بە پێی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی ئەمڕۆ وێڕای ئاماژە بەوەی کە خووزستان وەکوو دڵی ئێرانە، وتی: فەرمانم داوە جێگری یەکەمم بڕوات بۆ خووزستان.
ئەو داکۆکی کرد: خۆپیشاندان مافی خەڵکی خووزستانە بەڵام ڕەنگە کەسانێک لە چەک کەڵک وەربگرن بۆیە داوا لە خەڵکی خووزستان دەکەم لە ڕێگای یاساییەوە داوای مافەکانیان بکەن و نەهێڵن دوژمنان کەڵکی خراپ لەم دۆخە وەربگرن.
ڕۆحانی داکۆکی کرد دەوڵەت بە هەموو هێز و توانایەوە خزمەت بە خەڵکی خووزستان دەکات.
ئەو لە ڕیوڕەسمی دەستپێکی گواستنەوەی نەوت لە گورەوە بۆ جاسک، وتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی بۆ خەڵکی ئێرانە و بۆ هەموو دونیا ڕوون دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری هەناردە کردنی نەوتدا کاری گرینگی ئەنجام داوە.
سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند: ئەم کارە گرینگە لە ماوەی دوو ساڵدا بەڕێوە چووە و یەکێک لە شانازییەکانی بواری پیشەیی لە ئێرانە و ئێمە پیرۆزبایی لە خەڵکی ئێران دەکەین.
ناوبراو هەروەها لە تەرخان کردنی 6 ملیار دۆلار دراو بۆ دابین کردنی دەرمان و کەلوپەلی پێویست هەواڵی دا و وتی: بەختەوەرانە بەڵێنەکانمان جێەجێ کرد و ڤاکسینی بیانیمان کڕی و ڤاکسینی ئێرانیش هاتە نێو بازاڕەوە و دەتوانین بڵێین لەم حەوتەیەدا دۆخێکی باش بۆ کوتانی ڤاکسین لە وڵات دەست پێ دەکات.
Your Comment