ئەمڕۆ، سێ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنی ئەو 12 هاوڵاتییەدا تێدەپەڕێت كە لەكاتی ڕۆشتنیاندا بۆ كردنی گژوگیای بەهارە لەلایەن سوپای توركیاوە تەقەیان لێكرا و دەستگیركران، بەڵام تائێستا چارەنوسیان نادیارە و هیچ زانیارییەكیش لەبارەیانەوە بڵاونەكراوەتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو ١٢ هاوڵاتییەکەی برادۆست وتی: فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەتی توركیا لەسەر هێڵن و بەدواداچوون بۆ دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتیانە دەكەن.
ئێوارەی ١٥ ی ئەم مانگە، ژمارەیەك هاوڵاتی بە مەبەستی كردنی گژوگیای بەهارە سەردانی ناوچە شاخاوییەكانی ناوچەی برادۆستیان كرد، بەڵام لەلایەن سوپای توركیاوە كە لەو ناوچەیە بارەگایان هەیە تەقەیان لێكرا و ئەسپەكانیان كوشتن و 12 كەسیشیان دەستگیركردن و بەشیچكیشیان هەڵهاتن.
Your Comment