هەرێمی کوردستان و سەنگی پارتە کوردییەکان لە هاوکێشەکانی عێراق

سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە پێنج مانگ لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە بەڵام لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە حکومەتی نوێ پێک بهێنن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی ئابووری، سیاسی و ئەمنیەتی لەم وڵاتە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر،بەشی نێودەوڵەتی: پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لە عێراق بووەتە گرێ کوێرە بۆ ئەو وڵاتە و کێشەیەکی تری بە کێشەکانی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد کردووە.

پارت و لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە کورد و شیعە و سوننەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتنێک کە ئەنجامەکەی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ عێراق بێت.

لە ئەگەری درێژ بوونەوەی ئەو دۆخە، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و دوابەدوای ئەوە قووڵتر بوونەوەی قەیرانی ئەمنی لە عێراق هەیە.

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەم دواییەی عێراقدا ڕەوتی سەدر زیاترین کورسی لە شارە عەرەبنشینەکان بە دەست هێناوە و لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش پارتی زیاترین کورسی و دوای ئەویش یەکێتی پلەی دووهەمی بەدەست هێنا.

هاوپەیمانییەک لە نێوان فراکسیۆنی سەدر و ئیئتیلافی سیادە (سوننە) و پارتی دیمۆکراتی کوردستان پێکهات بۆ دروست کردنی دەوڵەتی داهاتووی عێراق بە ناوی "انقاذ الوطن" واتا ڕزگار کردنی نیشتیمان کە جەخت دەکاتە سەر دەوڵەتی زۆرینەی نیشتیمانی و پێداگرە لە سەر ئەوەی کە ئەو لایەنانەی کە لە هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگیان وەدەست نەهێناوە نابێت بەشداری حکوومەت بن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لایەنە شیعەکان کە لە ژێر ناوی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی هاوپەیمانیان پێکهێناوە جەخت لە سەر دەوڵەتی بەشداریی نەتەوەیی واتا موشارەکەتی دەکەن و هیچ لایەنێک ئامادە نییە لە داخوازییەکانی کەم کاتەوە و ئێستا پرسی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ عێراق بووەتە قەیرانێکی گەورە و پاشۆاتی ئەمنی و ئابووری و سیاسی زۆری بۆ خەڵکی ئەم‌وڵاتە بەدواوە بووە.

لە لایەکی ترەوە کورد جگە لەو قەیرانە کێشەی جیاوازی هەیە . ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە پارتی بە 32 کورسییەوە حزبی یەکەم بووە و هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی و گۆڕان) 15 کورسی بە دەست هێناوە کە هەموویشی هی نوێنەرەکانی یەکێتی بوو. دوای ئەو دوو پارتەش ئەوە نەوەی نوێ بوو کە بە مسۆگەر کردنی 9 کورسی بووە پارتی سێهەمی هەرێم و کۆمەڵی ئیسلامی یەک کورسی مسۆگەر کرد و یەکگرتووی ئیسلامیش هیچ کورسیەکی نەبردەوە.

لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانیدا پارتی و یەکێتی و گۆڕان پۆستی حکومیان هەبوو بەڵام لە ئێستادا گۆڕان بە بێ دەسخستنی هیچ کورسییەک وەلا نراوە و ئەوە هەر دوو پارتی سەرەکی هەرێمن کە خۆیان بە بەشداری لە دەسەڵات ڕاگەیاندووە و دیکەی پارتەکان لەوانە نەوەی نوێ، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ وەکوو ئۆپۆزیسیۆن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەردەکەون.

بە ڵام نوێنەرانی ئەم حزبە کوردییانە دەبێ لە بەغدا و لە پەرلەمانی عێراق یەکگرتوو و یەکدەنگ بن تاکوو کورد پشکی ڕاستەقینەی خۆی لە دەسەڵاتی عێراق وەدەستبێنێت و بتوانێ بە سەنگێکی گرانتر لە هاوکێشەکانی عێراقدا خۆی دەرخات کە تا ئێستا وا نەبووە و کورد پەرتەوازەیە و هەر پارتێک بۆ خۆی لە بەغدا چووەتە بەرەیەکەوە.

دوای ڕووخانی سەددام حسێن کە پۆستە سیاسییەکانی عێراق لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا دابەش کرا. پۆستی سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە درایە لایەنی شیعە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان درایە سوننە و پۆستی سەرۆک کۆماریش درایە کورد و هەر لەو کاتەشدا کوردەکان بە شێوەیەک لەگەڵ یەک ڕێککەوتن کە پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ یەکێتی نیشتمانی بێت و پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بۆ پارتی دیمۆکرات بێت.

ئەو ڕەوتە تا کاتی کۆچی دوایی مام جەلال سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی وەکوو خۆی مایەوە بەڵام دوای ئەوە و بەتایبەتی لە خولی پێشووی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا، پارتی بە بیانووی ئەوەی کە هاوسەنگی هێز و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان گۆڕدراوە و رایگەیاند هەر وەک دەنگەکان نیشانی دەدات پارتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لایەنگر و دەنگ و ژمارەی کورسیەکانمان زیاد دەکات و ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی کەم دەبێتەوە کەوابوو ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیکە کە پێشتر کراوە بۆ ئەم سەردمە وەڵامدەر نییە و ئێمە قبووڵی ناکەین و بە مافی خۆمانی دەزانین کە بەربژێر بناسێنین بۆ ئەو پۆستە و لە ڕاستیدا ئەو پۆستە بۆ کورد دانراوە نەک بەس بۆ یەکێتی.

بەڵام لە بەرانبەردا یەکێتی هەر بە پێی ڕێککەوتنەکەی سەردەمی مام جەلال کە دوای 2003 کرا، دەچێتە پێشەوە و چاوەڕوانە کە پارتیش هەر پابەندی بێت و هەڕەشەی ئەوە دەکات کە لە گەڵ بەغدا ڕێکدەکەوێت ئەگەر هەولێر گوێ بە داخوازییەکانیان نەدات.

لادانی پارتی لە ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیکە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی دووبەرەکێ و ئاژاوە لە ناو ماڵی کورد و ڕەنگدانەوەی لە ئاستی وڵاتی عێراقیشدا. هەر ئەوەش بووەتە هۆی چەقبەستووی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و دوابەدوای ئەوەش قووڵتر بوونەوەی قەیرانی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق.

ئەگەر ئەم دۆخە بەزووترین کات چارەسەر نەبێت و کورد ناوماڵی خۆی ڕێکنەخات و هەموو حزبە کوردستانییەکان خۆیان بە لایەکدا ساغ نەکەوە دوور نییە کە لایەنە عێراقییەکان بە شیعە و سوننەوە بە نێوبژیوانی وڵاتانی دراوسێ و‌کاریگەر لە سەر عێراق ڕێککەون و‌ کورد دووبارە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لەوانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پرسی نەوت و‌گاز و مادەی 140 و بابەتی مووچەی فەرمانبەران و داهاتی سنوورەکانی ڕەنج بە خەسار بێت.

News Code 41513

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 1 =