ئەوانەی پاگەندەی مافی مرۆڤ دەکەن کوا هەڵوەرینی هەڵەبجەیان لەبیرە

لە کوێن ئەو وڵاتانەی کاتی خۆی خەردەل و سیانید و فسفۆڕیان بە سەدام دا تاکوو کوردی پێ قڕ بکەن، ئەوانە ئێستا بوونەتە پاگەندەکاری مافی مرۆڤ.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی:  لە ڕۆژی 16ی مارسی 1988، کاتژمێر یانزەو سی و پێنج خولەکی پێش نیوەڕۆ، دەیان فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعسی سەددام، کەوتنە بۆردومانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی و بە چەکی کلاسیکی لە سەرەتادا گازی خەردەلی تێدا بەکارهات و دواتریش بۆ یەکەم جار لە مێژووی دروست کردنی چەکی کیمیاوی گازی دەمارەکان بەکارهات.

بەکارهێنانی ئەو چەکە بووە هۆی ئەوەی لە ڕۆژێکدا 5000 کەس لە خەڵکی هەڵەبجە شەهید ببن و 7000 کەس بریندار ببن.

چەکی کیمیایی چۆن کەوتە دەستی سەدام

ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1984ەوە دەستی کرد بە بەکارهێنانی بەربڵاوی گازی دەمار، گازی سارین و گازی ژەهراوی کردنی خوێن تابۆن و وی ئیکس. ئەم گاز و چەکە کیمیاییانە لە لایەن هەندێ دەوڵەتی ڕۆژاواییەوە درابوو بە سەدام.

34 کۆمپانیای ئەورووپایی و ئەمریکایی لە ڕێگای بازرگانێکی هۆلەندی بە ناوی فڕانس فان ئانرات ئەم چەکە قەدەغە و گازە کیمیاییانەیان بە سەدام و ڕژێمی ڕووخاوی بەعس دەفرۆشت. ئەویش دژی ئێرانییەکان و دژی کورد بەکاری دەهێنا و سەردەشت و پیرانشار و مەریوان و بانە و ئیلام و خوڕەمشار و زۆر ناوچەی دیکەی لە ئێرانی پێ بۆردومان کرد و لە ناوخۆی وڵاتی عێراقیش هەزاران کوردی بەو چەکانە کوشت و بریندار کرد.

ئەو ڕۆژەی هەڵەبجە بۆردومان کرا

ئەو ڕۆژەی هەڵەبجە بۆردومان کرا دەیان فڕۆکەی جەنگی (سیخۆی و میراج) ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی و (١٥) پانزە جار شارەکە بۆردومان کرا. هەرجارەی (٨- ١٠) هەشت تا دە فرۆکە بەشداريی دەکرد و گازەکانی (خەردەل، سیانید، و فسفۆڕ)یان دەڕژاند بەسەر دانیشتواندا.

ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ڕوویدا، لە کاتژمێر (٣) سێی پاش نیوەڕۆی (١٦/٣)دا، خەڵکەکە هەستیان بە بۆنێکی نائاسایی دەکرد، لە بۆنی سێوی شیرین دەچوو، هەندێکیان بە بۆنی عەتر و خەیار و سێو تێدەگەیشتن، ترسێکی بێوێنە باڵی کێشا بەسەر ئەو خەڵکەدا. ئەوەی توانییان بیکەن تەنها ئەوەندە کە کون  دەرگاو دیوارەکان بە خاوليی تەڕ بگرن و دەموو لوتیان بە قوماشی تەڕ داپۆشن، هەندێکیان ئاگریشیان لە ژوورەوەی پەناگەکاندا دەکردەوە.

ئەو هەڵەبجەییانەی کە لەو ژەهربارانە ڕزگاریان بووە دەڵێن بە جاوی خۆیان بینیویانە، خەڵک هەبوو لەبەر دەرگا، لەسەر جادە، لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانی سپاردبوو، زیندووەکان دۆخیان زۆر ناجێگیر و خراپ بوو، دەم و دەست و چاویان لە گۆ کەوتبوو. هەندێکیان بەبێ ویستی خۆیان پێدەکەنین، هەندێکیان پەلە قاژێی دەربازبوونیان دەکرد و کەمێک دەڕۆیشتن و دەکەوتن، چاویان باش بینایی نەدەکرد و وەک ئەوەی دەرزی ئاژنین بکرێن، کە میزیان دەکرد میزی خوێناوییان دەکرد. ئەوەش هەموو کاریگەری کوشندەیی ئەو چەکە کیمیاوییە قەدەغەکراوە بەکارهاتووانە بوون. دەرەوەی شارەکەش هەموو بۆردومان کرابوو بۆ ئەوەی ئەوانەی دەیانەوێت بیر لە خۆ دەربازکردن بکەنەوە لەوێش بە کاریگەری ژەهرەکان گیان لەدەست بدەن. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بەشێک لەوانەی لە شار چوونە دەرەوە لە دەوروبەری شارەکەدا گیان لەدەست بدەن.

ئاماری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان کردووە و سێ هەزار و دوو سەد ناویان لایە. وە بڕواشیان وایە کە چوار هەزار تا حەوت هەزار، لە هەڵەبجە خنکێنرابێت.

 لەپێش جینۆسایدی هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی (١٩٨٧)، کە لەلایەن ڕژێمی عێراقی لەناوچووەوە کرابوو، گەیشتبووە (١١٥٥٤٠) سەدو پانزە هەزار و پێنج سەد و چل کەس. کە لە شارەکەو (٢١٦) دوو سەدو شانزە گونددا نیشتەجێ بووبوون. لە دوای جینۆسایدەکە تەنها (١٨) هەژدە گوند مانەوە و (١٩٨) سەدو نەوەدو هەشت گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر. سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی (١٠٠%) لە سەدا سەد لە ناوبران، چونکە سەرجەم ناوچەکەیان کرد بە قەدەغەکراو.

 ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە (٥٤٦١) پێنج هەزار و چوار سەدو شەست و یەک کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ناو (١٤) چواردە کامپی ئێراندا و بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە (١٢٨٠٠) دوانزە هەزار و هەشت سەد کەس.

بەشێک لەو بریندارانەشی کە ڕوویان لە ئێران کرد بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەشێکیان لەوێ گیانیان لەدەست دا و هەر لەوێش نێژران لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران لە شوێنێکدا بەناوی (موقعیت شهدای حلبجە)، کە ژمارەیان نزیکەی (١٧٠) سەد و حەفتا گۆڕە. هەر لە ئێران و لە ناوچە کوردنشینەکان نزیکەی (٧٣٠) حەوت سەد و سی گۆڕی تری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە هەیە.

بەشێکی ئەو بریندارانەش بەهۆی سەختی برینەکەیان و کوشندەی گازەکانەوە کە تا ئێستا چارەسەریان وەرنەگرتووە بەردەوام لێیان دەمرێت.

ئەوانەشی کە ماون و لە ژیاندان لە دۆخێکی تەندروستی سەختتدان و گازە بەکارهاتووەکان دەیان کاریگەری وەک شێرپەنجەی سیيەکان، کاریگەريی سەر کۆئەندامی هەرس، کاریگەريی سەر پێست و چاو، کاریگەريی لەسەر کۆ ئەندامی هەناسەدان، بڵاو بوونەوەی نەزۆکی لەنێوان پیاوان و ئافرەتەکاندا و کەمبونەوەی بەرگريی نەخۆشی لە کەسانی ئاسایی، بەجێهێشتووە.

بێدەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان

(١٩٨٨) ئەو ساڵە بوو کە قووڵترین جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی جینۆسایدەکانی دنیا لەدژی هەڵەبجە و کوردستان ئەنجامدرا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگیيان هەڵبژارد.

لەبری ئەوەشی ئەو ڕێکخراوە هەڵوەشێتەوە و ڕەخنەی یاسایی و سەرکۆنەبکرێ، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ویژدانە زیندووەکانی دنیاوە، کەچی پێچەوانەکەی ڕویداو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی (١٩٨٨) بەهێزەکانی ئاشتی پارێزی ئەو ڕێکخراوە بەخشرا.

ئەرکی یاسايی و ڕەوشتمەنديی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو وەک دەستگای جێبەجێکاری یاسای نێودەوڵەتی، کە دادگایەکی تاوانکاريی نێودەوڵەتی پێکبهێنایە بەپێی بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگایيکردن و سزادانی ڕژێمەکەی سەددام، بەڵام بەو ئەرکە هەڵنەستا.

لەپاش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی سەددام و پێکهێنانەوەی عێراقی نوێ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای ژمارە (١٠)ی لە (٩/١٠/٢٠٠٥) دەرکرد و بەو یاسایەش دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی دامەزرا بۆ دادگایکردنی سەرانی ڕژێمی سەددام.

کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقدا. یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە (٢١/١٢/٢٠٠٨) ئەنجامدرا. لە (١٧/١/٢٠١٠) دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید) جێبەجێکرا لە (٢٥/١/٢٠١٠).

دواتر هەریەک لە تاوانکاران (سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە (١٥) پانزە ساڵ زیندانیکردن سزادران.

پەڕلەمانی عێراق-یش لە (١٧/٣/٢٠١١)، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (٤٤)، بە بریاری ژمارە (١٢) کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند.

قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی هەڵەبجە

بەڵام تا ئێستا قەرەبووی مەعنەوی و ماددی زیانلێکەوتوانی هەڵەبجە نەکراوەتەوە، کە بەگوێرەی یاسای عێراقی و نێودەوڵەتی ئەرکی حکومەتی ئێستای عێراقە وەک میراتگری حکومەتی بەعس بە ئەرکی قەرەبووکردنەوەکە هەستێت.

دوای 33 ساڵ و پاس ئەوەی دادگەی نێودەوڵەتی لاهە و زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆردومانی هەڵەبجەیان وەکوو جینوساید و کۆمەڵ کوژی کوردەکان وەسف کرد بەڵام هێشتا وڵاتانی پاگەندەکاری مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکایی کە چەک و گازی کیمیاییان بە سەدام فرۆشتووە ئامادە نین ئەو تاوانە و بەشداریی لەو جەنایەتە قبووڵ بکەن بەڵام زمانیان هەر زمانیان درێژە بۆ درۆ و پاگەندە کردن.

News Code 36418

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 8 =