بافڵ تاڵەبانى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی ئاشکرا کرد

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە پێکھاتبوون لە نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گوێرەی شارپرێس بافڵ تاڵەبانى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکەى بڵاوکردوەتەوە و تێدا ئاماژەى بەوە کردوە کە کۆبوونەوەیەکدا پرسە سیاسی، ئەمنی و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە تاوتوێی دۆخەکە کرا و ھەڵوەستەکرا لەسەر پێشھاتەکان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان لەپێناو پێکھێنانی حکومەتێکی تەوافقی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی ئەمڕۆی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت.

تاڵەبانى رایگەیاندوە: کۆبوونەوە بەوردی ھەڵسەنگاندنی بۆ ھەڵوێستی لایەنەکانی عێراق و ھەرێم کرد، لە کۆبوونەوەکەدا داکۆکی لە دروستکردنی تەوافق لەگەڵ ھێزە نیشتمانییەکانی تر کرایەوە، لەپێناو پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەت بە گوێرەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ، زمانی دیالۆک و دورکەوتنەوە لە دەمارگیری سیاسی و نەتەوەیی بە رێگاچارەی گەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەقەڵەم درا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتیی و چوارچێوەی ھەماھەنگی سوربوونی خۆیان دووپاتکردۆتەوە بۆ چارەسەکردنی سیاسییانە و ئاشتییانەی ھەموو قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات لەم دۆخەی تێدایە، بەشێوەیەک ببێتە ھۆی تەبایی و برایەتی زیاتر لەنێوان ھێزە شیعییەکان، کورد، سونە و ھەموو پێکھاتەکانی تر، ئەمەش لەپێناو ئاوەدانی زیاتر و سەقامگیری سیاسی و ئارامی و ئاسایشی زیاترە.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پەرۆشی یەکێتی بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانیی و پێکھێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و چاکساز کە خزمەتی زیاتری وڵات و خەڵک بکات.

News Code 41065

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha