کوردی لە واشنتۆن لە وتارێکدا بە قەڵەمی مێگان بۆدێت لە ڕاپۆرتێکدا ڕوانییە وەلاوەنانی شارەوانە کوردەکانی سەر بە دەمپارتی بەپێی بڕیاری بەرپرسانی تورکیا لە ٤ی نوامبێر لە ماردین، باتمان و حەلفەتی و دانانی کەسانی جێمتمانەی خۆیان لە بری ئەوان و نووسی: تا ئێستا ٤ کورسی شارەوانی بە پاڵپشتیی ٣٦٢٦٨٤ دەنگی جەماوەری لە دەمپارتی ئەستاندراوەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ٣٧ کورسییە شارەوانییەی تریش لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان بستێندرێتەوە.
ستاندنەوەی بەربڵاوی مافی ملیۆنان دەنگدەری (زۆرتر کورد) لە ئاستی خۆجێی، یەکێکە لە سیاسەتە ئاشکراکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بووە و پاش ئەوەی دەوڵەتەکەی لە ٢٠١٥دا کۆتایی هێنا بە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە، بۆتە ڕەوتێکی باو.
لە لایەکی ترەوە لەگەڵ دەسپێکردنەوەی دوورنوێنی دانوستانەکانی ئاشتی لە ڕۆژەڤی دەوڵەتی تورکیا، سیاسەتوانانی لایەنگری کوردەکان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن کە شلگێرانەتر داکۆکی لە دیموکراسی خۆجێی بکەن، دەنا مەترسیی زۆری بەدواوە دەبێت.
پێشگری لە ئاشتی
لە ڕۆژی ١٠ی ئاکتەوبر، ڕاپۆرتگەلێک لەبارەی وتوێژی پاگەندەیی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەر و سەروکی زیندانیکراوی پەکەکە بڵاو بۆوە. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرەستی مەهەپەش هاوکات خوازیاری بەشداریی ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆریزم و هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی ڕێکخراوەکەی بوو.
ئۆجەلان لە ٢٣ی ئاکتەوبر مۆڵەتی دیداری لەگەڵ خزمانی نزیکی پێدرا و ئەمە یەکەمین پێوەندیی لەگەڵ دنیای دەرەوە پاش ٤ ساڵ بوو. عومەر ئۆجەلان برازای سەرۆکی پێشووی پەکەکە و نوێنەری دەمپارتی یەکەمین پەیامی ئەو دیدارەی بڵاوکردەوە. بەڵام دیدار و پێوەندییەکانی ئۆجەلان چ لەگەڵ خاووخێزان و چ لەگەڵ پارێزەرانی، لەوە بەدوا درێژەی نەبوو.
دۆزی لانیزۆریی باخچەلی بۆ ئۆجەلان و بزووتنەوەکەی، زۆر چەتوون و نامومکینە. زۆربەی چاودێران لەوباوەرەن کە چەکداماڵینی پەکەکە قۆناغی کۆتایی هەر هەنگاوێکی ئاشتیگەرانەی جیدییە و پێویستە بەر لەو هەنگاوە، دەوڵەتی تورکیا دەستی دابێتە ڕیفۆرم بۆ ئەوەی بڕیاردەرانی پەکەکە و کۆمەڵگای کوردی پاڵپشتی شەڕی چەکدارانە، دڵنیا ببن کە ڕێگەی ئاشتیخوازانە بۆ چالاکی سیاسی کراوەیە.
لەمناوە شارەوانییەکان بەشێکن لەو فەزا کەم و چکۆلەیەی کە تێیدا کوردەکان دەتوانن جۆرێک خۆبەڕیوەبەرییەکی سنووردار ئەزموون بکەن. پارتگەلی لایەنگری کوردەکان لە سەرەتای دەیەی ٢٠٠٠، لە دامودەزگای شارەوانیی وەک شوێنێک بۆ تاقیکاریی هەندێک سیاسەتی وەک دیموکراسی هاوبەشی، بە فەرمی ناسینی زمان و فەرهەنگە ناتورکییەکان و داهێنکاریی حەقیقەت و دادپەوەری (کە بە گوێرەی ئەوان بەشێکە لە ڕێگەچارەی پرسی کورد لە ئاستی نیشتمانیدا) کەڵک وەردەگرن.
بێ گومان هێرش بۆ سەر شارەوانییەکان نە تەنیا نابێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی کوردەکان بۆ پێشنیاری لاوازی پڕۆسەی ئاشتیی دەوڵەت، بەڵکوو بەپێچەوانە، داتاکانی ڕێکخراوی ئاشتی کورد نیشان دەدا کە لەو بازگە شارییانەی کە شارەوانە کوردە هەڵبژاردراوەکەیان وەلا نراوە، شایەدی توندوتیژییەکی زیاتر هەمبەر بەو ناوچەیانەین کە تێیدا دەەوڵەتی ئەردۆغان ڕێزی لە هەڵبژاردنەکان گرتووە و ڕاپرسینەوەی ئەمدواییەی سپێکترۆم هاوس نیشان دەدا کە لەسەدا ٧٩ی دەنگدەرانی کورد لەوباوەڕەن کە ئاڵوگۆڕکردن بە شارەوانەکان و دانانی شارەوان لە بری شارەوانی هەڵبژاردەی خەڵکی، پرسی کورد ئاڵۆزتر دەکات.
چونکە بە گوێرەی جەیلان ئاکچە، نوێنەری دەمپارتی لە ئامەد، شارەوانی و ئەنجومەنەکانی شارەوانی وەک دیموکراسییەکەی چکۆلەی ناوچەیی ڕێخۆشکەرن بۆ ئامادەبوونی یەکسان و دادپەروەرانەی ژنان و کەمینەکان، و هەروەها لە ڕێگەی چەسپاندنی یەکسانییەوە، ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاشان ئاشتی ناوچەیی دەستەبەر دەکەن.
هەر بۆیە جەیلان ئاکچە لای وایە، هێرش بۆ سەر شارەوانییەکان، نیشان دەدا کە دەزگای دەسەڵات هیچ هەوڵێکی بۆ دەسپێکی ڕەوتی ئاشتی نییە، بەڵکوو ئەوان بەدوای تەسلیمبوونی یەکجاری و بەبێ مەرجی کوردەکانن.
جگە لە ژنان
توندوتیژی و هەڵاوان دژی ژنانی کورد تەوەری هەڵوێستی سەربازیی تورکیا هەمبەر بە پرسی کوردە و بە جۆرێک گرێیخواردووە بە دانانی شارەوانەکان. توێژینەوەکانی ئەم دواییە نیشانی دا کە پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٩ و ئاڵوگۆڕکردنی شارەوانەکان و دانانی کەسانی جێمتمانەی دەوڵەت، ١٣٢ ژن پۆستی سیاسی خۆیان لەدەست دا. جێمتمانەکانی دەوڵەت پەناگاکانی ژنان، پلانی پاراستنی منداڵان بۆ دایکانی کارمەند، و هەرەوەزییەکانی ژنانیان داخست و کۆتاییان بە سیاسەتەکانی تری لایەنگری یەکسانی هێنا.
گوڵستان سۆنۆک شارەوانی دەرکراوەی دەمپارتی لە باتمان، لەگەڵ ئیسلامییەکی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئەردۆغان و سەر بە حزبوڵڵای تورکیا و کەسێک کە تۆمەتی کوشتن و بزرکردنی چالاکانی نەتەوەخوازی کوردی لە دەیەکانی ١٩٩٠ و ٢٠٠٠ لە ئەستۆیە، ڕکابەری دەکرد و دواجار بە مسۆگەرکردنی لەسەدا ٦٥ی دەنگەکان سەرکەوت. کەچی بەوەشەوە هەمان ڕکابەری ملیشیای دۆڕاوە کرایە شارەوانی باتمان.
خۆی لەوبارەیەوە دەڵێ: دەوڵەت بەو هۆیەی نەیتوانی لە ناوچەی ئێمەدا سەقامگیر بێت بە کەڵکوەرگرتن لەو باندانە لە دژی ئێمە دەجووڵایەوە. بەلام خەڵکی باتمان هێشتا جەنایەتەکانی [حزبوڵڵای تورکیا]یان فەرامۆش نەکردووە.
سۆنۆک بە ئاماژە بە پاڵپشتیی بەرچاوی ژنان لەو و حزبەکەی و ناهومێدبوونیان لەوی دەوڵەت دەیکا، وتیشی: دەوڵەت ناتوانێ قبووڵی بکات لە پارێزگایەکی کۆنسێرڤاتی وەک باتمان، ژنێکی گەنجی وەک من بتوانێ زۆرترین دەنگەکان لە تورکیا بەدەست بێنێ و بەربژێری دەوڵەت ببەزێنێت.
سۆنۆک لای وایە دانانی شارەوانی دەستنیشانکراوەی دەوڵەت لە بری شارەوانە هەڵبژاردراوەکان، بۆ جارێکی تری ئەوی ژنانی کورد دروستیان کردووە، وێرانی دەکەن. ئەمان سەرەتا دەستێوەردان لە دامودەزگاگەلی ژنان دەکەن و پاشان هەمان دامودەزگاکان دەبنە یەکەم دامودەزگای داخراوە.
ئەمکارەی دەوڵەت دژی شارەوانە کوردەکان، هاوکات هەڕەشەیە بۆ سەر ڕێککەوتنی ئاشتی لە داهاتوودا، چونکە بەشداریی ژنان و ڕێکخراوە پەیوەستەکان بە ژنان دەبێتە هۆی تۆکمەتربوونی ڕێککەوتنەکانی ئاشتی و دەوڵەتی ئەردۆغان بە لەناوبردنی هێزی بزووتنەوەی ژنانی کورد، ئەکتەرانی سەرەکی و کلیلی لە سەر شانۆی سیاسی دەسڕێتەوە.
تێکدانی هاوژینی
دانای جێمتمانەکان لە بری شارەوانانی هەڵبژاردە، هەڕەشەشە بۆ سەر ئازادی مەزەبی و ئەگەری پەرەسەندنی ئازاری کەمینە ناموسڵمانەکانی لە تورکیا و سەرهەڵدانی ڕادیکاڵیزمی بنیاتگەرانەی بە دواوە دەبێت.
لە بەرامبەردا مۆدێلی دەسەڵاتی خۆجێی بزووتنەوەی سیاسیی لایەنگرانی کورد، بەها بە هاوژینیی نێوان هەموو گرووپە ئیتنیکی و مەزەبییەکان دەدەن و شارەوانە کوردەکان بۆ بووژانەوەی زمانی کەمینەکان و هەستاندنەوەی مەسیحییەکان، ئێزدییەکان، عەلەوییەکان و کۆمەڵگا مەزەبییەکانی تری ژێر ئازار و ئەشکەنجە هەوڵ دەدەن، وەک ئەوی لە ٢٠٠٤ لە ناوچەی سووری ئامەد کرا و عەبدوڵڵای دەمیرتاشی شارەوانی ئەو ناوچەیە کلێسە و پەرستگەی عەلەوییان و ئێزدییەکانی نۆژەن کردووە و خزمەتی شاری و بڵاوگەکان بە زمانی کوردی، ئەرمەنی و ئارامیی بڕەو پێدا و لە دژی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان وەستا.
لەو ڕووەوە بزووتنەوەی سیاسیی لایەنگری کوردەکان شارەوانی سوور بە نمانەی کاری خۆیان دەزانن. بەڵام ئەم مۆدێلە بۆ ئەردۆغان تۆقێنەرە و هەر بۆیە دەمیرتاشی لە پۆستی خۆی کشاندەوە و چەندین جاریش بە تاوانی ڕەخنەگرتن لە سیستەمی دانانی جێمتمانەکان لە بری شارەوانانی هەڵبژاردە، قۆڵبەست و زیندانی کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە جێمتمانەکانی دەوڵەت پێداگرن لەوەی کە "ئێمە ئازادی مەزەبی، چەندزمانەیی، زۆرینەگەری و یەکسانی نێوان خەڵکمان ناوێ"، بەڵکوو دەمانەوێ "یەک زمان، یەک شوناس و یەک ئایین بە سەر هەموواندا بسەپێت".
دیارە ئەم ڕوانگەیە دوورنوێنی چارەسەریی ئاشتیخوازانەی پرسی کوردیش دەخاتە مەترسییەوە. بایکۆتی کەمینە مەزەبییەکان، دوو دەسکەوتی بۆ ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی بووە؛ لە لایەکەوە یارمەتی ئەردۆغانی داوە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی و گرتنەبەری سیاسەتگەلی دەستدرێژی بۆ سەر عێراق و سووریا و لە لایەکی ترەوە زەوتی ئازادی لە کەمینە ژێرچەپۆکەکان، ڕێخۆشکەرە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای جەماوەری لە تورکیا وەک ئامانجێکی بنەڕەتی.
ئایا پێشخستنی چارەسەری مومکینە؟
ئێدا دۆزگۆن نوێنەری دەمپارتی لە ئەورووپا، بە ئاماژە بەوەی کە ئەردۆغان بە سڕینەوەی دیموکراسی خۆجێی، ناتوانێ ئامانجەکانی خۆی دەستەبەر بکات، وتی: دەوڵەتی تورکیا نکۆڵی لە مافی کوردەکان بۆ بەهرەمەندی لە نوێنەرانی هەڵبژاردەی خۆیان دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێ پرسی کورد یان تەنانەت شوناسی کوردی پشتگوێ بخات. بەڵام ئەم نکۆڵییانە سەرەتا شەڕ و پێکدادانی لێ دەکەوێتەوە.
وتیشی: دەوڵەت خۆی بڕوای بە سیاسەتی دیموکراتیک نییە، بەڵام پێداگریشە لە سەری وەک ئەوی لە ماردین دەکرێت، خەڵک دەنگ دەدەن، هەڵبژاردەی خەڵکی لادەبرێت و جێمتمانەیەک لە بری ئەو دادەنرێت، و خەڵکی ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و لێیان دەدرێت و بۆ پەیجۆری دیموکراسی دەخرێنە زیندان.
دۆزگۆن جەختی لەوەش کرد کە دەمپارتی بەوەشەوە بەردەوامە لە خەباتی خۆی بۆ گۆڕینی تورکیا بۆ شوێنێکی ئاشتیخوازانەتر و یەکسانتر. شارەوانییەکان بەردوامن لە خزمەتگەیاندن بە دەنگدەرانیان. سەدان هەزار کەس بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دانانی شارەوانانی جێمتمانە، ڕژاونەتە سەر شەقام و داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن کە ڕەوتی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان دەست پێ بکاتەوە و ڕەنگە هەر ئەم بابەتە بە ئەردۆغان و هاوپەیمانانی بسەلمێنێت کە کردنە ئامانجی شارەوانییە کوردەکان، نە تەنیا یاریگەرانی کورد لە قبووڵكردنی پرۆسەی ئاشتی دەکشێنێتەوە، بەڵکوو هانیشیان نادات بۆ هەنگاونان لەو ئاراستەیەدا.
Your Comment