AP ١٤٠١ گوڵان ٩ ٠٧:١٧

پڕۆفسۆر سەید ئەحمەد بەرزەنجی:

موسڵمانان دەتوانن وانە لە شۆرشی ئیسلامی وەربگرن و قودس ئازاد بکەن

موسڵمانان دەتوانن وانە لە شۆرشی ئیسلامی وەربگرن و قودس ئازاد بکەن

پڕۆفسۆر سەید ئەحمەد بەرزەنجی ، مامۆستای زانکۆ لە هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکات کە ئازاد کردنی قودس و فەلەستینی داگیر کراو بە یەکگرتوویی موسڵمانان مومکین دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: ڕۆژی قودس کە بە شێوەی فەرمی ڕۆژی جیهانی قودس ناودێر دەکرێت، ڕووداوێکی ساڵانەیە کە لە دوایین هەینی مانگی ڕەمەزان بەڕێوە دەچێت کە بە مەبەستی دەربڕینی پاڵپشتی لە فەلەستینییەکان و دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و زایۆنیسم لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دیاری کراوە. بە گشتی، ئەو ڕووداوە لە دژایەتی لەگەڵ جێژنی ڕۆژی ئورشەلیم لە ئیسرائیل لە مانگی مەی 1968 ە، ئەو ڕۆژە بە بۆنەی نوێ کردنەوەی پەیامی ئورشەلیم و کۆنترۆڵی تەواوی ئیسرائیل بەسەر شاری کۆنی ئورشەلیم دوای شەڕی شەش ڕۆژە لە جوونی 1967ە و بە پێی یاسای کنست واتا پەرلەمانی ئیسرائیل لە ساڵی 1998 پشوو ڕاگەیێندراوە.

لە ڕۆژی قودس کە دەستپێشخەریی ئیمام خومەینی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوو و ئەوان ئەم رۆژەیان جیهانی کردەوە، بە ڕاگەیاندنی نارەزایەتی بە داگیر کردنی بەیتولموقەدەس لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی و موسڵمان ڕێپێوان دژی زایۆنییەکان بەڕێوە دەچێت.

هەر بە بۆنەی ڕۆژی قودسەوە ئاژانسی هەواڵی مێهر، گفتوگۆیەکی لەگەڵ پرۆفسۆر سەید ئەحمەد بەرزەنجی، سەرۆکی ناوەندی بیری شارستانیەتی هەرێمی کوردستان و مامۆستای زانکۆ ئەنجام داوە کە دەقی گفتوگۆکە لە خوارەوە دێت.

هەوڵی هەندێک وڵاتی ئیسلامی و عەرەبی بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل چ کاریگەرییەک لە سەر دۆخی فەلەستین دادەنێت؟

هەموومان دەزانین کە مانەوەی سیستەمی زایۆنی لە سەر قودس و داگیر کردنی قودس بە درێژایی چەندین ساڵ، بێ هێزی و ناتوانایی و یەکنەگرتوویی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەروەها وابەستەییان بە ڕۆژاوا و بە سیستەمە غەیرە دەینییەوە نیشان دەدات. ئێستاش لەم ساڵانە کە دەبینین هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پەیوەندییەکانی خۆیان ئاسایی دەکەنەوە لەگەڵ ئیسرائیل؛ دیارە ئەوم پەیوەندییانە هەر بە شێوەی نهێنی و ژێر بەژێر هەبوو، بەڵام ئیتر بە تێکڕایی وڵاتانی ڕۆژاوایی و عەرەبی و ئیسلامی ئەو پەیوەندییانەیان ئاشکرا کردووە.ئاسایی کردنەوەی ئەو پەیوەندییانەلەگەڵ ئیسرائیلدا، نابێتە هۆی هیچ ئاشتییەک، جگە لەوەی کە هاندەرێکی دیکە دەبێت بۆ ئەوەی ئەم ڕژێمە بەردوام بێت لە داگیرکاری و ستەمکاری.

بۆچی وڵاتانی ئیسلامی ناتوانن دژی ئیسرائیل و جوولەکەی زایۆنیست ڕاپەڕن؟

لەبەر ئەوەی کە وڵاتانی عەرەبی زۆربەیان سەر بە وڵاتانی ڕۆژاوایین و پەیوەندی نهێنیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە و بەرژەوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە و ئیتر گوێیان لە ئەوە نەداوە کە ئەمە بەرنامەی دین نییە و شەریعەتی ئیسلامی ڕێگایان پێنادات، تەنانەت وڵاتی سعوودییە و وڵاتانی کەنداوی فارس و تەنانەت تورکیای ئاکەپەش پەیوەندی مێژوویی بازرگانی و ئابووریان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. گەورەترین وڵاتی ناوچەکە کە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی ئابووری و بازرگانی هەیە، تورکیایە کە ئێستا دەم لە ئەوەوە ئەدات کە وڵاتێکی ئیسلامییە.ئەمانە لە بەر بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و بازرگانی خۆیان وابەستەی ئیسرائیلن و ئەرکی دینی خۆیان بۆ دژایەتی داگیرکەر و ستەمکار پشت گوێ خستووە.

گرینگایەتی ڕۆژی جیهانی قودس لە زیندوو هێشتنەوەی پرسی فەلەستین چییە؟

دوایین هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کە لەلایەن ئیمام خومەینییەوە لە ئاپی ساڵی 1979 دا وەکوو ڕۆژی قودس ناودێر کراوە، لە سەر هەموو موسڵمانان بە ژن و پیاوەوە، ئەرکە کە لە ئەم ڕۆژەدا بڕژنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر داگیرکاری قودسی پیرۆز دەرببڕن و بانگەوازی لابردنی داگیر کاری قودس بکەن. قودسێک کە نیشتمانی حەزرەتی عیسا و حەزرەتی مریەم وەکوو سەروەری هەموو ژنانی دنیا، ئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە.

هەموو وڵاتانی عەرەبی پێش لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەکی چڕوپڕیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبوو و بە شێوەی نهێنی بۆیان واژۆ کردبوو کە ئەو وڵاتە داگیر بکات.

ڕۆژی قودس گرینگایەتییەکی زۆری هەیە، هەم بۆ ئەوەی کە موسڵمانان بێدار ببنەوە و یەک بگرن و زڵم و ستەم ڕەت بکەنەوە و سوود و دەرس لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەربگرن کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە تاکە کەسێک (ئیمام خومەینی) و بێ هیچ چەکێک، توانی بە سەر دەسەڵاتێک کە پێنجەم وڵاتی جیهان لە باری سەربازییەوە بوو و هەروەها هەم لەلایەن ڕۆژهەڵاتەوە و بەتایبەتی لەلایەن ڕۆژاواوە پاڵپشتی دەکرا، زاڵ بێت. هەر بەم شێوەیەش وڵاتانی ئیسلامی ئەگەر بیانەوێت و بەرژەوەندییەکان ڕێگایان پێبدات دەتوانن یەک بگرن و هەر وەک چلۆن ئێران لە دەستی ئەو دەسەڵاتە بەکرێ گیراوە ڕزگاری بوو، ئەوانیش دەتوانن قودس لە ژێر دەستی ئەو جوولەکە و زایۆنیستانە ڕزگار بکەن.

News ID 41740

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha