AP ١٤٠٠ سەرماوەز ٢٢ ٠٩:٣١

کارناسێکی سیاسی کورد باسی دەکات:

پارتی و یەکێتی چۆن مامەڵە لە گەڵ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەکەن

پارتی و یەکێتی چۆن مامەڵە لە گەڵ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەکەن

عوسمان گوڵپی، کارناس و چاودێری پرسە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێیوایە کە دەبێ کورد لە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، زۆر گرنگە کورد بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی عێراقدا بکات.

عوسمان گوڵپی لە گفتوگۆیەکدا لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەبارەت بە دۆخی سیاسی کورد دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و زەروورەتی ڕێککەوتن و یەکدەنگی ماڵی کورد هەندێ بابەتی باس کرد.

ئەو کارناسە وتی: لە ئێستادا و لە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، زۆر گرنگە کورد بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی عێراقدا بکات، چونکە بەشێك لە هێزە بەشدار بوەکان نیگەرانن لە ئەنجامەکان و خۆیان بە قوربانی دەزانن و پێیان وایە هەڵبژاردن بە قازانجی هەندێك هێز ئەنجام دراوە. بۆیە ئەوەی بۆ کورد گرنگە مامەڵەیەکی تەندروستە لە گەڵ هێزە عێراقیەکان، بەوەی کە نەبێتە تەرەف لە ململانێ و ناکۆکیەکانیاندا و وەك یەك پاکێج مامەڵە لەگەڵ لایەنە شێعیەکان بکات بەتایبەتی، ئەمە بۆ سونەش ڕاستە.

مامەڵە کردن لە گەڵ لایەنی شیعە و سوننە

وتیشی: لە ئێستادا زۆر گرنگە کورد سەرقاڵی خۆ ڕێکخستنەوەی خۆیبێت، بەوەی کە لە عێراقدا بە کۆدەنگی بەشداری لە چارەسەرکردنی هەر پرسێك بکەن کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، چونکە پەرتەوازەیی لە ڕابردوودا زیانی گەورەی داوە لە هێزە کوردیەکان، بۆیە باشترین کار ئەوەیە کە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا لایەنە پێکهێنەرەکانی کابینەی نوێ کەمترین ناکۆکیان لە نێواندا بێت، تا بتوانرێت کابینەیەك بۆ کەمکردنەوەی قەیرانە کەڵەکە بووەکان پێکبهێنرێت کە خەڵکی عێراقی دووچاری گرفتاری و هیلاکی کردووە.

عوسمان گوڵپی سەبارەت بە پرسی سەرۆک کۆماریی عێراق وتی: لە دوای هەموو هەڵبژاردنێك لە عێراقدا، یەکێکە لە پرسە گرنگەکان بۆ هەرێمی کوردستان، بەو پێی ئەم پۆستە باڵایە لە پشکی کوردە و لە نێو هێزە کوردیەکانیشدا پرسی دانانی سەرۆك کۆمار زۆر جار ناکۆکی دروست دەکات، کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەك براوەی یەکەم لە نێو هێزە کوردییەکان پێی وایە ئەو پۆستە دەبێت بۆ کەسی دڵخوازی ئەوان بێت، یەکەتیش بەو پێیەی لە درووستبوونی عێراقی نوێیەوە تا ئێستا ئەو پۆستە لای ئەو بووە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت و تا ئێستا سازشی لەسەر ئەو پۆستە نەکردووە.

پرسی سەرۆك کۆماری عێراق

جەختیشی کرد: پۆستی سەرۆك کۆمار وەك باڵاترین پۆستی عێراق، ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە عێراقی پڕ لە ململانێدا چونكە پاراستنی هاوسەنگی چ لە نێو هێزە عێراقیەکاندا و چ لە نێوان وڵاتانی تردا ئاسان نییە و بە هەموو کەس ناکرێت، بۆیە بەڕای من لە دوای جەلال تاڵەبانیەوە، دکتۆر بەرهەم ساڵح توانیویەتی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە عێراق، ئەو لە کاتێکدا پۆستی سەرۆك کۆماری عێراقی وەرگرت کە عێراق لە لێواری پێکدادانی نێوخۆییدا بوو، هێزەکان دوور لە یەك بوون و ناکۆکی گەورە لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەبوو، ناڕەزایی جەماوەری فراوان شەقامی عێراقی گرتەوە.

ئەو زیاتر وتی: بەرهەم ساڵح توانی ڕۆڵیکی گەورە بگێڕێت لە دوور خستنەوەی مەترسی پێکدادانی نێوخۆیی و خاوکردنەوەی ناکۆکیەکانی هەرێم و بەغداد و دەکرێت بڵێم بەرهەم ساڵح توانی عێراق لە ڕشتنی خوێنێکی زۆر و پەرتەوازەیی زیاتر بپارێزێت.

هەروەها وتیشی: هەر چەند تا ئێستا هێزە کوردیەکان بە فەرمی قسەیان لەسەر هیچ کاندیدێك نەکردوە بۆ سەرۆك کۆماری عێراق، بەڵام بەڕای من مانەوەی دکتۆر بەرهەم ساڵح گرنگە بۆ چوارساڵی داهاتووی عێراق و پێگەی كوردیش، چونكە ئەو دەتوانێت ڕۆڵی گەورەتر بگێڕێت لە پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان تەواوی ئاراستە ناكۆكەكان و سیاسەتی ناوچەكەش، هەر چەند ئەوە پێویستی بە پشتیوانی کردنی هێزە سیاسیەکان هەیە بەتایبەت پشتیوانی مەسعود بارزانی، چونکە پۆستی سەرۆك کۆمار نوێنەرایەتیکردنی هەموو خەڵکی هەرێمە لە بەغداد، لەوێشەوە پێویستە بۆ تەواوی عێراقیەکان کار بکات.

News ID 40309

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha