6ی گوڵان رۆژی سنە/ سنە ئاخێزگەی هونەر و مۆسیقا

شەشی گوڵانی 1016 بە فەرمانی سولەیمان خانی ئەردەڵان شاری سنە نۆژەن کرایەوە و بنەڕەتی شارێکی نوێ دانرا بۆیە ئەو ڕۆژە بە ناوی رۆژی سنە دانرا.

بە پێی هەواڵی مێهر، سەرچاوە مێژووییەکان باسی ئەوە دەکەن کە شاری سنە میژوویەکی دوور و درێژی هەیە بەڵام لە کاتی دەسەڵاتداری سولەیمان خانی ئەردەڵان تەنیا بنەماڵەیەک ناسراو بە پێڵاو زەڕین لە دەوری قەڵایەکی کۆن بە ناوی سنە دەژیان. تا ئەو کاتە ئەردەڵانەکان 500 ساڵ بە سەر بەشێکی گەورەی کوردستان حکوومەتیان کردبوو و بۆ پاراستنی خاکی خۆیان، چوار قەڵای ئەستووریان لە حەسەناوا، پاڵنگان، مەریوان و زەڵم ساز کردبوو.

شا عەباسی سەفەوی پاش زاڵ بوون بە سەر کێشە ناوخۆییەکانی حکوومەتەکەی، سنوورە ڕۆژاواییەکانی تێپەڕاند و نەیتوانی دەسەڵتی هەڵۆخان ببینێت.

پاش مردنی شاعەباس، شەڕ و کوشتار دەستی پێ کرد و کوڕی خان ئەحمەد خانی کوڕی هەڵۆخان کرایە قوربانی و بەم بۆنەوە شەڕ دژی سەفەوییەکان دەستی پێ کرد. ئەوشەڕە شکستی خان ئەحمەدخانی بەدواوە بوو و بەم شیوە ناچار بوو بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی عوسمانییەکان کۆچ بکات.

لەم کاتەدا سولەیمان خانی ئەردەڵان کە لە ئەسفەهان دەژیا، بۆ ڕزگار کردنی سنە گەڕایەوە و بە مەرجی ڕووخاندنی قەلاکانی ئەردەڵان، حکوومەتی گرتە دەست.

ئەو پاش هاتنی بۆ کوردستان لە 6ی گوڵانی ساڵی 1016 فەرمانی نۆژەن کردنەوەی شار و دانانی بنەڕەتی شارێکی نوێ دەرکرد.

هەر بەم بۆنەوە بەرپرسان شار و ئەندامانی ئەنجومەنی شاری سنە هەوڵیان دا ئەم ڕۆژە وەکوو ڕۆژی سنە دیاری بکەن و لە ئاکامدا لە ساڵی 97 ئەم کارە جێبەجێ کرا و 6ی گوڵان وەکوو ڕۆژی سنە ناسێندرا.

جگە لەوەش بە هۆی بووژانەوەی سروشتی پارێزگای کوردستان و شاری سنە و دەوروبەری لە مانگی گوڵاندا، هەوڵ درا ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ئەم مانگە بۆ ئەم بۆنەیە دیاری بکرێت.

مەبەست لە ناوزەد کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی سنە

بە مەبەستی ناساندنی سەرچاوە سروشتییەکان، ئاسەواری مێژوویی و فەرهەنگی، شوێنە گەشتیارییەکان و کەسایەتییە ناودارەکانی سنە، هەوڵ درا لە ڕۆژژمێری کوردستاندا ڕۆژێک بە ناوی رۆژی سنە بناسێندرێت و ببێتە هۆی ناساندنی زیاتری ئەم شارە مێژووییە.

سنە وەکوو ناوەندی پارێزگای کوردستان لە مێژە ئاخێزگەی هونەرمەندان و کەسانێکی ناودارە کە لە هەموو جیهان ناوبانگیان دەرکردووە و ئەمەش وای کردووە سنە بە شارێکی فەرهەنگی بناسرێت.

زۆرێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی ئەدەبی کوردی لەم شارەوە سەریان هەلداوە یان لەم شارەدا سەرقاڵی خوێندن بوون. جگە لەوە سنە مەڵبەندی هەموو جۆرە هونەرێک بووە لەوانە دەکرێ ئاماژە بۆ مۆسیقا، شانۆ، پیشە دەستکردەکان و عێرفان و خانەقا و ... بکرێت.

سنە شاری داهێنەری مۆسیقا

مۆسیقا بەشێکی گرینگی هونەر لەم شارە دەگرێتەوە و زۆر لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە و کەسانی ناودار و بەناوبانگی لە ئاستی جیهانیدا پەروەردە کردووە. ئەم تایبەتمەندییە بووە هۆی ئەوەی ئەم شارە وەکوو شاری داهێنەری مۆسیقا لە یونێسکۆ تۆمار بکرێت و ئەمەش ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی زانایان و لێهاتووانی ئەم بەشەی هونەر لە سنە بووە.

شوێنە گەشتیارییەکانی سنە

شاری سنە هەروەها بە عەمارەت و بینا و گەرماوە مێژووییەکانیەوە ناسراوە. ئەم شوێنانە ئێستا وەکوو شوێنی مەبەستی گەشتیاری کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت و بۆ خەڵکی ئەم شارە سەرمایەیەکی پڕبایەخن.

عەمارەت سالار سەعید، عەمارەت خەسراوا، عەمارەت موشیردیوان، عەمارەت ئەحمەدزادە، عەمارەت وەکێڵ، گەرماوی شیشە، گەرماوی خان، گەرماوی ئەولخالق، گەرماوی ئاسەف، بازاڕی سنە، بازاڕ سەرتەپۆڵە، پردی قشڵاق تەنیا هەندێک لە شوێنە مێژووییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم شارەن.

جگە لەوە شوێنە سروشتییەکان وەکوو کێوی ئاویەر، پارکی ئەمانییە، پارکی ئەمیرییە، کوچکە ڕەش و سوڵتان سیراجەدین و ... بەشێکی گرینگی شوێنە گەشتیارییەکانیان پێک هێناوە.

کاریگەری 6ی گوڵان لە سەر شاری سنە

تۆمار کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی سنە نەک هەر دەبێتە هۆی ناساندنی زیاتری ئەم شارە و سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێ بەڵکوو دەتوانێ گەشەی ئەم شارەشی بەدواوە بێت و لە بوارەکانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ڕێگا و بان گۆڕان بەدی بێنێت و ببێتە بۆنەیەک بۆ شادی و خۆشی خەڵکی ئەم شارە و بەرپرسان هان بدات بۆ ئەوەی زیاتر بۆ گەشەی ئەم شارە هەوڵ بدەن.

News Code 37007

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 15 =